سەرۆكی هەرێم مەسروور بارزانی ڕاسپارد بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێ

12-06-2019 02:47
ڕاسپاردنی مەسروور بارزانی لەلایەن نێچیرڤان بارزانی بۆ پێكهێنانی حكومەت. وێنە؛ پەیجی مەسروور بارزانی لە فەیسبوك.

پەرەگراف

ئەمڕۆ نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، مەسروور بارزانی ڕاسپارد بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێم.

مەسروور بارزانی لە پەیامێكدا دوای ڕاسپاردنی ڕایگەیاند، هەوڵدەدات لە ماوەی یاساییدا كابینەكەی پێكبهێنێت‌و دەیخاتەبەردەم پەرلەمان بۆ پەسەند كردن.

لە پەیامەكەیدا مەسروور بارزانی سوپاسی پارتی‌و پەرلەمان‌و سەرجەم فراكسیۆنەكان‌و سەرۆكی هەرێم دەكات بۆ ناوزەندكردن‌و ڕاسپاردنی بۆ پێكهێنانی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان.

"سوپاس بۆ متمانەتان و هەوڵ دەدەم بە هاوكاریی هەموو ئەو لایەنانەی بڕیاڕی بەشدارییان لە كابینەی نوێ داوە، لە وادەی دیاریكراودا پێكهاتەی كابینەی نۆیەم بخەمە بەردەم پەرلەمانی كوردستان، تاكو هەرچی زووتر بتوانین خزمەتێكی شایستەی گەل و نیشتمانمان دەست پێبكەین. ئاواتەخوازم هەموو لایەنە پەیوەندارەكان هاوكارمان بن بۆ ئەوەی هەرچی زووتر ئەم پڕۆسەیە بە ئەنجام بگەیەنین" مەسروور بارزانی وادەڵێت.

ڕاسپاردنی مەسروور بارزانی بە ئامادەبوونی سەرۆكی پەرلەمان‌و سەرۆكی ئەنجومەنی دادوەریی هەرێم.

لە كۆبوونەوەی دوێنێی پەرلەمانی كوردستاندا مەسروور بارزانی بە دەنگی 87 پەرلەمانتار ناوزەند كرا بۆ پێكهێنانی كابینەی نۆیەمی حكومەت، هەر دوێنێ بڕیارەكە ئاڕاستەی سەرۆكی هەرێم كرا بۆ ڕاسپاردنی.

بەپێی یاسا پاش ڕاسپاردنی مەسروور بارزانی لەلایەن نێچیرڤان بارزانیی سەرۆكی هەرێمەوە، پێویستە لە ماوەی یەك مانگدا كابینە حكومییەكەی پێك بهێنێت.

لەبارەی دابەشكردنی پۆستەكانی حكومەتەوە، پارتی لەگەڵ یەكێتی و گۆڕان گەیشتووەتە ڕێككەوتن، هەریەكە لە نەوەی نوێ‌ و یەكگرتوویش ئۆپۆزسیۆنبوونیان ڕاگەیاندووە، بەڵام هێشتا كۆمەڵ بڕیاری یەكلاكەرەوەی لەوبارەیەوە نەداوە.