محەمەد تۆفیق ڕەحیم دەستی لە خانەی ڕاپەڕاندنی گۆڕان كێشایەوە

27-07-2019 04:18
محەمەد تۆفیق ڕەحیم. وێنە؛ سوركێو محەمەد/پەرەگراف


پەرەگراف

لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆی جڤاتی نیشتیمانی گۆڕاندا محەمەد تۆفیق ڕەحیم دەستی لە ئەندامێتیی خانەی ڕاپەڕاندنی بزووتنەوەكە كێشایەوە، ئەوەش دوای ئەوەی خانەكە بەپێی دەستوری ناوخۆیی گۆڕان دوو ڕۆژە ماوەكەی كۆتایی هاتووە.

"خانەی ڕاپەڕاندن لە 25-7 وادەكەی تەواو بووە، كاك حەمەتۆفیق لە كۆبوونەوەكەی ئەمڕۆدا وتی لەمڕۆوە من ئەندامی خانەی ڕاپەڕاندن نیم" عەلی حەمەساڵح سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی كوردستان كە هاوكات ئەندامی جڤاتی نیشتیمانی گۆڕانە بۆ پەرەگراف وای وت.

عەلی حەمەساڵح ڕەتیكردەوە محەمەد تۆفیق ڕەحیم دەستی لە بزووتنەوەكە كێشابێتەوەو تەنها لە ئەندامێتی خانەی ڕاپەڕاندن وازی هێناوە.

لەبارەی خۆ كاندیدكردنی محەمەد تۆفیق ڕەحیم بۆ پۆستی جێگری سەرۆكی هەرێم، عەلی حەمەساڵح وتی "هەركەسێك دەیەوێت دەتوانێت داوا بكات‌و دەسەڵات دراوە بە ڕێكخەری گشتی بۆ دیاریكردنی كاندیدەكان".

هاوكات گۆڕان بە فەرمی ڕوونكردنەوەیەكی لە بارەی دەست لەكار كێشانەوەی محەمەد تۆفیق ڕەحیم بڵاوكردەوەو تەئكید دەكاتەوە ناوبراو وەك هەڵسوڕای بزووتنەوەكە دەمێنێتەوە.

وریا محەمەد، ڕێپێدراوی یاسایی بزوتنەوەی گۆڕان دەڵێت "ئەمڕۆ شەممە (27/7/2019) لە كۆبونەوەی جڤاتی نیشتیمانی بزوتنەوەی گۆڕاندا، محەمەد تۆفیق ڕەحیم، دەستی لە ئەندامێتی خانەی ڕاپەڕاندنی بزوتنەوەی گۆڕان كێشایەوە، ئەوەش بەهۆی ئەوەی لە (25/7/2019)ـەوە ماوەی خانەی ڕاپەڕاندن دو ساڵی خۆی تەواوكردوە. بۆیە ناوبراو وەك هەڵسوڕاوێك دەمێنێتەوەو كاردەكات".

كۆبوونەوەكەی جڤاتی نیشتیمانی گۆڕان دەربارەی هەڵبژاردنە ناوخۆییەكانی بزووتنەوەكەو تەواوكردنی دیاریكردنی كاندیدەكانی بەركەوتەی گۆڕان بووە لە كابینەی نوێی حكومەت كە چەندین پۆستی باڵا دەگرنەوەو دیارترینیان جێگری سەرۆكی هەرێم‌و یاریدەدەری سەرۆك وەزیرانە بۆ چاكسازیی، سەرباری ژمارەیەك پۆستی بریكاری وەزیر و بەڕێوەبەرە گشتییەكان و نوێنەرایەتییەكانی دەرەوە.

لەبارەی دیاریكردنی كاندیدەكان لە كۆبوونەوەكەدا دەسەڵات دراوە بە عومەر سەید عەلی ڕێكخەری گشتیی كە خۆی پۆستەكان پڕبكاتەوە هەروەك چۆن پێشتر بۆ دیاریكردنی 4 وەزیرەكەی گۆڕان لە كابینەی نوێ بە هەمانشێوە دەسەڵا بەو درابوو.

دەربارەی پرسە ناوخۆییەكانی بزووتنەوەكەو خۆ ڕێكخستنەوەو نوێ كردنەوە، جڤاتی نیشتیمانی بڕیاریداوە پێش كۆتایی ئەمساڵ كۆنفرانسی نیشتیمانی ببەسترێت‌و بۆ ئەم مەبەستە دەست بە ئامادەكاریی بكرێت، لە كۆنفرانسی نیشتیمانیدا گۆڕان پێداچوونەوە بە دەستوری ناوخۆییدا دەكات‌و هەڵسەنگاندن بۆ كارەكانی ڕابردووی بزووتنەوەكە دەكات.

جڤاتی نیشتمانیی گۆڕان لە كۆبوونەوەی ڕابردوویدا(24-7) ڕۆژی 14ی ئەیلوولی ئەمساڵی بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی خانەی ڕاپەڕاندن و ڕێكخەری گشتیی بزووتنەوەكە دیاری كرد.

جڤاتی نیشتیمانی باڵاترین دامەزراوەی بڕیاردانە لەناو گۆڕان، خانەی ڕاپەڕاندنیش باڵاترین دامەزراوەی جێبەجێ كردنەو بڕیارەكانی جڤات جێبەجێ دەكات، بۆ هەڵبژاردنی خانەی ڕاپەڕاندن، گۆڕان وەك حیزبەكانی دیكە پێویستی بە بەستنی كۆنگرە نییەو لە كۆبوونەوەیەكی جڤاتی نیشتیمانیدا پڕۆسەكە ئەنجام دەدرێت‌و لەناو خانەی ڕاپەڕاندنیش كە 7 كەس دەبن یەكێكیان هەڵدەبژێردرێت بۆ ڕێكخەری گشتیی بزووتنەوەكە.

2017-7-25 خانەی ڕاپەڕاندنی گۆڕان لە جڤاتی نیشتیمانی هەڵبژێردرا، ئەوەش یەكەم هەنگاوی خۆ نوێ كردنەوەی بزووتنەوەكە بوو لەدوای كۆچی دوایی نەوشیروان مستەفا.

پەرەگراف ئەوكات زانیاریی وردی لە بارەی هەڵبژاردنی ئەندامانی خانەكە ئاشكراكردو ئەوەی بڵاوكردەوە كە هەڵبژاردنەكە بە ڕێككەوتنی پێشوەخت یەكلایی كرایەوەو فشارو دەستێوەردان هەبووە بۆ دەرچواندن‌و كشانەوەی كاندیدەكان، ئەوەش نیگەرانیی لەناو گۆڕاندا دروستكرد‌و لەژێر "فشار"دا كاندیدە گەنجەكان ناچار بە كشانەوە كران.

لە دوو ساڵی تەمەنیدا خانەی ڕاپەڕاندن زۆرترین ڕەخنەی لەناو گۆڕان ڕوبەڕو كراوەتەوەو پەنجەی تۆمەتی بۆ ڕاكێشراوە‌و وەك هۆكاری سەرەكی بۆ پاشەكشەی دەنگی بزووتنەوەكە لە هەڵبژاردن‌و تەشەنەسەندنی كێشە ناوخۆییەكان لە قەڵەم دراوە، هاوكات ئەندامانی خانەكە زۆرترین ناكۆكیی لە نێوانیاندا هەبووەو بەهۆی ناكۆكییەكانەوە لە زۆر كاتی هەستیارو پرسی گەرمی گۆڕەپانی سیاسیدا نەیانتوانیوە كۆببنەوە.