تۆمەتبارێكی دۆسیەی سێوان قادر ئازاد كرا

22-04-2019 08:23
سێوان قادر‌و كچە بچوكەكەی.


پەرەگراف – هەڤاڵ زەنگەنە

تۆمەتبارێكی دۆسیەی گیانلەدەستدانی سێوان قادرو منداڵەكانی، ئەمڕۆ ئازاد كرا، ئەوەش دوای دەستبەسەركرانی بۆ ماوەی 4 مانگ.

ئێستا تەنها هاوسەری سێوان لەسەر ئەو ڕووداوە لە زیندانە كە بەرلە 4 مانگ هەرێمی كوردستانی هەژاند، هاوسەرەكەی هێشتا "دانی نەناوە بە تاوانەكەدا"‌و بڕیارە مانگی داهاتوو دادگایی بكرێت.

شەوی 16ی كانونی یەكەمی ڕابردوو، سێوان قادر‌و سێ منداڵی لە خانوەكەی خۆیاندا لە قەزای چەمچەماڵ سوتان، دوای گڕگرتنی خانوەكەیان، سێ منداڵەكەی دەستبەجێ گیانیان لەدەستدا، بەڵام خۆی بە برینداریی‌و ڕێژەی سوتاوی زیاتر لە سەدا 90ـوە، ڕەوانەی نەخۆشخانەیەكی سلێمانی كراو دوای هەفتەیەك گیانی لەدەستدا.

چیرۆكی گیانلەدەستدانی سێوان‌و سێ منداڵەكەی، بووە جێی داخی خەڵك، ئەوەی زۆری لەسەر وترا و لە تۆڕە كۆمەڵایەتیەكاندا گومانی لەسەر بوو، تەمومژاوی ڕوداوەكەبوو، زۆرێك پەنجەی تۆمەتیان بۆ هاوسەرەكەی درێژ كرد، دواتریش دەزگا ئەمنییەكان دەستگیكردنی هاوسەری سێوەو ئافرەتێكی دیكەیان ڕاگەیاند‌و ئەمڕۆ ئەو ئافرەتە ئازاد كرا.

سامی ساتی، پارێزەری ئەو ئافرەتەی ئەمڕۆ ئازاد كرا، بۆ پەرەگراف وتی"دوای ڕوودانی ڕووداوەكە كەسوكاری سێوان قادر سكاڵایان لەسەر مێردی سێوەو ئافرەتێك تۆماركرد بە تۆمەتی ئەوەی كە پەیوەندییان هەبێت بەتاوانەكەوە، بۆیە ماوەی 4 مانگ ئەم ئافرەتە دەستگیركراو لێكۆڵینەوەی لەگەڵ كرا."

ئەو پارێزەرە وتیشی"ئەمڕۆ دوای تەواوبوونی لێكۆڵینەوەكان، دادگای لێكۆڵینەوەی سلێمانی 1 پاڵپشت بە مادەی 130 بڕگەی(ب) لە یاسای بنەمای دادگاییكردنی سزایی، بڕیاریدا بە ئیفراجكردنی تۆمەتباری ناوبراو لەبەرنەبوونی هیچ بەڵگەیەكی یاسایی لە دژی تۆمەتبار."

ئەو پارێزەرە ئەوەشی خستەڕوو، ئەو ئافرەتە تەنها لەسەر بنەمای "گومان" دەستگیركراوە، "لە سكاڵاكەدا گومانی ئەوەكرابوو پەیوەندی ناشەرعی لەگەڵ مێردی سێوە هەبووبێت كە بەهۆیەوە دەستی لەتاوانەكەدا هەبووبێت یان هانی مێردەكەی سێوەی دابێت یان بەهۆی ئەم ئافرەتەوە تاوانەكە كرابێت، بۆیە تۆمەتەكان ساغ نەكرایەوەو ئافرەتەكە ئازادكرا."

بەڕێكردنی تەرمی سێوە بۆ گۆڕستان. وێنە؛ پەرەگراف.

لە سەرەتاوە دادگای لێكۆڵینەوەی چەمچەماڵ لێكۆڵینەوەی لە كەیسەكەدا كردووە، بەڵام لەسەر داوای كەسوكاری سێوان قادرو بە پاساوی سستی بەڕیوەچوونی لێكۆڵینەوەكان، كەیسەكە بۆ دادگای 1ی لێكۆڵینەوەی سلێمانی گوازرایەوەو دواتر پەڕاوەكە چووە دادگای پێداچوونەوەی هەرێمی كوردستان‌و لەوێ دوای وردبینی بڕیاردرا دۆسیەكە لە چەمچەماڵەوە بۆ سلێمانی بگوازرێتەوە.

بەپێی زانیارییەكانی پەرەگراف كە لەسەرچاوەی ئاگادارەوە دەستی كەوتووە، "هاوسەری سێوان تائێستا دانی بە تاوانەكەدا نەناوە"و لێكۆڵینەوەكان بەردەوامن.

شوان قادر، برای سێوان دەڵێت"پێمان سەیرە ئەو تۆمەتبارە ئازاد كراوە لەكاتێكدا هێشتا ڕۆژی دادگایی نەهاتووە كە بڕیاربوو 15ی نیسان دادگاییەكە بكرێت، بەڵام بەهۆی ئەوەی هاوسەری سێوە هەر ڕۆژەو وتەیەك دەدات‌و دادگا لێكۆڵینەوەی نوێ دەكات بۆیە كەیسەكە دواكەوتووەو ئەوەی زانیاریی بێت لامان دادگاییەكە دەكەوێتە كۆتایی مانگی 5."

ئەو برایەی سێوان بە پەرەگرافی وت"ئێمە توشی شۆك بووین و نازانین بەچ ڕێگایەك ئەم ئافرەتە هاتۆتە دەرەوە، ئێمە لەسەر وتەی سێوان كە پێش گیانلەدەستدانی ناوی ئەم ئافرەتەی هێناوەو ئێمەش لەسەر ئەساسی ئەو گومانە سكاڵامان كردووە، ئێستاش هەستدەكەین موئامەرەیەك لەسەر كەیسەكە هەیە و گومان دەكەین بەلاڕێدا ببرێت."

بە دروشمی "بەڵێ بۆ سەروەری یاسا" و "نا بۆ سوڵحی عەشایەری" پێشوازی لە تەرمی سێوان كرا. وێنە؛ پەرەگراف.

براكەی سێوان ئاماژەی بەوەشكرد، جگە لە لێكۆڵینەوە تائێستا بانگهێشتی هیچ دادگاییكردنێك نەكراون، وتی"دەبوو ئەم ئافرەتە ئەگەر بێتاوانیشە تا ڕۆژی دادگایی ئازاد نەكرایەو دادگاییەكی عەلەنی بە ئامادەبوونی ئێمە بكرایە."

بە فەرمانی وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی هەرێم، لیژنەیەك بۆ بەدواداچوونی دۆسیەی گیانلەدەستدانی سێوان‌و منداڵەكانی پێكهێنراوە، پەرەگراف پەیوەندیی بە ئەندامانی لیژنەكەوە كرد، بەڵام ئامادەنەبوون هیچ لێدوانێك لەبارەی دۆسیەكەوە بدەن.

لە بەدواداچوونێكی پێشتری پەرەگراف، ڕائید هێمن عەلی بەڕێوەبەری نوسینگەی بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی خێزانیی لە چەمچەماڵ بۆ ئاشكرایكرد دوو مانگ بەرلە ڕووداوەكە، "تاوانلێكراو(سێوان قادر) لەلای ئێمە سكاڵای یاسایی لەسەر مێردەكەی تۆمار كردو وتی توندوتیژی دەرونیی‌و جەستەیی بەرامبەری ئەنجامدەدات، ئەم سكاڵایەش پشتئەستور بوو بە بەڵگەی پشكنینی پزیشكی."

"پاش چەند ڕۆژێك سێوە لەگەڵ باوك و برایەكی هاتنە نوسینگەكەمان‌و تەنەزولی لە سكاڵاكە كرد، سێوە زۆر پێداگربوو پاشەكشێ بكات بە بیانووی ئەوەی شیرازەی خێزانییان تێكنەچێت، تەنانەت داوایكرد مێردەكەی ئاگاداری ئەو سكاڵایە نەبێت"، ڕائید هێمن وای وت.

سێوان بە ئارامگەی منداڵەكانی گەیشت‌و لە تەنیشتیانەوە بەخاكسپێردرا. وێنە؛ پەرەگراف.

سێوان زیاتر لە شەش ساڵ بوو ژیانی هاوسەرێتی پێكهێنابوو، سێ منداڵەكەی تەمەن شەش مانگ تا شەش ساڵ بوون، سێوە لەبەر شیرازەی خێزانەكەی ئازارەكانی خۆی لەبیركرد تا لەگەڵ منداڵەكانی پێكەوە گیانیان لەدەستداو لە تەنیشت یەكترییەوە نێژران.