دەستەی دەستپاكی: بە پەلە ئەنجوومەنێك بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی پێكبهێنرێت

18-07-2019 11:21

پەرەگراف

دەستەی دەستپاكیی هەرێمی كوردستان داوای بە پەلە پێكهێنانی ئەنجوومەنێك بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی دەكات. هاوكات جارێكی دیكە داواكاریی تەرخانكردنی دادگایەك بۆ كەیسەكانی گەندەڵی ئاراستەی لایەنە پەیوەندیدارەكان دەكات كە چەند ساڵە پشتگوێ‌ خراوە.

د. ئەحمەد ئەنوەر، سەرۆكی دەستەی دەسپاكیی هەرێمی كوردستان، لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ئاماری شەش مانگی یەكەمی ئەمساڵی كار و چالاكییەكانی دەستەكەی خستە ڕوو.

هەر لە سەرەتای كۆنگرە ڕۆژنامەوانییەكەدا سەرۆكی دەستەی دەسپاكیی هەرێم وتی "داوا دەكەین كابینەی نوێی حكوومەتی هەرێم، وەكو بەغدا بە پەلە ئەنجوومەنێك بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی پێكبهێنێت".

وەكو د. ئەحمەد ئەنوەر ئاماژەی پێ‌ كرد، ئەو ئەنجوومەنەی بەغدا هەفتانە بە سەرۆكایەتیی سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیران و دەزگا چاودێرییەكان كۆدەبێتەوە و چالاكیی هەیە.

سەبارەت بە پێكهێنانی ئەنجوومەنەكە لە هەرێمی كوردستان، سەرۆكی دەستەی دەستپاكی وتی "ئەو ئەنجوومەنە مانگی جارێك یان دوو مانگێك جارێك كۆببێتەوە بۆ پلان و بەرنامەی نوێ‌ بۆ دژایەتیی گەندەڵی و ئەنجامدانی چاكسازی. دواتر پلان و بەرنامەكان دەخرێتە بەردەم ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم و ئەوەیشی پێویستی بە هەمواری یاسا یان پێشنیاری یاسا هەبێت، دەخرێتە بەردەم پەرلەمانی كوردستان".

چەند جارێك دەستەی دەستپاكی داوای تایبەتكردنی دادگایەكی بۆ یەكلاكردنەوەی كەیسەكانی گەندەڵی كردووە، بەڵام وەڵامی ئەرێنییان نەدراوەتەوە. جارێكی دیكە د. ئەحمەد ئەنوەر ئەو داواكارییەی ئاراستە كردەوە و وتی "بۆ ئەوەی پرۆسەی دادگاییكردن لە كەیسەكانی گەندەڵی بچێتە پێشەوە، پێویستە دادگایەك تەرخان بكرێتە بۆ كەیسەكانی گەندەڵی، ئەگەر ئەو دادگایە هەبێت كەیسەكان زوو یەكلایی دەكرێنەوە".

بەپێی یاسای دەستەی دەستپاكی، پێویستە سەرجەم بەرپرسانی باڵای هەرێمی كوردستان كە دیاری كراوە تا چ پلەیەك، فۆڕمی ئاشكراكردنی سەروەت و سامان پڕبكەنەوە. سەرۆكی دەستەی دەسپاكی دەڵێت "نووسرومان بۆ كابینەی نوێی حكوومەت كردووە كە ناوی بەرپرسانی ناو كابینەكە و بەرپرسە تازەكانمان بۆ بنێرن تا فۆڕمەكەیان ئاراستە بكەین بۆ پڕكردنەوە".

سەرۆكی دەستەی دەستپاكی ئاماری كەیسەكانی گەندەڵی لە شەش مانگی یەكەمی ئەمساڵدا خستە ڕوو و ڕایگەیان "88 سكاڵای هەواڵدەری لای دەستەی دەستپاكی تۆمار كراون، واتە سكاڵایەك كە هێشتا نەچووەتە بەردەم دادوەری لێكۆڵینەوە، بەوە كۆی ئەو سكاڵا هەوڵدەرییانەی لەبەردەم دەستەكەدان گەیشتووەتە 245 سكاڵا".

هەروەها 143 سكاڵای سزایی لە دەستەكە تۆمار كراوە، واتە ئەو سكاڵایانەی واژووی دادوەریان لەسەر، بەوەش كۆی گشتیی سكاڵا سزاییەكان گەیشتووەتە 255 سكاڵا. لە ئێستاشدا 231 كەیس كاری لەسەر دەكرێت.

لە شەش مانگی یەكەمی ئەمساڵدا 52 كەیسی گەندەڵی ڕەوانەی دادگاكان كراون، كە 17 كەیس یەكلا كراونەتەوە. بەشێوەیكی گشتیش لە ئێستادا 495 كەیسی گەندەڵی لەژێر لیكۆڵینەوەدان، لەو ژمارەیە 105 كەیسیان لە قۆناغی دادگاییكردندان.