پەكەكە شەهیدبوونی وتەبێژی كەجەكەو چوار گەریلای ئاشكرا كرد

17-07-2019 10:50

پەرەگراف

كۆمیتەی پشتیوانیی لە خانەوادەی شەهیدانی پەكەكە، شەهیدبوونی پێنج گەریلای ڕاگەیاند كە لەناویاندا سەرحەد ڤارتۆ، وتەبێژ و ئەندامی كۆمیتەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی كەجەكە هەیە. ئەو گەریلایانە زیاتر لە سێ‌ مانگ لەمەوبەر لە بۆردوومانێكی فڕۆكە جەنگییەكانی توركیادا كراونەتە ئامانج.

كۆمیتەی پشتیوانیی خانەوادەی شەهیدانی پەكەكە پەیامی بۆ خانەوادەی پێنج گەریلاكە ناردووە و ئاشكرا كردووە كە "لە ڕۆژی ٢١ی ئازار لە ئەنجامی بۆردوومانی فڕۆكە جەنگییەكانی دەوڵەتی تورك، لە هەرێمەكانی پاراستنی مەدیا شەهید بوون".

كۆمیتەی ناوبراو دەڵێت "لەو بۆردوومانەدا هەریەك لە سینانی سور (عەلی ئاكتاش)، سەرحەد ئەمانوس - ڤارتۆ (ئەمروڵاهـ دورسون) وتەبێژ و ئەندامی كۆمیتەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی كەجەكە، ناڤدار سنگەر (میكایل ئۆزدەمیر)، سەرحەد شەفەك (ڤەهیپ تەكین)، شیار فەرشین (جەلال ئۆزتورك) شەهید بوون".

پێشتر ئاژانسی هەواڵی ئەنادۆڵی نیمەچەفەڕمیی توركیا لە ڕۆژی 27-3-2019 هەواڵی كردنە ئامانجی ژمارەیەك لە سەركردەكانی پەكەكەی لە ئۆپەراسیۆنێكی ئاسمانیی هەواڵگری ‌و سوپایی وڵاتەكەی لە قەندیل بڵاوكردەوە.

ئاژانسەكە لە زاری سەرچاوە ئەمنییەكانی وڵاتەكەیەوە ئەوەی خستە ڕوو، ئۆپەراسیۆنەكە 21ی ئازار ئەنجام دراوە ‌و لەو كەسانەی كراونەتە ئامانج؛ ڕەزا ئاڵتوون بەرپرسی باڵای پەكەكە -هەندێك میدیای بیانی وەك وەزیری دەرەوەی پەكەكە دەیناسێنن- "بە سەختیی بریندار كراوە و چارەنووسی نادیارە".

هەروەها ڕاگەیەندرابوو لەو ئۆپەراسیۆنەدا هەریەك لە؛ میكایل ئۆزدەمیر ناسراو بە ناودار، بەرپرسی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پەكەكە‌ و ئەمروڵڵا دورسون ناسراو بە سەرحەت ڤارتۆ، گوتەبێژی كەجەكە - چەتری كۆكەرەوەی ڕێكخراوەكانی سەر بە پەكەكەیە - ‌و عەلی ئاكتاش ناسراو بە سینان سۆر بەرپرسی ناوچەی قەندیلی پەكەكە، "لە چالاكی خراون"، (توركیا ئەم دەستەواژەیە بۆ كوژراو بەكار دەهێنێت).

بەڵام دواتر لە شەوی 10 لەسەر 11ی ئایاری ئەمساڵ و پاش نزیكەی دوو مانگ لە بڵاوبوونەوەی هەواڵی برینداربوونی، ڕەزا ئاڵتون، ئەندامی كۆنسەی بەڕێوەبەریی كۆما جڤاكێن كوردستان (كەجەكە) لە چاوپێكەوتنێكی تەلەفزیۆنیدا دەركەوت‌ و هەواڵی پێكرانی لەلایەن فڕۆكە جەنگییەكانی توركیاوە بە درۆ خستەوە.

ڕەزا ئاڵتوون لە كەناڵی میدیا هابەری نزیك لە پەكەكە، هەواڵی كرانە ئامانجی لەلایەن توركیاوە بە "پڕووپاگەندەی شەڕی تایبەت" لە قەڵەم دا ‌و داوای كرد "گەلەكەمان باوەڕ بەو پڕوپاگەندانە نەكەن".

ئۆپەراسیۆنەكەی توركیا چۆن ئەنجام دراوە؟

بەپێی ئاژانسی ئەنادۆڵ، دوای ئەوەی دەزگای هەواڵگریی توركیا(میت) بەوە دەزانێت كە ڕەزا ئاڵتون، بڕیارە كۆبوونەوەیەك لە ناوچەیەكی نزیك سنووری ئێران لە قەندیل ئەنجام بدات، دەست بە ئامادەكارییەكانی ئۆپەراسیۆنەكە كراوە.

لەو چوارچێوەیەشدا چاودێری خراوەتەسەر سەرجەم ئەو ڕێگەو ئۆتۆمبێلانەی كە ڕەنگە ڕەزا ئاڵتون بەكاری بهێنێت.

پاشان لە ڕێگەی فڕۆكەی بێفڕۆكەوانی (بەیرەقدار تی بی-٢) ئەوە دەستنیشان كراوە كە ڕەزا ئاڵتون بە یاوەریی هەریەك لە میكایل ئۆزدەمیرو ئەمروڵڵا دورسون، چوونەتە گوندی ئەبوبەكرەی سەر سنووری ئێران لە قەندیل. دواتر فڕۆكە جەنگییەكان لە جۆری ئێف-١٦ی سوپای توركیا بە مەبەستی ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی ئاسمانیی، ئامادەكاریی پێویستیان ئەنجام داوە.

دوای تەواوكردنی ئامادەكارییەكان، لە كاتی نیوەڕۆی ٢١ی ئادار، "ئەو هەماهەنگییە هەستیارەی میت دیاریكردبوو بە تەواوی لە ئۆپەراسیۆنی ئاسمانیدا پێكرا."

ئەنادۆڵ دەڵێت، لە ئۆپەراسیۆنەكەدا "گورزێكی گەورە" بەر ئەو ئەندامانەی پەكەكە كەوتووە كە پەیوەندییەكانی ئەو پارتە لە ناوچەكە بەڕێوەدەبەن، هاوكات ئۆپەراسیۆنەكە بە ناردنی پەیام بۆ كاراكتەرەكانی ناوچەكە لێك دەداتەوە. بەڵام شەوی ڕابردوو ئاڵتون بە درۆی خستەوە ئەو لەو شوێنەدا بووبێت كە بۆردومانەكەی تێدا ئەنجام دراوە.