ترەمپ دەربارەی فرۆشتنی فڕۆكەی ئێف 35 بە توركیا بڕیارێكی "نادادپەروەرانە"ی ڕاگەیاند

17-07-2019 12:15

پەرەگراف

لە بەرانبەر ئەوەی كە سیستمی بەرگریی ئێس 400ی لە ڕووسیا كڕیوە، دۆناڵد ترەمپ ڕایگەیاند: ئەمریكا ناتوانێت فڕۆكەی جەنگی F-35 بە توركیا بفرۆشێت. ئەو بڕیارەشی بە "نادادپەروەرانە" ناو برد.

سەرۆكی ئەمریكا كۆنگرەیەی ڕۆژنامەوانی لە كۆشكی سپی ئەنجام دا و تێیدا ڕایگەیاند "ئەمریكا ناتوانێت فڕۆكەی جەنگیی F-35 بە توركیا بفرۆشێت كە هاوپەیمانی ناتۆیە، لەبەر ئەوەی سیستەمی بەرگریی مووشەكیی لە ڕووسیا كڕیوە".

ترەمپ ئەو بڕیارەی وڵاتەكەی بە "نادادپەروەرانە" ناو برد و وتی "ئەو دۆخەی ئەوانی تێدان زۆر سەختە، ئێمەش وەك ئەمریكا كەوتووینەتە دۆخێكی سەختەوە، بەڵام كاری لەسەر دەكەین تا بزانین چی ڕوو دەدات".

سەرۆكی ئەمریكا ئاماژەی بەوە كرد كە لە سەردەمی سەرۆكایەتیی باراك ئۆبامادا داواكاریی توركیا بۆ كڕینی سیستمی بەرگریی مووشەكیی پاتریۆتی ئەمریكی ڕەتكراوەتەوە. لەو ڕووەشەوە ڕەخنەی لە ئیدارەی ئۆباما گرت كە "بەو هۆیەوە توركیا سیستمی S-400ی لە ڕووسیا كڕیوە".

دۆناڵد ترەمپ جەختی لەوە كردەوە كە پەیوەندییەكی زۆرباشیان لەگەڵ ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆككۆماری توركیا هەیە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ناچارن داواكاریی ئەنقەرە بۆ كڕینی 100 فڕۆكەی F-35 ڕەتبكەنەوە.