هێشتا چارەنووسی دوو لە تەقەكەرەكانی هێرشەكەی هەولێر دیارنییە

دژەتیرۆر داوای زانیاریی دەكات لەبارەی ئەم تۆمەتبارە
28-07-2019 11:56
تۆمەتبار (سیاكۆ باقی عەبدولكەریم) لەلایەن دەزگا ئەمنییەكانی هەرێمی كوردستانەوە داوا كراوە.

پەرەگراف

دژەتیرۆری كوردستان ناو و وێنەی تۆمەتبارێكی دیكەی ڕووداوی تەقەكردنەكەی هەولێر بڵاودەكاتەوە و بۆ دەستگیركردنی داوای هاوكاری لە هاونیشتمانییان دەكات. ئەمە لە كاتێكدایە چارەنووسی دوو لە تەقەكەرەكانی ناو ڕووداوەكە دیار نییە و دژە تیرۆر هیچ زانیارییەكی دەربارەیان ئاشكرا نەكردووە. هاوكات زانیارییش لەبارەی ئەو كەسەوە ئاشكرا نەكراوە كە تۆمەتباری سەرەكی هێرشەكە لە ئۆتۆمبێلەكەی ئەودا دەستگیركراوە.

دژە تیرۆری كوردستان لە ئاگادارینامەیەكدا دەڵێت "تۆمەتبار (سیاكۆ باقی عەبدولكەریم) لەلایەن دەزگا ئەمنییەكانی هەرێمی كوردستانەوە داوا كراوە. ناوبراو تۆمەتبارە بە بەشداری كردنی لە كردەوە تیرۆریستییەكەی ڕۆژی 17ی تەمووزی شاری هەولێر، كە تێیدا كارمەندێكی كونسووڵخانەی توركیا لە هەولێر و دوو هاونیشتمانی گیانیان لەدەست دا".

بەپێی دانپێدانی تۆمەتبارانی ڕووداوەكە كە لەلایەن دژە تیرۆری كوردستانەوە بڵاوكراوەتەوە، سیاكۆ باقی عەبدولكەریم یەكێك بووە لەو كەسانەی لە پاش ڕووداوەكە هاوكاریی "ئەنجامدەری سەرەكیی ڕووداوەكە بە ناوی (مەزڵوم داغ)"ی كردووە بۆ خۆشاردنەوە و دەربازبوون لە هەولێر.

بڵاوكردنەوەی ناوی ئەم تۆمەتبارە لە كاتێكدایە، دوو كەسی دیكەی ناو گرتەی ڤیدیۆیی هێرشەكەی هەولێر كە لەگەڵ مەزڵوم داغ بوون، چارەنووسیان نادیارە و لەلایەن دژە تیرۆرەوە هیچ زانیارییەك دەربارەیان بڵاونەكراوەتەوە.

بەپێی دانپێدانانی مەزڵوم داغ، ئەو دوو كەسە ناویان "ئالان و ئەحمەد"ـە و خەڵكی "باكووری كوردستانن". پاش ئەوەی مەزڵوم داغ وتویەتی بە تەنیا ناتوانێت ئەو كارە ئەنجام بدات لەبەر ئەوەی دیبلۆماتكارەكەی توركیا "سێ‌ پاسەوانی لەگەڵدایە"، ئەو دوو كەسە بۆ هاوكاریكردنی ئەو نێردراون لە ئەنجامدانی هێرشكەدا.

مەزڵوم داغ دەڵێت "دوای تەواوكردنی كارەكە، ئەحمەد و ئالان لەسەر شەقامی 120 مەتری دابەزین و جیابوونەوە، جانتاكەی عوسمان كۆسە (دیبلۆماتكارەكەی كونسووڵخانەی توركیا) و دەمانچەكانیان لەگەڵ خۆیان برد".

وەكو لە گرتە ڤیدیۆییەكەدا دەردەكەوێت، ئەو دوو كەسە تەقە لە دوو هاووڵاتییەكەی دەڤەری سۆران دەكەن كە لەو ڕووداوەدا گیانیان لەدەست دا، دژە تیرۆری كوردستانیش ئاماژەی بەوە كردووە "هەردوو هاووڵاتییەكەی هەرێمی كوردستان تەنیا بە گومانی ئەوەی پاسەوانی دیبلۆماتەكەی توركیان، كوژراون".

تا ئێستا وردەكاریی ناسنامەی ئەو ئەو دوو تەقەكەرە ئاشكرا نەكراوە و نازانرێت دەستگیر كراون یاخود نا.

ئەو دوو تەقەكەرەی لە ڤیدیۆكەدا دەردەكەون‌و تائێستا زانیاریی لەبارەیان بڵاونەكراوەتەوە

سەرباری دیارنەبوونی چارەنوسی ئەو دوو تەقەكەرە، هاوكات هیچ زانیارییەك لەبارەی ئەو كەسەوە ئاشكرا نەكراوە كە مەزڵوم داغ لە ئۆتۆمبێلی ئەودا دەستگیركراوە لەسەر شەقامی 120 مەتریی هەولێر، تەنها ئەوەندە نەبێت كە ناوی موحسینەو ئۆتۆمبێلێكی ڕەنگ سپیی پێبووە، ئەمەش مەزڵوم لە دانپێدانانەكەیدا دەیڵێت. ئەوە لەكاتێكدایە لە ڤیدیۆی دانپێدانانەكەدا دژەتیرۆر وێنەی ئەو كەسەی بڵاو كردووەتەوە.

"ئەو هات سەیارەیەكی سپی پێ بوو، ناوی موحسینە، من سواری سەیارەكەی ئەو بووم كەمێك دەربازبووین‌و لەسەر شەقامی 120ی لەلایەن ئاسایشەوە دەستگیركراین" مەزڵوم وادەڵێت.