لە گۆڕە بەكۆمەڵەكەی ژن‌و منداڵانی كورد لە سەماوە 171 ڕوفات دەرهێندران

03-08-2019 01:51
گۆڕە بە كۆمەڵەكەی ژن‌و منداڵانی كورد لە سەماوە كە 23-7-2019 دەست بە هەڵدانەوەی كرا. وێنە؛ وتەبێژی وەزارەتی شەهیدان ناردوویەتی بۆ پەرەگراف.


پەرەگراف

وەزارەتی شەهیدانی هەرێم كۆتاییهاتنی هەڵدانەوەی یەكەم گۆڕی ژن‌و منداڵانی كوردی لە بیابانی سەماوە ڕاگەیاند، لەو گۆڕەدا 171 ڕوفات دەرهێندراون‌و هێشتا دوو گۆڕی دیكە لەو ناوچەیە ماون هەڵبدرێنەوە.

هەڵدانەوەی گۆڕە بەكۆمەڵەكانی ئەنفال، بەپێی یاسای پاراستن و هەڵدانەوەی گۆرە بەكۆمەڵەكانی عێراقە، تیمێكی هاوبەشی دەزگای شەهیدانی عێراق، وەزارەتی كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوان لەگەڵ پزیشكی دادوەری هەڵدەستن بە هەڵدانەوەی گۆڕەكان بە هاوكاری ڕێكخراوی ICMPی نێودەوڵەتی.

فوئاد عوسمان، وتەبێژی وەزارەتی شەهیدانی هەرێم ئەمڕۆ لە فەیسبوكی خۆی ڕایگەیاند، دوای 13 ڕۆژ كاركردن كۆتاییان هێناوە بە هەڵدانەوەی یەكەم گۆڕی بەكۆمەڵی تەل شیخیەی سەماوە، لە كۆی ئەو 3 گۆڕەی لە ماوەی ڕابردوو ڕاگەیەندرا بوو.

هاوكات سیروان جەلال بەڕێوەبەری گۆڕە بەكۆمەڵەكان لە وەزارەتی شەهیدان دەڵێت، دور لە پێشبینییەكانی سەرەتای كاركردنیان كە پێیان وابوو نزیكەی 80 ڕوفات لەو گۆڕەدا هەیە، بەڵام ڕوفاتەكان زۆر زیاتر بوون‌و گەیشتووەتە 171 ڕوفات.

گۆڕە بە كۆمەڵەكەی ژن‌و منداڵانی كورد لە سەماوە كە 23-7-2019 دەست بە هەڵدانەوەی كرا. وێنە؛ وتەبێژی وەزارەتی شەهیدان ناردوویەتی بۆ پەرەگراف.

سیروان جەلال ئەوەشی خستە ڕوو، پزیشكی دادیی دەستی كردووە بە گواستنەوەی ڕوفاتەكان بۆ بەغداد تا سامپڵ لە ئێسكیان وەربگیرێت بە مەبەستی ئەنجامدانی پشكنین، ئەوەش بۆ ناسینەوەو دیاریكردنی ناسنامەیان.

"لەگەڵ ڕوفاتەكاندا كەلوپەل‌و بەڵگەمان دۆزیوەتەوە" بەڕێوەبەری گۆڕە بەكۆمەڵەكان لە وەزارەتی شەهیدان وادەڵێت.

گۆڕە بە كۆمەڵەكەی ژن‌و منداڵانی كورد لە سەماوە كە 23-7-2019 دەست بە هەڵدانەوەی كرا. وێنە؛ وتەبێژی وەزارەتی شەهیدان ناردوویەتی بۆ پەرەگراف.

ئەو گۆڕە بە كۆمەڵەی ئەنفالكراوانی كورد لە بیابانی پارێزگای سەماوە لە باشوری عێراق كە ئەمڕۆ هەڵدانەوەی كۆتایی هات ، ڕۆژی سێشەممە 23ی تەمموزی 2019، دوای 31 ساڵ لەو كارەساتە، دەست بە هەڵدانەوەی كرا.

لە هەرێمی كوردستان لە كۆی 182 هەزار ئەنفالكراو و ئەنفالی بارزانییەكان، تەنیا ڕوفاتی دوو هەزار و 500 ئەنفالكراو لە بیابانەكانی ناوەڕاست و خواروی عێراق هێنراونەتەوە، ئەوەش لە مۆنۆمێنتەكانی تایبەت بە ئەنفال بەخاكسپێردراون.

گۆڕە بە كۆمەڵەكەی ژن‌و منداڵانی كورد لە سەماوە كە 23-7-2019 دەست بە هەڵدانەوەی كرا. وێنە؛ وتەبێژی وەزارەتی شەهیدان ناردوویەتی بۆ پەرەگراف.

شاڵاوەكانی ئەنفال، لە ساڵی 1988 و بۆ ماوەی حەوت مانگ بەردەوام بوو (شوبات بۆ ئەیلول)، لەو ماوەیەدا بە شەش قۆناغ و لە هەشت ناوچەی جیاوازی كوردستان ڕژێمی بەعس زیاتر لە 182 هەزار كەسی بێسەروشوێن كرد و دواتر كۆمەڵكوژكران، جگە لە وێرانكاری هەزاران گوند.

دڕندانەترین بەشی ئەنفال، بە قۆناغی سێ دادەنرێت، كە ناوچەی گەرمیانی گرتەوە و تەنیا گوندێك لەو سنورە بە ئاوەدانی نەمایەوە، بەشێكی زۆری ئەنفالكران و ئەوانیتر بۆ ئۆردوگای زۆرەملێ ڕاگوێزران.

كۆتاییهاتنی كاركردن لە گۆڕە بەكۆمەڵەكەی سەماوە. وێنە؛ فەیسبوكی فوئاد عوسمان

كەسوكاری ئەنفالەكان، بەشێكیان تا ڕوخانی حوكمی بەعس بە سەرۆكایەتی سەددام حسێن لە 2003دا ئومێدی ئەوەیان هەبوو ڕۆڵە بێسەروشوێنەكانیان لە ژیاندا مابن و بگەڕێنەوە، بەڵام لەوەدا بێ هیوا بون، لەبری ئەوە چەندین گۆڕی بە كۆمەڵ دۆزرانەوە.

* چیرۆكەكانی ژێر گڵ 
مەرگەساتی كۆمەڵكوژی ژنان و منداڵانی كورد لە بیابانەكانی سەماوە