غالب محەمەد نەخۆشخانەی بەجێهێشت؛ پێشتر دەزگا ئەمنییەكان "ئاگادار كراون" كە هەڕەشەی لەسەرە

26-02-2021 08:35

پەرەگراف

پەرلەمانتار غالب محەمەد دوای وەرگرتنی چارەسەر بەهۆی ئەو هێرشەی بە چەقۆ كرایەسەری، نەخۆشخانەی بەجێهێشت‌و باری تەندروستیی جێگیرە، هاوپەيمانیی هیوا كە ئەو پەرلەمانتارە ئەندامە تێیدا دەڵێت: هێرشەكە چاوەڕوانكراو بووەو پێشتر دەزگا ئەمنییەكان ئاگادار كراون كە هەڕەشەی لەسەرە.

ئەمشەو لە شاری سلێمانی ھێرش كرایەسەر غالب محەمەد پەرلەمانتاری گۆڕان لە عێراق، ھێرشەكە لە بەردەم ماڵەكەی خۆیدا بووە، دوابەدوای هێرشەكە سەرچاوەیەكی نزیك لەو پەرلەمانتارە بۆ پەرەگراف وتی "هێرشەكە لەلایەن یەك كەسەوە ئەنجام دراوەو لە كاتێكدا بووە كە غالب محەمەد ویستوویەتی سواری ئۆتۆمبێلەكەی ببێت، دیارە ئەو كەسە چاودێریی كردووە".

سەرچاوەكە وتیشی "چەقۆ لەسەری غالب دراوەو هێرشبەرەكە هەڵاتووە و نازانین كێیە"، پاشان غالب لە نەخۆشخانەی شار چارەسەری بۆ كراو باری تەندروستیی جێگیرە.

دوای وەرگرتنی چارەسەر، غالب محەمەد بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند، لە بەردەم دەرگای ماڵەكەی خۆی پەلامار دراوەو وتی: دۆست‌و دوژمن دەبێت ئەوە بزانێت كە بەردەوام دەبین لە بەرگریی لە خەڵك ئەگەر سەریشم لە پێناویدا داناوە.

ئەو پەرلەمانتارە وتیشی: داواكارم لە لایەنە ئەمنییەكان بە زوترین كات ئەو كەسانە دەستگیر بكەن‌و دادپەروەرانە مامەڵە لەگەڵ دۆسیەكەدا بكەن.

هەروەها هاوپەیمانیی هیوای كوردستانی ڕاگەیەندراوێكی لەبارەی هێرشەكەوە بڵاوكردەوەو هێرشەكە بە پێشهاتێكی "چاوەڕوانكراو لە لایەن دەستێكی ڕەش" ناو دەبات‌و دەڵێت "ئەمەش لەكاتێكدا كە پێشتر دامەزراوە ئەمنیەكان لەئاستی هەرێم و عیراق ئاگاداركرابوونەوە كە بەهۆی ڕا و ڕەخنەكانی لەدەسەڵاتدارانی هەرێم، هەڕەشەی لێكراوە".

هاوپەیمانییەكە هێرشەكە ئیدانەو شەرمەزار دەكات‌و داوا لە دامەزراوە ئەمنییەكانی هەرێم دەكات، "بەزووترین كات لێكۆڵینەوەی جدی لە ڕووداوەكە بكەن و ئەو دەستە ڕەشە و دەستەكانی تری پشتی بدۆزنەوە تا دواتر لە ڕێگەی دادگاوە بە سزای عادیلانەی خۆیان بگەن"، دەشڵێت "هیوای سەلامەتی بۆ هاوڕێمان د.غالب دەخوازین.. ڕیسواییش بۆ ئەوانەی ڕەخنەو ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی و سەركوتكاریی تۆقاندوونی".

هەر لە كاردانەوەی ئەو هێرشەدا، قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكوەزیران، لە تویتێكدا ڕایگەیاند: ئیدانەی هێرشكردنە سەر پەلەمانتار غالب محەمەد ئەكەم و سەرجەم دەزگا ئەمنییەكان ڕاسپێردراون لێكۆڵینەوەی ورد لە ڕووداوەكە بكەن و هێرشبەران ڕووبەڕووی یاسا بكەنەوە. لەپەیوەندییەكی تەلەفونیدا هەواڵی كاك غالبم پرسی و دڵنیام كردنەوە ئەم كارە ترسنۆكانە لە هیچ كەسێك قبوڵ ناكرێت.

هاوكات بزووتنەوەی گۆڕان لە زاری وتەبێژەكەیەوە هێرشەكەی ئیدانەكرد، دلێر عەبدولخالق لە لێدوانێكدا ڕایگەیاند "ئێمە لە كاتێكدا ئەو كارە ترسنۆكانە ئیدانە دەكەین، وەك كاردانەوەیەكیش دژی بزوتنەوەی گۆڕان و بەرتەسكردنەوەی ئازادییەكان دەیبینین"

وتەبێژەكەی گۆڕان، داوای دەستبەجێ دۆزینەوەی بكەرانی "پشت ئەو پیلانە بەرنامە بۆ داڕێژراوە" دەكات‌و وتی: پاراستنی ئاسایش و ئارامی لە ئەستۆی دامەزراوە ئەمنیەكاندایە.