ڤیدیۆی هێرشەكەی هەولێر؛ سێ كەس تەقە لە جێگری كونسوڵی توركیا دەكەن

24-07-2019 10:07


پەرەگراف

ڤیدیۆی هێرشەكەی هەولێر بڵاوكرایەوە، سێ كەس تەقە لە عوسمان كۆسە جێگری كونسوڵی توركیا دەكەن كە لە هێرشەكەدا كوژرا.

لە ڤیدیۆكەدا كە لە كامێرای چاودێرییەوە تۆمار كراوە دەردەكەوێت، كەسێك لە مێزی تەنیشت عوسمان كۆسە دانیشتووەو لە پڕ دەمانچەیەك لەناو جانتاكەیدا دەردەهێنێت‌و هەڵدەستێت بەرەو ڕووی عوسمان دەڕوات‌و ڕاستەوخۆ تەقەی لێدەكات، دوو كەسی دیكەش لە ئاڕاستەیەكی دیكەوە بەرەو عوسمان كۆسە دەچن‌و ئەوانیش هەردووكیان بە دەمانچە تەقەی لێدەكەن.

لە گرتە ڤیدیۆییەكەدا ئەو دوو هاووڵاتییەی هەرێمی كوردستان دەرناكەون كە لە هەمان ڕووداودا كوژران، هاوكات كەسێك كە بەرامبەر عوسمان كۆسە دانیشتووە لەسەر مێزەكەی، نەكراوەتە ئامانج‌و تەقەی لێ ناكرێت‌و هەڵدێت.

ڤیدیۆكە كەناڵی ڕووداو بڵاویكردووەتەوە و دەڵێت لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بڵاوكراوەتەوە، تائێستا دەزگا ئەمنییەكانی هەرێم هیچ ڕوونكردنەوەیەكیان لەسەر ئەو گرتە ڤیدیۆییە بڵاو نەكردووەتەوە.



17ی ئەم مانگە ڕووداوێكی تەقەكردن لە ڕیستۆرانتێكی هەولێر ڕوویداو تێیدا سێ كەس كوژران، یەكێكیان جێگری كونسوڵی توركیا بوو بەناوی عوسمان كۆسە، دوو كەسە كەی دیكەش خەڵكی هەرێمی كوردستان بوون.

دوای سێ ڕۆژ لە ڕووداوەكە دەزگا ئەمنییەكان دەستگیركردنی دوو كەسیان ڕاگەیاند یەكێكیان بەناوی مەزڵوم داغ كە حكومەتی هەرێم وەك "سەرپەرشتیار و بكوژی سەرەكی كردەوەی تەقەكردنەكە" ناوی دەهێنێت كەسی دووەمیش وەك هاوكاری مەزڵوم داغ ناوی هێنرا.


ڕووداوی تەقەكردنەكەو كوژرانی ئەو بەرپرسەی توركیا كاردانەوەی فراوانی لێكەوتەوەو حكومەتی هەرێم بە فەرمی ڕایگەیاند: كردەوەیەكی تیرۆریستیی ئامانجدار و پلان بۆ داڕێژراو بووە.


تائێستاش هیچ لایەنێك بەرپرسیارێتی ئەنجامدانی ڕووداوەكەی لە ئەستۆ نەگرتووە.