كەیهان كەڵهوڕ خەڵاتی جیهانیی باشترین هونەرمەندی ساڵی 2019ی پێ‌ بەخشرا

09-08-2019 02:32

پەرەگراف

كەیهان كەڵهوڕ، هونەرمەندی دیاری كورد و ژەنیاری جیهانیی كەمانچە، خەڵاتی باشترین هونەرمەندی ساڵی 2019ی لەلایەن نمایشی گەورەی مۆسیقای جیهان (WOMEX)ـەوە پێ‌ بەخشرا.

ڕۆژی پێنج شەممە، ناوەندی مۆسیقای جیهانی ڕایگەیاند، بڕیارە نۆزدەیەمین خەڵاتی ومێكس لە ڕۆژی 27ی تشرینی یەكەم و لە 25ـەمین ساڵیادی دامەزراندنی ومێكسدا، پێشكەش بەو هونەرمەندە كوردە بكرێت.

نمایشی گەورەی مۆسیقای جیهانی ناسراو بە WOMEX، گەورەترین كۆبوونەوە و نمایشی مۆسیقایە لەسەر ئاستی جیهاندا، كە تێیدا جگە لە كۆنسێرتی گەورە و نمایشكردنی فیلم، هاوكات گفتوگۆی مۆسیقی ئەنجام دەدرێت و خەڵاتیش بەسەر هونەرمەنداندا دابەش دەكرێت. نمایشەكە هەموو ساڵێك لە مانگی تشرینی یەكەمدا لە شاری هێلسنكی پایتەختی فینلەندا بەڕێوە دەچێت.

لە نمایشە گەورەكەی ئەمساڵدا سێ خەڵاتی سەرەكی دەبەخشرێت كە گرنگترینیان ئەو خەڵاتەیە كە بە كەیهان كەڵهور دەبەخشرێت و لە 24 ساڵی ڕابردوودا بە دەیان هونەرمەند و گرووپی مۆسیقی جیاواز لە جیهاندا بەخشراوە. دوو خەڵاتەكەی دیكەش بە كۆمپانیا سەركەوتووەكانی بواری بەرهەمهێنانی مۆسیقا و فیستیڤاڵە مۆسیقییەكانی جیهان دەبەخشرێت.

كەیهان كەڵهوڕ دەربارەی هەڵبژاردنی وەكو باشترین هونەرمەندی ساڵ دەڵێت "وەرگرتنی خەڵاتی (ومێكس) بۆ من زۆر گرنگە. ئەم خەڵاتە ڕێزلێنانە لە فەرهەنگی دەوڵەمەندی وڵاتەكەم كە ئێرانە و هونەری فارسی كە لە درەوشانەوەدایە و لە جیهاندا جێگای بایەخە".

دوو هەفتە لەمەوبەریش ئەلبوومی مۆسیقیی (هێشتا پایزە)ی كەیهان كەڵهوڕ لەلایەن گۆڤاری (سۆنگلاینز)ـەوە بە ئەلبوومی پێنج ئەستێرە و یەكێك لە 10 باشترین ئەلبوومەكانی ساڵی 2019 دەستنیشان كرا.

ئەلبوومی هێشتا پایزەی كەیهان كەڵهوڕ، لە دوو بەش پێكهاتووە، بەشی یەكەمی ژەنینە بە ئامێری كەمانچە و بەشی دووەمی ئامێری شاكەمانە كە ئامێرێكی داهێنراوی كەیهان كەڵهوڕ خۆیەتی. ئەلبوومەكە بە هاوكاریی گرووپێكی مۆسیقیی سێ‌ كەسیی هۆڵەندی تۆمار كراوە كە ڕێمبرانت فیرێكس ژەنیاری دیاری جیهانیی ئامێری پیانۆ و دوو هونەرمەندی ناسراوی دیكەن بە ئامێرەكانی تەپڵ و چەلۆ.

كەیهان كەڵهوڕ و ژەنیارانی دیكەی ئەلبوومی هێشتا پایزە

گۆڤاری سۆنگلاینزی بەریتانی لە بیستەمین ساڵیادی دامەزراندنیشیدا، ناوی گرنگترین 20 هونەرمەندی ئێستای جیهانی ڕاگەیاند، كە ناوی كەیهان كەڵهوڕ لەو لیستەدا هاتووە.

كەیهان كەڵهوڕ، هونەرمەندی كوردی ڕۆژهەڵاتی كوردستان و ژەنیاری گەورەی ئامێری كەمانچە، ساڵی ١٩٦٣ لە شارۆچكەی ئیسلامئابادی غەرب سەر بە پارێزگای كرماشان لەدایك بووە.

جگە لە كەمانچە، ژەنیاری ئامێرەكانی سێتار و تەنبوور و شاكەمانە.

لە تەمەنی پێنج ساڵییەوە دەستی بە خوێندنی مۆسیقا كردووە و لە تەمەنی ١٣ ساڵیدا لەگەڵ ئۆركسترای ڕادیۆ و تەلەفزیۆنی كرماشان كاری كردووە. لە تەمەنی 17 ساڵیدا چووەتە ئیتاڵیا و دواتر بۆ درێژەدان بە خوێندن ڕووی لە كەنەدا كردووە.

كەیهان كەڵهوڕ لە ساڵی 2016 لەگەڵ گرووپی مۆسیقای (ڕێگای ئاوریشم) و یۆیۆما، هونەرمەندی بەناوبانگی ئەمریكی بە ڕەگەز چینی، بە ئەلبوومی (Sing me home) خەڵاتی گرامی (Grammy Awards)ی بۆ باشترین مۆسیقای جیهانیی ساڵ بردەوە، كە لەلایەن ئەكادیمیای نیشتمانی بۆ تۆماری هونەر و زانست (NARAS) پێشكەش دەكرێت.

كەیهان كەڵهوڕ و یۆیۆما