بۆ یەكەم جار باشترین فۆتۆ ڕۆژنامەوانییەكانی جیهان لە سلێمانی نمایش دەكرێن

17-07-2019 01:57

پەرەگراف

هەفتەی داهاتوو باشترین فۆتۆ براوەكانی سێ ساڵی ڕابردووی پشبڕكێی جیهانیی وۆڵد پرێس فۆتۆ لە سلێمانی نمایش دەكرێن. پاش 64 ساڵ لە دامەزارندنی دەزگاكە، ئەمە یەكەم جارە پێشانگای فۆتۆ براوەكانی لە عێراق و هەرێمی كوردستان دەكاتەوە.

ڕۆژی 24-7-2019 هەڵبژاردەیەك لە باشترین فۆتۆ براوەكانی ساڵەكانی 2017، 2018 و 2019ی پشبڕكێی جیهانیی وۆڵد پرێس فۆتۆ، دوای نمایشكردنیان لە بەغدا و هەولێر، لە سلێمانی نمایش دەكرێن.

پێشانگاكە ماوەی سێ‌ هەفتە بەردەوام دەبێت و سەرەتا لە باخی گشتیی سلێمانی دەكرێتەوە.

ئاژانسی مێترۆگرافی لایەنی جێبەجێكار و سەرپەرشتیاری ئەم پرۆژەیەیە، بە هاوكاریی كونسوڵخانەی هۆڵەندا لە هەرێمی كوردستان،

هەمان پێشانگا لە 30ی تەمووز لە شاری هەولێر كرایەوە و تا 20ی حوزەیران بەردەوام دەبێت. وەكو یەكەم شوێنیش لە عێراق، ڕۆژی 2ی تەمووزی ئەمساڵ تا 21 تەمووز لە شاری بەغدا پێشانگاكە بەڕێوە چوو.

دیمەنێكی پێشانگاكە لە بەغدا

دیمەنێكی پێشانگاكە لە هەولێر. وێنە: ژیوار جەوهەر

دامەزراوەی فۆتۆگرافیی وۆڵد پرێس فۆتۆ، لە ساڵی 1955 دامەزراوە و تایبەتە بە وێنەی ڕۆژنامەوانی (photojournalism). نووسینگەی سەرەكیی لە شاری ئەمستەردامی هۆڵەندایە.

ئەم دامەزراوەیە ساڵانە لە ڕێگەی چەند داوەرێكەوە لە ناوچە جیاوازەكانی جیهان، باشترین وێنە ڕۆژنامەوانییەكانی جیهان دەستنیشان دەكات. بۆ ئەمساڵ ئەحمەد نەجم، بەڕێوەبەری ئاژانسی میترۆگرافی، وەكو یەكێك لە داوەرەكانی هەڵسەنگاندن و دیاریكردنی باشترین فۆتۆكان دەستنیشان كرا.

داوەران و سكرتێری پێشبڕكێی فۆتۆگرافیی جیهانی World Press Photo بۆ هەواڵ و دۆكیومێنتاری بۆ ساڵی ٢٠١٩. لە ڕاستەوە: داڤینا جۆگی (بەڕێوەبەری دامەزراوەی زیمبابۆی بۆ كچانی فۆتۆگرافەر)، دەیڤد گریفین (بەڕێوەبەری پێشووی فۆتۆگرافی‌ لە گۆڤاری ناشناڵ جیۆگرافیك)، ئەحمەد نەجم (بەڕێوەبەری ئاژانسی مێترۆگرافی)، كریستۆف بانگێرت (فۆتۆگرافەر و مامۆستای زانكۆ لە ئەڵمانیا)، دێنیس دامارگۆ (فۆتۆگرافەر و لێكۆڵەر و پرۆفیسیۆر لە زانكۆی بەڕازیل)، ویتنی جۆنسن (جێگری سەرۆكی فۆتۆگرافی لە ناشناڵ جیۆگرافیك.

مێترۆگرافی، یەكەمین ئاژانسی سەربەخۆی فۆتۆگرافی لە عێراق و هەرێمی كوردستانە. لە ساڵی 2010 لەلایەن كامەران نەجم، فۆتۆگرافەری كورد و سێباستیان مایەر، فۆتۆگرافەری ئەمریكی، لە شاری سلێمانی دامەزراوە.

فۆتۆگرافەر كامەران نەجم

فۆتۆگرافەر سێباستیان مایەر

فۆتۆگرافەر كامەران نەجم، لە ڕۆژی 12-6-2014 لە كاتی ڕووماڵی ڕۆژنامەوانی لە گوندی مەلا عەبدوڵڵای باشووری شاری كەركووك، پاش برینداربوونی كەوتە دەستی چەكدارانی داعش. لەو كاتەوە چارەنووسی ئەو فۆتۆگرافەرە نادیارە. لە دوای كامەران نەجم، ئەحمەد نەجمی برای بەرپرسیارێتیی بەڕێوەبردنی ئاژانسی میترۆگرافی گرتە ئەستۆ.

لە لای ڕاستەوە: ئەحمەد نەجم، كامەران نەجم.