دادگای سلێمانی سەبارەت بە فەرمانی دەستگیركردنی شاسوار عەبدولواحید ڕوونكردنەوە دەدات

30-07-2019 12:21

پەرەگراف

دادگای سلێمانی سەبارەت بە فەرمانی دەستگیركردنی سەرۆكی جووڵانەوەی نەوەی نوێ‌ وەڵامی بەیاننامەكەی ئەو جووڵانەوەیە دەداتەوە و دەڵێت "شاسوار عەبدولواحید تۆمەتی فێڵ و هەڵخەڵەتاندنى دراوەتە پاڵ".

دادگای سلێمانی لە ڕوونكردنەوەیەك دەڵێت "ڕۆژی 29-7-2019 جووڵانەوەی نەوەی نوێ لە ڕاگەیەندراوێكدا هێرشێكی ناڕەوای كردووەتە سەر دادگا و دەستەڵاتی دادوەری و تۆمەتی بێ بنەما و ناڕاستی داوەتە پاڵمان، بە مەبەستی چەواشەكردن و بەلاڕێدابردنی ڕایگشتی".

دادگای سلێمانی جەخت لەوە دەكاتەوە "بەپێی یاسا بەركارەكان كار دەكەن و دوورن لە هەر كارێكی سیاسی و ململانێی نێوان لایەنە سیاسییەكان و هەمووان لەبەردەم یاسادا یەكسانن".

سەبارەت بە فەرمانی دەستگیركردنی شاسوار عەبدولواحد قادر، سەرۆكی جووڵانەوەی نەوەی نوێ‌، دادگاكە ئاماژە بەوە دەكات، ئەو دۆسیە پەیوەستە بەوەی ناوبراو "خاوەنی كۆمپانیای چاڤی گەشتیاری بووە، وەك هاووڵاتییەكی تۆمەتبار و بە بێ ڕەچاوكردنی پلە و پۆستە سیاسییەكەی، لەلایەن كۆمەڵێك لە خاوەن پشكەكانی چاڤیلاندەوە سكاڵای لەسەر كراوە".

بەپێی ڕوونكردنەوەكەی دادگای سلێمانی، شاسوار عەبدولواحید "تۆمەتی فێڵ و هەڵخەڵەتاندن (احتیال)ی دراوەتە پاڵ، بەپێی ماددەی (٤٥٦) لە یاسای سزادانی عێراقی و كەیسەكەش لە قۆناغی لێكۆڵینەوەدایە".

28-7-2019 دادگای لێكۆڵینەوەی سلێمانی فەرمانی دەستگیركردنی بۆ شاسوار عەبدولواحید، سەرۆكی جووڵانەوەی نەوەی نوێ‌ دەركرد. لە فەرمانەكەدا هاتووە "بۆ گشت ئەندامانی بەرزەفتی دادوەری و گشت ئەندامانی پۆلیس و هەر كەسێك ئەم گرتننامەیەی بەدەست دەگات، ئێوە ڕێگەتان پێ‌ دراوە و لەسەرتانە ئەم تۆمەتبارەی لە خوارەوە زانیاریی لەبارەوە دراوە (شاسوار عەبدولواحید قادر)، بیگرن و بدەن بە دادگاكەمان، چونكە لە بنكەی پۆلیسی سەیوان سكاڵای لەسەر تۆمار كراوە".
سەرۆكی جووڵانەوەی نەوەی نوێ‌ بەپێی ماددەی 456 لە یاسای سزادانی عێراقی فەرمانی دەستگیركردنی بۆ دەرچووە.

دوێنێش نەوەی نوێ ڕاگەیەندراوێكی لەبارەی دواین فەرمانی دەستگیركردنی شاسوار عەبدولواحید بڵاو كردەوەو فەرمانەكە بە فشاری سیاسیی لە قەڵەم دەدات‌و دەڵێت، پارێزەری ماڵی جەلال تاڵەبانی سكاڵاكەی تۆمار كردووە.
نەوەی نوێ زانیاریی لەبارەی ئەو سكاڵایە نەخستووەتە ڕوو كە بەهۆیەوە فەرمانی دەستگیركردنەكە دەركراوە، بەڵام دەڵێت "كە پێشتر (10) سكاڵای هاوشێوە تۆماركراوە، بەڵام بەبڕیاری دادگا هەموویان رەتكراونەتەوە، ئەوەی مایەی سەرسامیە، سكاڵای ئەمجارە لەبەر ئەوەی لەلایەن پارێزەری ماڵی جەلال تالەبانییەوە تۆماركراوە، دادگا فەرمانی دەستگیركردنی پێ دەردەكات، لەوەش نایاسایی تر ئەوەیە كە بە پێی یاسا دووەمجار هەمان داوا لەسەر هەمان بابەت تۆمار ناكرێت و یاسا ڕێی پێ نادات، هەروەها هیچ ئاگاداركردنەوەیەك بۆ سەرۆكی جوڵانەوەی نەوەی نوێ نەهاتووە، كەچی بەشەو، فەرمانی دەستگیركردن بڵاودەكرێتەوە؟".

ڕاگەیەندراوێك لەجوڵانەوەی نەوەێ نوێ-وە

لەدرێژەی پیلان و فشارەكانیاندا بەرامبەر جوڵانەوەی نەوەی نوێ و سەرۆكەكەی، شەوی رابردوو، یەكێتی لەڕێگەی بەشێك لەڕاگەیاندنە سێبەرەكانیەوە، لەپاش تەواو بوونی دەوامی فەرمیی و لەكاتێكدا خەڵك چاوەڕوانی بڵاوكردنەوەی هەواڵی پێدانی مووچە دزراوەكانیان بوون، فەرمانێكی دەستگیركردنیان بڵاوكردەوە كە بۆ بەڕێز شاسوار عەبدولواحید سەرۆكی جوڵانەوەی نەوەی نوێ دەركراوە.

سەبارەت بەو فەرمانی دەستگیركردنە، روونە كە ئەمەش لەدرێژەی ئەو فشارانەیە كە یەكێتی لەمێژووی خۆیدا پێی راهاتووە، كە هەمیشە بەرامبەر هەموو هێزێكی ئازاو بوێر كردویەتی، لەنەوەدەكانی سەدەی رابردووەوە تائێستاش هەمان ئەو سیاسەت و ئەو عەقڵیەتە ناشرینە بەردەوامە، سەرەتا بەهێزە ئیسلامیەكان و دواتر بە بزووتنەوەی گۆڕان و ئێستاش بەرامبەر جوڵانەوەی نەوەی نوێ، بەڵام لەكاتی گوشارەكاندا سەرجەم ئەو هێزانە بەهێزتر بوون.

ئاشكرایە فشارەكانی ئێستای یەكێتی و ئەم هەنگاوە قێزەونانەی كە تیایدا دەسەڵاتی دادوەری بەمەترسیدارترین شێوە بەكاردەهێنێت، جگە لەوەی قسوری نەكردووە لەبەكارهێنانی دامەزراوە گشتییەكانی تری وەك پۆلیس و هێزە ئەمنیەكان، هەوڵێكی نەزۆكی یەكێتییە بۆ داپۆشینی هەموو ئەو شكستانەی كە رووبەڕوویان بۆتەوە چ لەڕووی حوكمڕانیەوە چ لەڕووی پەیوەندی هاوسەنگیان لەگەڵ هێزەكانی تر.

یەكێتی بەم جۆرە هەوڵ و فشارانە، دەیەوێت شكستە ناوخۆییەكانی خۆیان و باڵباڵێن و پەرتەوازەیی خۆیان و فەرامۆشكردنیان و حساب بۆ نەكردنیان لە لایەن پارتی و هەروەها بچووكی حەجمیان لە ناو كابینەی نوێی حكومەت، بەم رەفتارانە داپۆشن و خۆڵ بكەنە چاوی تەنانەت كادیرو ئەندامانی خۆشیان.
لەبەر ئەوەی كە ئەم لێكترازانە ناوخۆییەی یەكێتی خۆی، بووەتە مایەی داڕمانی هەموو مۆراڵێك لای ئەو حزبەو تەنانەت داڕمانی پێگەی جەماوەریشیان، بۆیە دەیانەوێت بەفشاركردن و لێدانی هێزە ئازاو بوێرەكان تەمەنی خۆیان ماوەیەكی تریش درێژ بكەنەوە.

دەمانەوێت رای گشتیی لەوە ئاگادار بكەینەوە، كە ئەو فەرمانی دەستگیركردنەی دوێنێ شەو بەشێك لەراگەیاندنە سێبەرەكانی یەكێتی بڵاویانكردۆتەوە، لەكاتێكدایە كە پێشتر (10) سكاڵای هاوشێوە تۆماركراوە، بەڵام بەبڕیاری دادگا هەموویان رەتكراونەتەوە، ئەوەی مایەی سەرسامیە، سكاڵای ئەمجارە لەبەر ئەوەی لەلایەن پارێزەری ماڵی جەلال تالەبانییەوە تۆماركراوە، دادگا فەرمانی دەستگیركردنی پێ دەردەكات، لەوەش نایاسایی تر ئەوەیە كە بە پێی یاسا دووەمجار هەمان داوا لەسەر هەمان بابەت تۆمار ناكرێت و یاسا ڕێی پێ نادات، هەروەها هیچ ئاگاداركردنەوەیەك بۆ سەرۆكی جوڵانەوەی نەوەی نوێ نەهاتووە، كەچی بەشەو، فەرمانی دەستگیركردن بڵاودەكرێتەوە؟. ئێمە پێمان وایە نەدەبوو بەشێك لە دادوەرە بەڕێزەكان بچنە ژێر باری كارێكی لەوجۆرەوە كە دوورە لەهەموو عورفێكی یاسایی و بە پلەی یەك زیان بە سومعە و ناوبانگی خۆیان دەگەیەنن، پاشان بە سیستەمی دادوەری و دادگای سلێمانی دەگەیەنێت.

جوڵانەوەی نەوەی نوێ و سەرۆكەكەی، هەر لەسەرەتاوە دەیانزانی كە كارەكەیان كارێكی قورسەو ئەم جۆرە فشارو لەمپەرانە دێنە بەردەمی و رووبەڕووی هێرشی جۆراو جۆری دەسەڵات دەبنەوە، بەڵام هەمووان دڵنیا دەكەینەوە كە ئەم هەوڵەش وەك هەموو هەوڵەكانی رابردوویان مایەپووچ دەردەچێت و ئەم جۆرە فشارانە نەوەی نوێ و سەرۆكەكەی و سەركردەكانی لاواز ناكات، كاروان و پەیامی نەوەی نوێش بۆ وڵاتێكی ئاوەدان و ئابووریەكی بەهێزو هاووڵاتیەكی خۆشگوزەران گەرموگوڕتر بەردەوام دەبێت.

لە كۆتاییدا بەو كەسە بچوكانەی پشت ئەم بابەتە رادەگەینین كە سەرۆكی جوڵانەوەكەمان خۆی مەردانە دێتە سەر شاشەكانی تەلەفزیۆن و بە ئاشكرا و بە ناوی خۆیەوە رەخنەتان ئاراستە دەكات و قسە دەكات، بەڵامم ئێوە ترسنۆكانە و نامەردانە لە پشتەوە دادگا بەكار دەهێنن و كەستان ناوێرن خۆتان بكەن بە خاوەنی ئەم رەفتارە ناشرینانە و ئازایەتی روبەروبونەوەتان تێدا نییە. بەڵكو ترسنۆكانە لە ژێرەوە شەری خۆتان بە چەند دادوەرێك دەكەن كە هیج دەسەڵاتێكیان نییە و كەس نازانێت هەرەشەی چی لەو دادوەرانە دەكەن.