خەمساردیی نوێنەرانی كورد جووتیارانی بۆ وەرگرتنەوەی مافەكانیان گەیاندە بەغدا

18-04-2019 11:24
گردبوونەوەی جووتیارانی هەرێمی كوردستان لە مەیدانی تەحریر لە بەغدا

پەرەگراف - سەنگەر سالار

جووتیارانی هەرێمی كوردستان بۆ وەرگرتنەوەی شایستە داراییەكانیان، خۆیان ڕێگەی بەغدایان گرتە بەر، چونكە پێیان وایە نوێنەرانی كورد "خەمسارد بوون" لەوەی ئەو مافەیان بۆ وەربگرنەوە. پارێزەری خۆبەخشی كەیسی پارەی گەنمی جووتیارانیش نایشارێتەوە كە هەندێك كەس لەناو حكومەتی هەرێم هۆكارێكی خەرجنەكردنی پارەی گەنمی جووتیاران بوون.

زیاتر لە ٦٠ جووتیار بە نوێنەرایەتیی جووتیارانی هەرێمی كوردستان، چوونە بەغدا و لە ڕۆژانی 16 و 17ی نیساندا لە مەیدانی تەحریر گردبوونەوەیان ئەنجامدا. ئەوان دوو پەیامیان ئاراستەی سەرۆكوەزیرانی عێراق و نوێنەرانی كورد لە بەغدا كرد. لە پەیامی یەكەمدا داوایان لە عادل عەبدولمەهدی كرد واژوو لەسەر خەرجكردنی شایستە داراییەكانی جووتیارانی هەرێمی كوردستان بكات، كە حەیدەر عەبادیی سەرۆكوەزیرانی پێشوو بە پاساوی جیاواز خەرجكردنی ئەو پارەیەی ڕاگرتبوو. لە پەیامی دووەمیشدا داوایان لە نوێنەرانی كورد لە بەغدا كرد چیتر "خەمساردی" نەنوێنن و ئەو كەیسە بكەنە خەمی خۆیان.

ڕێبین شەمامكی، پارێزەری خۆبەخشی كەیسی پارەی گەنمی جووتیارانی هەرێم، بە پەرەگرافی وت"هەست دەكەین دادگا كەیسەكە دوا دەخات و نوێنەرانی كوردیش لە بەغدا لە ئاست ئەم كەیسەدا خەمساردن، ئەم فشارە لەپێناو ئەوەدا بوو بە هەموو لایەك هەوڵەكانی وەرگرتنەوەی پارەی گەنمی جووتیارانی هەرێم جیدیتر بكرێت."

كەیسی پارەی گەنمی جووتیارانی هەرێمی كوردستان، لە هەردوو دادگای بەرایی و تێهەڵچوونەوەی بەغدا لە بەرژەوەندیی جووتیارنی هەرێم بڕیاری لەبارەوە دراوە، داواش لە وەزارەتی بازرگانیی عێراق كراوە پارەی قەرزی جووتیارنی هەرێم خەرج بكات، بەڵام جارێكی دیكە وەزارەتی ناوبراو لە داگای پێداچوونەوە تانەی لە بڕیارەكەی دادگا داوە. ڕێبین شەمامكی لەوباریەوە دەڵێت "كەیسەكە لە دادگا قۆناغی كۆتایی نەبڕیوە، بەڵكو ڕەوانەی دادگای پێداچوونەوە (تەمیز) كراوە، ئەمەش مەترسیی دروست كردووە كە كەیسەكە زۆر دوابكەوێت."

بڕی پارەی گەنمی جووتیارانی هەرێم 556 ملیار دینارە، كە پارەی گەنمی ساڵەكانی 2014 و 2015 و 2016یە. وەزارەتی بازرگانی بە پاساوی جیاواز ئامادە نییە پارەكە خەرج بكات "وەزارەتی بازرگانی دەڵێت لەو ساڵانەدا حكومەتی هەرێم زیاد لە پشكی خۆی كە بۆی دیاری كراوە و 17%یە، گەنمی لە جووتیاران كڕیوەتەوە، ئەم پاساوەیش لاوازە، چونكە گەنمەكە لەلایەن لیژنەی خۆیانەوە وەرگیراوە و بەكاریان هێناوە" شەمامكی وای وت.

پاساوێكی دیكەی وەزارەتی بازرگانیی عێراق ئەوەیە كە گەنمی هاوردە تێكەڵی گەنمی هەرێم كراوە و بە بەغدا فرۆشراوەتەوە. پارێزەری خۆبەخشی كەیسی پارەی گەنمی جووتیارانی هەرێمیش ئەوە پشتڕاست دەكاتەوە "هەندێك كەسیش لەناو حكومەتی هەرێم هۆكار بوون بۆ دروستبوونی كێشە لە پارەی گەنمی جووتیارانی هەرێم، چونكە لە دەرەوەی هەرێم گەنمیان هاوردە كردووە و بە ناوی گەنمی هەرێمەوە بۆ وەزارەتی بازرگانییان ناردووە."

پێشتر ئەحمەد حاجی ڕەشید، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، ڕایگەیاندبوو كە عادل عەبدولمەهدیی سەرۆكوەزیرانی عێراق ئامادەیی بۆ خەرجكردنی ئەو قەرزەی جووتیارانی هەرێم دەربڕیوە، بەڵام بۆ خەرجنەكردنی لە ئێستادا پاساوی "نەبوونی بودجە"ی هێناوەتەوە.

لەبارەی مەترسیی فەوتانی ئەو قەرزەی جووتیارانەوە، پارێزەری خۆبەخشی كەیسی پارەی گەنمی جووتیارانی هەرێم گەشبینە و وتى "پاش ئەم فشارەی جووتیاران، هەموو فراكسیۆنەكان و نوێنەرانی كورد لە بەغدا هاتوونەتە سەر خەت و بەڵێنیشیان داوە لە هەوڵەكانیان بەردەوام بن بۆ وەرگرتنەوەی ئەو مافە."

ئەو دەشڵێت "ئەگەر عادل عەبدولمەهدی، سەرۆكوەزیرانی عێراق، ئامادە نەبێت ئەو پارەیە خەرج بكات، ئەوا جگە لە دادگای فیدراڵی، لە سندووقی دراوی نێودەوڵەتیش سكاڵای لەسەر تۆمار دەكەين. ماوەی 15 ڕۆژیشە یاداشتێكمان سەبارەت بە پارەی گەنمی جووتیارانی هەرێم ئاراستەی سندووقی دراوی نێودەوڵەتی كردووە و چاوەڕێين وەڵاممان بداتەوە."

تۆماركردنی سكاڵا لەسەر حكومەتی عێراق لە سندووقی دراوی نێودەوڵەتی، لەو ڕووانگەوەیە كە سندووقەكە 13 ملیار دۆلار قەرز بە ماوەی 10 ساڵ بە عێراق دەدات، كە ئێستا بەشێكی وەرگرتووە. بەپێی ڕێوشوێنەكانیش دەبێت حكومەتی عێراق بەشێك لەو پارلاەیە بۆ قەرزە ناوخۆیی و دەرەییەكان تەرخان بكات، كە پارەی گەنمی جووتیارانی هەرێم بەشێكە لە قەرزە ناوخۆییەكانی عێراق.

جووتیارانی هەرێمی كوردستان دواجار پاش گردبوونەوەیان لەبەردەم ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و وەرگرتنی بەڵێنی كاركردنی جیددی لەسەر كەیسەكەیان لە سەرجەم فراكسیۆنە كوردستانییەكان، گەڕانەوە بۆ هەرێمی كوردستان و چاوەڕێن پەرلەمانتارانی كورد ئەو مافەیان بۆ وەربگرنەوە.