ناوەڕۆكی كۆبوونەوەی ئەمڕۆی حكومەتی هەرێم

30-07-2019 07:18


پەرەگراف

ئەنجومەنی وەزیران بە سەرپەرشتی مەسرور بارزانی كۆبووەوەو پەیوەندییەكانی هەرێم‌و بەغداو پرسی چاكسازیی‌و ڕێكخستنەوەی داهاتی ناوخۆی هەرێم‌و چۆنیەتی دامەزراندنی ئەنجومەنی گشتی راژەی تاوتوێ كرد.

ڕاگەیەندراوی كۆبوونەوەكە

رۆژی سێشەممە 30 ی تەمووزی 2019 ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان بە سەرۆكایەتی مەسرور بارزانی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران كۆبوونەوەی خۆی ساز كرد.

لە سەرەتای كۆبوونەوەكەدا سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران تیشكی خستە سەر دەسپێكردنی گفتوگۆكانی نێوان هەرێمی كوردستان و بەغدا كە هەفتەی رابردوو لە هەولێر شاندی باڵای هەردوولا كۆبوونەوە و گفتوگۆ لە بارەی سێ تەوەر كرا كە بریتیبوون لە نەوت وگاز ، بودجە و كێشە داراییەكان، ناوچە دابڕێنراوەكانی دەرەوەی هەرێمی كوردستان. لە كۆبوونەوەكەدا ئاماژە بەوە درا كە چەند لیژنەیەكی تەكنیكی پێكهاتوون بۆ گفتوگۆكردن لە بارەی وردەكارییەكان و هەردوولا پێشنیار و كارنامەی تایبەتییان ئامادە كردووە و بڕیارە بەم زووانە درێژە بە گفتوگۆكان بدرێت.

پاشان گفتوگۆ لەبارەی چۆنیەتی دامەزراندنی ئەنجومەنی گشتی راژە لە هەرێمی كوردستان كرا بۆ رێكخستنەوەی كاروباری فەرمانبەران. ئەم بابەتەش بەشێكە لە پرۆسەی چاكسازیی كە لە هێڵە گشتییەكانی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێمی كوردستاندا هاتووە.

تەوەرێكی دیكەی كۆبوونەوەكە، گفتوگۆكردن بوو دەربارەی رێكخستنەوەی داهاتی ناوخۆی وەزارەت و دەستە و لایەنەكانی نەبەستراو بە وەزارەت لە چوارچێوەی وەزارەتی دارایی و ئابووری و ، بڕیاردرا هەموو ئەو وەزارەتانەی داهاتیان هەیە، گشت داهاتەكانیان بنێردێتەوە بۆ وەزارەتی دارایی، پێداچوونەوەش بە خەرجییەكانی هەر وەزارەتێك بكرێت و دواتر بە پێی پێویستی و تایبەتمەندی، پێداویستی خەرجییەكانی هەر وەزارەتێك دابین بكرێت.

ئەنجومەنی وەزیران هەروەها گفتوگۆی لەبارەی پرۆژە (یاسای چاكسازی لە خانشینی و مووچە و دەرماڵە و ئیمتیازەكانی دیكە لە هەرێمی كوردستان) كرد . بڕیاردرا كە گفتوگۆی پێویستی لە بارەوە بكرێت و لە نزیكترین كاتدا بنێردرێتەوە بۆ پەرلەمانی كوردستان.

لە كۆتایی كۆبووەنەوەكەدا، ئەنجومەنی وەزیران وەزارەتەكانی شارەوانی وگەشتوگوزار، تەندروستی، ناوخۆ و دەستەی ژینگەی راسپارد، هەماهەنگی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەكانی دیكە بكەن بۆ ئامادەكردنی رێنمایی پێویست بۆ پاراستنی گیان و سەلامەتی گەشتیاران و هاووڵاتیان لە شوێنە گەشتیارییەكانی هەرێمی كوردستان.