بەریتانیا هەوڵی ئێران بۆ ڕاگرتنی كەشتییەكی نەوتهەڵگری وڵاتەكەی پشتڕاست دەكاتەوە

11-07-2019 11:44

پەرەگراف

شكستهێنانی هەوڵێكی هێزی دەریایی ئێران بۆ ڕاگرتنی كەشتییەكی نەوتهەڵگری بەریتانیا لە گەرووی هورمز لەلایەن دەوڵەتی بەریتانیاوە پشتڕاست كرایەوە. سوپای پاسداران و وەزیری دەرەوەی ئێران ڕەتیدەكەنەوە هێزی دەریایی وڵاتەكەیان هەوڵی ڕاگرتنی كەشتییەكی بەریتانیای دابێت.

بەیانیی ئەمڕۆ ئاژانسە هەواڵییە جیهانییەكان لە زاری بەرپرسێكی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكاوە بڵاویان كردەوە كە پێنج بەلەمی تیژڕەوی ئێرانی هەوڵیان داوە كەشتییەكی نەوتهەڵگری بەریتانیا لە كەنداوی فارسدا ڕابگرن و بەرەو كەناراوەكانی وڵاتەكەیان بیبەن.

ئاماژە بەوەش كراوە ئەو هەوڵە لەلایەن كەشتییەكی فڕۆكەهەڵگری بەریتانیاوە بە ناوی (ئێچ ئێم ئێس مۆنتەرز) شكستی پێ‌ هێنراوە و بەلەمە تیژڕەوە ئێرانییەكان ناچار بە پاشەكشە كراون.

دەوڵەتی بەریتانیا بە فەرمی ڕایگەیاند "سێ‌ بەلەمی ئێرانی هەوڵیان داوە ڕێگری لە كەشتییەكی نەوتهەڵگری بەریتانیا بكەن".

بەریتانیا داوای لە ئێران كردووە كۆتایی بەو بارودۆخە بهێنێت و بارگرژییەكان كەمبكاتەوە.

لە بەرانبەردا سوپای پاسدارانی ئێران لە بەیاننامەیەكی فەرمیدا بوونی هەوڵێكی لەو شێوەیەی لە زاری ناوچەی پێنجەمی هێزی دەریایی ئێرانەوە بەدرۆ خستەوە، كە ئەو هێزە دەریاییە بەرپرسە لە چالاكییەكانی ئەو ناوچەیەی كەشتییە بەریتانییەكەی لێ‌ بووە.

سوپای پاسداران دەڵێت "گەشتەكانی بەلەم و كەشتییەكانی هێزی دەریایی ئێران لە كەنداوی فارس بە شێوەیەكی ئاسایی بەڕێوە دەچێت و لە 24 كاتژمێری ڕابردوودا هیچ ڕووبەڕووبوونەوەیەكی لەگەڵ كەشتییە بێگانەكان لەناویشیاندا كەشتییە بەریتانییەكان، نەبووە".

سوپای پاسداران ئاماژەی بەوە كردووە لە ئەگەری بوونی فەرمانێك بۆ ڕاگرتنی كەشتییە بێگانەكان، ناوچەی پێنجەمی هێزی دەریایی ئێران توانای هەیە بە خێرایی جێبەجێی بكات.

هەروەها ئاژانسی هەواڵی فارس لە زاری محەمەد جەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ئێران، بوونی هەوڵی رێگری لە كەشتییە بەریتانییەكەی ڕەتكردووەتەوە و ڕایگەیاندووە "كەشتییە نەوتهەڵگرەكەی بەریتانیا تێپەڕیوە و ئەو دەنگۆیەی دروستیان كردووە تەنیا بۆ دروستكردنی بارگرژییە.

لە هەمان كاتدا وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیا پشتڕاستی كردووەتەوە كە لەلایەن بەلەمە ئێرانییەكانەوە هەوڵی ڕێگری لە تێپەڕبوونی كەشتییەكی نەوتهەڵگری وڵاتەكەی لە گەرووی هورمز دراوە. لەوبارەیەشەوە نیگەرانیی دەربڕیوە.

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیا دەڵێت "پاش نزیكبوونەوەی بەلەمە ئێرانییەكان لە كەشتیی نەوتهەڵگری بریتش هریتج، كەشتیی جەنگیی (ئێچ ئێم ئێس مۆنتەرز) ناچار بووە بچێتە نێوان سێ‌ بەلە جەنگییە ئێرانییەكە و كەشتییە نەوتهەڵگرەكە. پاش ئاگاداركردنەوەشیان، ناچاربوون پاشەكشە بكەن".

سی ئێن ئێن دەڵێت، فڕۆكەیەكی سیخوڕیی ئەمریكا وێنەی هێرشی بەلەمە توندڕەوە ئێرانییەكانی گرتووە، بەڵام هێشتا بڵاونەكراوەتەوە.