گوللە‌و بۆمب‌و دوكەڵ.. زیقار دادەپۆشن؛ هۆكارەكان و دیوی پشتەوەی ململانێكە چییە؟

27-02-2021 05:04
لایەنێكی ڕوبەڕوبوونەوەكانی ناسریە. وێنە؛ ئەلجەزیرە

پەرەگراف- هەكار مەحمود

چەند ڕۆژێكە دەنگی گوللەو بۆمبی فرمێسكڕێژ تەواوی شاری ناسریەی سەر بە پارێزگای زیقاری لە باشوری عێراق تەنیوە، ڕێگا و شەقامە سەرەكییەكان بە خوێنی گەنجانی شارەكە سوربوون، زۆرینەیان ڕاستەوخۆ تەقەیان لێكراوە.

ڕوبەڕوبونەوە خوێناوییەكان بەهۆی داواكاریی بۆ لابردنی نازم وائیلی پارێزگاری شارەكە دروستبوو، ڕووداوەكان هێندە خێرا و شۆك هێنەربوون نەتوانرا كۆنتڕۆڵ بكرێن، وائیلیش دوورخرایەوە.

خۆپیشاندانەكان بەیانی ڕۆژی دووشەممەی ڕابردوو لەبەردەم بینای پارێزگا لە ناوەڕاستی ناسریییە دەستیپێكرد، داوای لابردنی پارێزگار دەكرا، بەشێكی دیكەی ناڕازییەكان، دەرچووەكانی زانكۆ بوون و داوای هەلی كاریان دەكرد.

پاش كەمێك، دیمەن و شێوازەكە گۆڕا، خۆپیشاندەران بینای پارێزگایان بەرد بارانكرد، بەشێوەیەكی خێرا فەرمانبەران شوێنەكەیان چۆڵكرد.

ڕووداوەكان خێراتر دەبوون، هێزەكانی ڕوبەڕوبونەوەی ئاژاوە گەیشتنە شوێنەكە، خۆپیشاندەران بیرەوەری خراپیان لەگەڵ ئەم هێزانە هەیەو بەدرێژایی ماوەی خۆپیشاندانەكانی ڕابردوو كە لە تشرینی یەكەمی 2019 دەستیپێكرد، ئەوەش دۆخەكەی ئاڵۆزتر كرد هەردوولا ڕوبەڕوی یەكتربونەوە، گەنجێكی تەمەن 14 ساڵ كوژرا و چەند كەسێكیش لەهەردوو بەرەكە برینداربوون.

خوێناوی ڕۆژی یەكەم، هێزە ئەمنییەكانی خستە حاڵەتی ئامادە باشییەوە، قەدەغەی هاتوچۆ لە شارەكە ڕاگەیەندرا، لەگەڵ ئەوەشدا خۆپیشاندەران ڕۆژانی دووەم و سێیەم ‌و چوارەم بە ژمارەیەكی زیاترەوە هاتنەسەر شەقامەكان، ڕوبەڕوبونەوەكان دوای نیوەڕۆ دەستی پێدەكرد و دەمەو ئێوارە كۆتایی دەهات، لەو چەند كاتژمێرەدا ڕاوەدووی یەكتریان دەنا، بەردەوام دەنگی تەقە دەبیسترا، ئەوەش كوژراو و برینداری زیاتری خستەوە.

ڕۆژە سەختەكە

ڕۆژی هەینی ڕووداوەكان پەرەسەندنی زیاتریان بەخۆوە بینی، هەزاران كەس لەسەر هەردوو پردی سەركەوتن و زەیتون كۆبونەوە، خۆپیشاندەران و هێزە ئەمنییەكان بە چەندین ئامرازی جیاواز ڕوبەڕوی یەكتربونەوە، ئەوەش ژمارەیەكی زۆر برینداری لێكەوتەوە‌و توڕەیی زیاتری بەدواداهات و پریشكەكەی گەیشتە تەواوی شارەكە و ناوچەكانی دیكە.

مستەفا فارس، چالاكوان، ئاماژە بەوە دەكات، هۆكاری سەرهەڵدانی گرژی و ئاڵۆزییەكان بەهۆی پشتگوێ خستنی داواكاری خۆپشاندەرانە لەلایەن حكومەتی خۆجێیەوە، بۆیە داوای لابردنی پارێزگار دەكەن، لەگەڵ ئەوەشدا چوارشەممەی ڕابردوو كاتێك عوسمان غانمی وەزیری و ناوخۆ و عەبدولغەنی ئەسەدی سەرۆكی دەزگای ئاسایشی نیشتمانی سەردانی ناسریەیان كرد، سەرەكیترین داواكاری خۆپیشاندەرانیان جێبەجێنەكرد كە لابردنی پارێزگار بوو، ئەوەش دۆخەكەی ئاڵۆزتر كرد.

فارس باس لەوە دەكات، حكومەت بەشێوەیەكی ئاشكرا ڕووداوەكانی ناسریە پشتگوێ دەخات، ئەوەش توڕەیی خەڵكەكەی زیاتر كردووە، وەزیری ناوخۆ‌و سەرۆكی دەزگای ئاسایشی نیشتمانی داوای مۆڵەتێكی 10 ڕۆژەیانكردووە، تا سەردانەكەی پاپای ڤاتیكان بۆ شارەكە تەواو دەبێت كە بڕیارە سەرەتای مانگی داهاتوو ئەنجامی بدات.

دیوی شاراوەی ناڕەزایەتییەكان

پێش سەرهەڵدانی ناڕەزایەتییەكان، نوێنەرانی شارەكە هەڵمەتێكی لێدوان و تویتیان لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بۆ لابردنی نازم وائیلی پارێزگار دەستپێكرد، چونكە پێیانوایە كەسێكی زۆر خراپە و هیچ هەنگاوێكی كرداری بۆ خزمەتكردنی شارەكە نەناوە.

نوێنەران جەخت دەكەنەوە لەسەر ئەوەی پارێزگار تۆمەتبارە بە دەستوەردان لە كاری فەرمانگە حكومییەكان و دەستە و كۆمپانیاكانی وەبەرهێنان، هەروەها وەستاندنی كاروباری ئەو كۆمپانیایانەی لە پارێزگاكە كاردەكەن، بەجۆرێك هەر لایەنێك پشكێكی پێنەدات ڕێگەی پێنادات لە كارەكانی بەردەوام بێت.

چەند سەرچاوەیەكی ئاگادار ئاماژە بەوە دەكەن، كێشەی سەرەكی پەیوەندی بەو بودجە زەبەلاحەوە هەیە كە لە پڕۆژە یاسای بودجەی 2021 بۆ پارێزگاكە دانراوە و بڕەكەی ترلیۆنێك و 300 ملیار دینارە كە دەكاتە 900 ملیۆن دۆلاری ئەمریكی، ئەو ژمارەیە ناكۆكی لەنێوان نوێنەرانی شارەكە دروستكردووە، هەریەكەیان دەیانەوێت پشكێكیان لە پڕۆژەیەكی تایبەتدا هەبێت، هەروەها لەگەڵ پارێزگاردا ناكۆكییەكی سیاسییان هەیە، چونكە وائیلی پێشتر لەلایەن كوتلەی سائیرون و ئەندامانی فەتحەوە پشتگیری دەكرا.

ناكۆكییەكان لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانەوە گواسترایەوە گۆڕەپان و شەقامەكانی شارەكە، بەجۆرێك ئەو نوێنەرانەی لەگەڵ پارێزگار نەدەگونجان، پشتگیری خۆپیشاندەرانیان دەكرد و هانیان دەدان، دەیانویست دوای لابردنی پارێزگار كەسێك دابنرێت بتوانێت داواكارییەكانیان جێبەجێ بكات، بەڵام دۆخەكە لەدەستی ئەوانیش دەرچوو.

یەحیا مەنسوری یەكێك لە بەشداربووانی ناڕەزایەتییەكان دەڵێت، خۆپیشاندانەكان نە سیاسی بووە نە بەهۆی هاندانی هیچ لایەنێكەوە دروستبووە، گەنجان زۆر توڕەن لە لاوازی پارێزگار و باڵادەستی حزبەكان، زۆرێك لە كاروبارەكانی شارەكەیان پەكخستووە، هەموو ئەوەمان بە چاوی خۆمان بینی چۆن كوتلەیەكی سیاسی دەستی بەسەردا گرتووە.

ئەو خۆپیشاندەرە ئەوەشی ئاشكرا كردووە، یەكێك لە كوتلە سیاسییەكان كەسێكیان بەناوی ڕاوێژكارەوە لەگەڵ پارێزگار داناوە، بەڵام لەڕاستیدا ئەو كەسە شارەكە بەڕێوە دەبات، كاروبارەكان ڕێكدەخات و گرێبەست واژۆ دەكات، ئەوەش بەپێی ئەو ڕێنماییانەی لەلایەن كوتلەكەیەوە پێیدەدرێت.

لێكۆڵینەوەكان

لەبارەی دۆخی ناسریەوە، ناسر توركی ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەران لە كوتلەی فەتح باس لەوەدەكات، بڕیاربوو ئەم هەفتەیە پارێزگار لەلایەن لیژنەی نەزاهەی پەرلەمانەوە بانگهێشت بكرێت، بۆ گفتوگۆ كردن لەسەر چەند دۆسییەكی گرنگ لە شارەكە، چونكە زۆر سكاڵا هەیە لەسەر نازم وائیلی، تەنانەت یەكێك لە ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەران سكاڵای یاسایی لەسەر تۆماركردووە.

توركی ئەوەشی ئاشكرا كردووە، هەموو ئاماژەكان دەریان دەخست پارێزگار لادەبرێت، لەگەڵ دەستپێكردنی خۆپیشاندانەكانیشدا زیاتر لەدەركردنی ئەو بڕیارە دڵنیابوینەوە.

لای خۆیەوە عەبدولئەمیر دوبی لە كوتلەی فەتح، جەختی كردەوە لەسەر ئەوەی لەیەكەم ڕۆژی خۆپیشاندانەكانەوە پارێزگار گۆڕا، بەڵام یەكلانەكردنەوەی جێگرەكەی هۆكاربوو بۆ ڕانەگەیاندنی بڕیاری لابردنەكە.

قوربانیانی خۆپیشاندانەكە

لەماوەی پێنج ڕۆژی ڕابردوودا ژمارەی كوژراوەكان بەرزبۆتەوە بۆ حەوت كەس، ئەوانەی برینداربوون گەیشتووەتە 271 كەس، كە 147یان ئەندامانی هێزە ئەمنییەكانن.

ژمارەیەك لە قوربانییەكان گوللە و پارچەی بۆمبیان بەركەوتووە بەشێكی دیكە بە بەرد و كاریگەریی گازی فرمێسك ڕێژ برینداربوون.

لەبارەی ڕووداوەكانی ناسریەوە، مستەفا كازمی سەرۆكوەزیران عێراق لە بەیاننامەیەكدا جەختی لەوە كردۆتەوە، ئەو ڕێكارانەی گیراونەتەبەر كۆمەڵێك پڕۆژەی گەورەی تێدایە كە بۆ ئاوەدانكردنەوەی شارەكە ئەنجام دەدرێن.

بەپێی بەیاننامەكە یەكێك لە گۆڕانكارییەكان دانانی پارێزگارێكی نوێیە بۆ شارەكە، لەگەڵ دروستكردنی ئەنجومەنی ڕاوێژكاری كە ڕاستەوخۆ لینكی لەگەڵ سەرۆكوەزیراندا هەیە، لەگەڵ ئەنجامدانی لێكۆڵینەوەیەكی ورد بۆ زانینی هۆكاری ڕووداوەكانی چەند ڕۆژی ڕابردوو.

كازمی پشتگیری خۆشی بۆ عەبدولغەنی ئەسەدی دەربڕیوە كە لە شوێنی نازم وائیلی بووەتە پارێزگاری نوێی شارەكە، داوای لە ئەسەدی‌و ئەنجومەنی ڕاوێژكاری كردووە، خزمەتگوزاریی پێشكەشی هاوڵاتیان بكەن.