مەسرور بارزانی: بەرامبەر گەندەڵكارو سەرپێچیكاران نەرمی نانوێنین

10-07-2019 01:11
مەسرور بارزانی لە كاتی سوێندخواردنی لە پەرلەمان.


پەرەگراف

مەسرور بارزانی لە یەكەم وتاری وەك سەرۆكی حكومەتی هەرێم ڕایگەیاند، ڕوبەڕوی گەندەڵی دەبنەوەو ئامانجیان چاكسازییە، وتیشی، بەرامبەر گەندەڵكارو سەرپێچیكاران نەرمیی نانوێنن.

دوای سوێند خواردنی سەرۆك وەزیران‌و جێگرەكەی‌و وەزیرەكان لە پەرلەمان، مەسرور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێم وتارێكی پێشكەش كردو دواتر هێڵە گشتییەكانی كارنامەی كابینەكەی خستە ڕوو.

مەسرور بارزانی بەشێكی تایبەتی وتارەكەی بۆ چاكسازی‌و ڕوبەڕوبوونەوەی گەندەڵیی تەرخانكرد كە دروشمی زۆربەی حیزبەكانی كوردستانە، ئەوەی خستە ڕوو، خواستی یەكەمی هاوڵاتیان ڕوبەڕوبوونەوەی گەندەڵییە‌و خواستی یەكەمی ئەویش لەم كابینەیەدا ڕوبەڕوبوونەوەی گەندەڵی و ئەنجامدانی چاكسازییە.

"گەندەڵی دیاردەیەكی ترسناكە، بەڵام نەبووەتە كەلتور و لە تواناماندایە بە پاڵپشتیی ئیرادەی هاوڵاتیان و هاوكاریی دامودەزگا پەیوەندیدارەكان، لە ماوەیەكی كەمدا ئەم دیاردەیە بەرێژەیەكی بەرچاو بەرتەسك و بچووك بكەین. ئەو هەنگاوانەی تا ئێستا بۆ بەرەنگاریی گەندەڵی نراون بەرز دەنرخێنین و لەمەولاش بە هیچ جۆرێك بەرامبەر بە گەندەڵكاران و سەرپێچیكەران نەرمی نانوێنین و دەبێت خواستی هاوڵاتیان بەجێ بگەیەندرێت"مەسرور بارزانی وای وت.

سەرۆكی حكومەتی هەرێم لە وتارەكەیدا هۆشداریی دایە وەزیرەكانی كابینەكەی كە ڕێگەیان پێنادرێت كار بۆ بەرژەوەندیی حزبی‌و كەسیی بكەن، مەسرور بارزانی وتی"هیچ وەزارەتێك یان وەزیرێك ناتوانێت و ڕێگەی پێنادرێت لە دەرەوەی بەرنامەی حكومەت ڕەفتار بكات. وەزیرە بەڕێزەكان سەر بە هەر لایەنێك بن، پێویستە بزانن وەزارەتەكانیان هی هەموو خەڵكی كوردستانە و نابێ بەرژەوەندییە تایبەتی و حیزبییەكان باڵ بەسەر هیچ وەزارەت یان دامودەزگایەكی حكومیدا بكێشێت. ئەم حكومەتە كارو چالاكی و خزمەتگوزارییەكانی لەهەر بستێكی كوردستاندا دەبێت و حكومەتی هەمووانە".

لەبارەی دۆخی ئابوریی هەرێمەوە، سەرۆكی حكومەت وتی"حكومەتێكمان وەرگرتووە كە چەندین ملیارد دۆلار قەرزدارە، ئەم قەرزانە كەڵەكەبووی ڕەوشی ناڵەباری داراییی دۆخێكی نەخوازراوە و دەبێت هاوڵاتیانی ئازیزمان و هەموو دڵسۆزان لە هەرێمی كوردستان و عێراقیش بزانن، كە بەشی زۆری ئەم قەرزانە دەكەوێتە ئەستۆی حكومەتی عێراقی فیدراڵ، ئەویش بەهۆی نەناردنی بەشە بودجەیەك، كە موچە و مافی هاوڵاتیانی هەرێم بووە. ئەم ڕەوشە داراییە لە دەسپێكدا كابینەكەمان ڕووبەڕووی دۆخێكی سەختی دارایی دەكاتەوە، بەڵام هەوڵ دەدەین بە پێی بەرنامەی كارمان ئەم دۆخە تێپەڕێنین".

دەقی وتارەكەی مەسرور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان

بە ناوی خوای گەورە و میهرەبان

بەڕێز سەرۆكی پەرلەمان،

بەڕێزان ئەندامانی پەرلەمان،

خۆم بە خۆشحاڵ و بەختەوەر دەزانم كە ئەمڕۆ لەگەل هاوكارانم لەبەردەم ئەم پەرلەمانە بەڕیزە، كە دەستكەوتی خەبات و قوربانیدانی گەلەكەمانە، متمانەمان پێ بەخشرا وسوێندی یاساییمان خوارد.
ئەمڕۆ لە سایەی خوێنی شەهیدان و تێكۆشانی پێشمەرگە قارەمانەكان و خۆراگریی گەلەكەمان، كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەدایك بوو، كە بەڵگەیەكی دیكەی ئیرادەی سیاسیی هێزە كوردستانییەكانمانە، لە پابەندبوون بە پرۆسەی دیموكراسیی و دەستاودەستكردنی دەسەڵات.

لێرەدا بە پێوستی دەزانم ستایشی هاوڵاتیانی كوردستان بكەم, كە لە ٣٠/٩/٢٠١٨ لە پرۆسەیەكی دیموكراسیدا بەشداربوون و دەنگیان داو و سوپاسیان دەكەین كە لە پێناو پێكهێنانی حكومەتێكی بەهێز و پاراستنی تەبایی و یەكڕیزیی هێزەسیاسییەكان، لەگەڵمان پشوودرێژ بوون .

لەمڕۆژەدا بە پێویستی دەزانم سوپاس و پێزانینم ئاراستەی جەنابی سەرۆك بارزانی بكەم كە بە ڕابەرایەتی جەنابیان گیانی بەرگری و خۆراگری لە هەرێمدا بەرز و بەهێز ماوەتەوە و بەو هۆیەشەوە توانیومانە لە هەموو ئاستەكاندا بەرگەی سەختییەكان بگرین و ئیرادەی گەلەكەمان بەسەر خواستی ناحەزان سەرخەین.

هەر لێرەدا سوپاس و رێزم ئاراستەی كابینەی هەشتەم، بە تایبەت برای بەریزم كاك نێچیرڤان بارزانی دەكەم، كە لە رۆژە سەختەكانی ڕابردوودا لە خزمەتی هاوڵاتیان و نیشتمان بەردەوام بوون و دەسكەوتی بەرچاویان بۆ خزمەت و گوزەرانی هاوڵاتیان هەبووە.
بەڕێزان سەرۆكایەتی پەرلەمان وسەرجەم پەرلەمانتارانی كوردستان، سوپاسی ئێوەی نوێنەرانی گەل دەكەم، كە متمانەتان بە خۆم و جێگری سەرەكوەزیران و وەزیرە بەرێزەكانی هاوكارم بەخشی. بێگومان بە هەموو توانایەكمان هەوڵ دەدەین لە ئاست ئەم متمانەیە بین.

پلان و ئامانجەكانمان بۆ خزمەتی هاوڵاتیان لە چوارچێوەی بەرنامەیەكی كار رێكخستووە، كە نەخشەرێگای سەرەكی و گشتیمان دەبێت لە كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان و وەك بڕگەی دووەمی وتارەكەم دەیخەمە ڕوو.

بەڕێزان، زۆربەی حیزب و لایەنەكانەكانی بەشداربووی ئەم كابینەیە لە ماوەكانی ڕابردوودا بە دروشم و وتاری جۆراوجۆر، باسیان لە پێویستیی خزمەتێكی باشتری هاوڵاتیان كردووە، هیوادارین ئەم بەڵین و دروشمانە لەم كابینەیەدا بكرێنە كردار و جێبەجێ بكرێن، چونكە ئەم كابینەیە ئەركی خزمەتی هاولاتیان لە پێش هەموو كار و ئەركەكانی دیكەی دادەنێت و خۆی بە خزمەتكاری هاونیشتمانیان دەزانێت. بۆیە لای ئێمە هاوڵاتی میحوەری سەرەكی دەبێت و ئامانجی گەورەمان خزمەتكردنیانە بەبێ جیاوازی.

چاوەڕوانیی زۆر لەم كابینەیە دەكرێت، هەوڵ دەدەین لە ئاست ئەم چاوەڕوانییە بین، لەهەمانكاتدا هیوادارم جەماوەری خۆشەویستمان واقعبین بن و كۆسپ و كێشە و گرفتە كەڵەكەبووەكان بەرچاو بگرن، چونكە تێپەڕاندنی ئەم كۆسپ و تەگەرانە بە شەو و ڕۆژێك ناكرێت و دەبێت هەموومان پشتیوان و هاوكاری یەكتر بین.

دەمانەوێت لە سەرەتاوە لەگەل هاوڵاتیانی خۆمان ڕاستگۆ و شەفاف بین و واقعی دۆخەكە لەبەرچاو بگرین، بەڵام لە هەمانكاتدا بەڵێنی ئەوە دەدەین كە ئەوەی لە توناماندا بێت درێغی ناكەین و لە پێناو چارەسەریی بنەڕەتیی گرەفتەكان وخزمەتی گەل و وڵات هەموو هەوڵ و توانایەكمان دەخەینە گەڕ.

بەرێزان، بەپێی هەموو ڕاپرسییەكان، خواستی یەكەمی هاوڵاتیانمان ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵییە. خواستی یەكەمی منیش لەم كابینەیەدا ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی و ئەنجامدانی چاكسازییە. گەندەڵی دیاردەیەكی ترسناكە، بەڵام نەبووەتە كەلتور و لە تواناماندایە بە پاڵپشتیی ئیرادەی هاوڵاتیان و هاوكاریی دامودەزگا پەیوەندیدارەكان، لە ماوەیەكی كەمدا ئەم دیاردەیە بەرێژەیەكی بەرچاو بەرتەسك و بچووك بكەین. ئەو هەنگاوانەی تا ئێستا بۆ بەرەنگاریی گەندەڵی نراون بەرز دەنرخێنین و لەمەولاش بە هیچ جۆرێك بەرامبەر بە گەندەڵكاران و سەرپێچیكەران نەرمی نانوێنین و دەبێت خواستی هاوڵاتیان بەجێ بگەیەندرێت.

بەڕێزان، ئەندامانی پەرلەمان و جەماوەری خۆشەویستی كوردستان، هەموو ئەم وەزیرە بەڕیزانەی هاوكارم، كە لە لایەن حیزبەكانیانەوە پێشنیار كراون، ئێستا دوای ئەوەی متنانەیان پێ درا و سوێندی یاساییان خوارد، بوون بە وەزیری حكومەتی هەرێمی كوردستان و لە مەولا ئەجندا و بەرنامەی حكومەتی هەرێم جێبەجێ دەكەن و هیچ وەزارەتێك یان وەزیرێك ناتوانێت و ڕێگەی پێنادرێت لە دەرەوەی بەرنامەی حكومەت رەفتار بكات. وەزیرە بەڕێزەكان سەر بە هەر لایەنێك بن، پێویستە بزانن وەزارەتەكانیان هی هەموو خەلكی كوردستانە و نابێ بەرژەوەندییە تایبەتی و حیزبییەكان باڵ بەسەر هیچ وەزارەت یان دامودەزگایەكی حكومیدا بكێشێت. ئەم حكومەتە كارو چالاكی و خزمەتگوزارییەكانی لەهەر بستێكی كوردستاندا دەبێت و حكومەتی هەمووانە.

بەڕێزان، حكومەتێكمان وەرگرتووە كە چەندین ملیارد دۆلار قەرزدارە، ئەم قەرزانە كەڵەكەبووی ڕەوشی ناڵەباری داراییی دۆخێكی نەخوازراوە و دەبێت هاوڵاتیانی ئازیزمان و هەموو دڵسۆزان لە هەرێمی كوردستان و عێراقیش بزانن، كە بەشی زۆری ئەم قەرزانە دەكەوێتە ئەستۆی حكومەتی عێراقی فیدراڵ، ئەویش بەهۆی نەناردنی بەشە بودجەیەك، كە موچە و مافی هاوڵاتیانی هەرێم بووە. ئەم ڕەوشە داراییە لە دەسپێكدا كابینەكەمان ڕووبەڕووی دۆخێكی سەختی دارایی دەكاتەوە، بەڵام هەوڵ دەدەین بە پێی بەرنامەی كارمان ئەم دۆخە تێپەڕینین.

لێرەدا جێگەی خۆیەتی ئاماژەیەك بە بەرەوپێشچوونی پەیوەندییەكانی نێوان هەولێر و بەغدا بكەین. بەڕیز عادل عەبدولمەهدی، سەرۆكوەزیرانی حكومەتی فیدراڵ بە كردەوە نیازپاكیی خۆی بۆ چارەسەریی كێشەكان پێشانداوە، كە جێگەی پێزانینە، بۆیە دەبێت هەردوولامان سوود لەو كەشە ئیجابییە وەرگرین و بە پێی دەستور هەنگاو بۆ چارەسەریی گشت كێشە هەڵواسراوەكان بنێین. لێرەدا دڵنیایی دەدەین كە ئەركی هەرە لەپێشینەمان كاركردن دەبێت بۆ ئەوەی زەمینەیەكی لەبارتر برەخسێنین، تاكو دانوستانەكان بەرهەمدارتر بكرێن و بەكردەوە ئەنجامەكان ببینین. بۆ دەرخستنی نیازپاكیشمان لە ماوەیەكی نزیكدا دوای جێگیربوونی كابینەی نوێ سەردانی بەغدا دەكەین و هاوكار و هاوهەڵوێستی ئەو هێزانە دەبین، كە خوازیاری سەقامگیری و پێشكەوتنی عێراق و هەرێمی كوردستانن. كوردستانێكی بەهێز هەوێنێك دەبێت بۆ عێراقێكی فیدرالیی بەهێز و پێشكەتوو .

لە كۆتاییدا داوای هاوكاری و پشتگیری لە هاوڵاتیانی كوردستان دەكەم، تاكو بتوانین پێكەوە ڕووبەڕووی گرفتەكان ببینەوە و بەرنامەی كاری حكومەت بۆ خزمەتی گەل و نیشتمان جێبەجێ بكەین.

خوا پشتیوان بێت، بەردەوام دەبین لە هەوڵ و تێكۆشانمان بۆ وەدیهێنانی ئامانجە پیرۆزەكانی باب و باپیرانمان و پابەند و بەرپرسیار دەبین لە خەباتێكی سەردەمیانە، تا گەیشتن بەو قۆناغەی كە ئاواتی شەهیدانمان و هەموو تێكۆشەران و پێشمەرگە قارەمانەكان و هاوڵاتیانی خۆراگری كوردستان بووە.

ئەمەی لێرەدا دەیخەینەڕوو تەنها هێلە گشتییەكانی كارنامەی حكومەتە و تیایدا ئامانجی گەورەمان هەڵگرتووە و ئیرادەیەكی بەهێزیشمان هەیە بۆ جێبەجێكردنیان، بەڵام دەمانەوێت زۆرترین كار و كەمترین گوتارمان هەبێت.