پەرلەمانتارەكەی نەوەی نوێ سەكۆیەك بۆ ڕێگریكردن لە "هەڕەشەی ئابڕووبردن" ڕادەگەیەنێت

28-04-2019 12:36
شادی نەوزاد لە كۆنگرە ڕۆژنامەوانییەكەيدا(24-4-2019) ئەو نامەیەی پیشانی ڕۆژنامەنووساندا كە بۆی نێردراوە.


پەرەگراف

ئەو ژنە پەرلەمانتارەی نەوەی نوێ كە بە بڵاوكردنەوەی "ڤیدیۆی ڕووت"‌و دەستكاریی كراو و ژیانی شەخسیی هەڕەشەی لێكرا، سەكۆیەكی ڕاگەیاند بۆ ڕێگریكردن لە "هەڕەشەی ئابڕووبردن".

شادی نەوزاد پەرلەمانتاری نەوەی نوێ لە پەرلەمانی كوردستان، لە ڕاگەیاندنی سەكۆكەدا دەڵێت"‎لە دوای ڕاپەڕینەوە بێشوومار لە دادگاكاندا داوا تۆماركراوە لەسەر ئەوەی كە هەڕەشەی ئابڕووبردن لە كەسانێك دەكرێت و زۆرجاریش ناچاری كاری تریان دەكەن، زۆر زیاتر لەوەش لەبەر ئیعتیباری كۆمەڵایەتی، یان ناچاری ئابووریی، قوربانییەكان بێدەنگییان هەڵبژاردووە."

ئەو پەرلەمانتارە پێیوایە، ئەو حاڵەتە گەیشتووەتە شوێنێك كە خەڵكانیك ناتوانن بەشداریی كایەی سیاسی، ئابووری‌و كۆمەڵایەتی بن، "لە ترسی ئەو هەڕەشەو سەرانەو گێچەڵانە، بۆیە ئەركی هەموومانە بێدەنگ نەبین و چیتر سنوورێك بۆ ئەم جۆرە كارانە دابنێین لە پێناو فەراهەمكردنی كەشێك كە هەمووان تێیدا ئازادانەو ئازایانە تواناكانی خۆیان وەگەڕخەن و بەشدارێكی چالاكی سەرجەم جومگەكان بن."

شادی نەوزاد لە پەیجی خۆی لە فەیسبوك، ڕاگەیەندراوێكی لەبارەی سەكۆی ڕێگریكردن لە هەڕەشەی ئابڕووبردن بڵاوكردووەتەوەو ئەوەی خستووەتەڕوو، سەكۆكە دەبێتە خوانی سەرجەم چالاكوان و یاساناس و سیاسی و ڕۆژنامەنووس و هەموو ئەوانەی دەیانەوێ لە وڵاتێكدا بژین كە ترسی هەڕەشەی ئاشكراكردنی ژیانی تایبەتییان نەبێت.

"ئەم سەكۆیە لەسەر هەردوو ئاستی یاسایی و كۆمەڵایەتی كار دەكات، لە ڕووی یاساییەوە كار بۆ دەرچواندنی یاسایەك دەكات كە وەڵامدەرەوەی گێچەڵ و هەڕەشەكان بێت و هەمووان لە سایەیدا پارێزراو بن، لە ڕووی كۆمەڵایەتییەوە سەكۆكە كەمپەینێك سەر ڕێ دەخات لە پێناو بەرزكردنەوەی ئاستی هۆشیاری دژی هەڕەشەی ئابڕووبردن و نەترسان لە هیچ لەو كارانەی كە ڕۆژانە لە ژیانی تایبەتی خۆماندا دەیكەین"، شادی وادەڵێت.

ڕاگەیاندنی ئەو سەكۆیە دوای ئەوەدێت، سێ ڕۆژ لەمەوبەر ئەو پەرلەمانتارەی نەوەی نوێ ئاشكرای كرد، لەسەر كێشە ناوخۆییەكانی جوڵانەوەكەیان هەڕەشەی بڵاوكردنەوەی "گرتەی ڤیدیۆیی ڕووت‌و دروستكراو و ژیانی شەخسییان لێ‌ كراوە."

شادی نەوزاد، ئەوكات لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا لە تەلاری پەرلەمانی كوردستان ئەو نامە هەڕەشەئامێزەی خستەبەردەم ڕۆژنامەنووسان كە تێیدا هەڕەشەی لێ كردووە و پێیان گوتووە "چاوەڕوانی بڵاوكردنەوەی فیلمی ڕووتی خۆیشت بە."

بەوتەی ئەو پەرلەمانتارە، نامەكە لەلایەن "باندێكی سەر بە شاسوار عەبدولواحید" سەرۆكی جوڵانەوەی نەوەی نوێوە بۆیان نێردراوە، ئەوەش پاش ناڕەزایی بەشێك لە ئەندامانی ئەنجومەنی باڵای نەوەی نوێ‌ و هەردوو فراكسیۆنی جووڵانەوەكە لە هەرێم و بەغدا دێت كە ڕەخنەیان ئاڕاستەی حیزبەكەیان‌و سەرۆكەكەی كرد.

بەڵام دواتر شاسوار عەبدولواحید بەتووندی ڕەتیكردەوە ئەوە كاری ئەوان بووبێت‌و ئەوەی خستەڕوو، پێی سەیرە ئەو پەرلەمانتارە بەو جۆرە قسەی لەسەر كردووە، وتی "كەسێك باش من دەناسێت چۆن دڵی یەت ئاوام پێ‌ دەڵێت. دەكرێ‌ كەسێك نامەت بۆ بنێرێ‌ بڵێی ئەوەسەرۆكی حیزبەكەمە؟! ئەوە شتێكی منداڵانەیە."

شاسوار وتیشی "ئەو كچە شوقەی لە گوندی ئەڵمانی نەبووە و ئەو فەقیرە خۆیشی قوربانییە. ڕۆژێك دەردەكەوێت لەژێر چ فشارێكدا ئەوەی كردووە. تەحەدای ئەوە ئەكەم بچوكتری ڤیدیۆ و دەنگێكی تۆماركراوی ئەو شوێنانە هەبێ‌."

ئاشكرا كردنی ئەو نامە هەڕەشەئامێزە لەلایەن شادی نەوزادەوە، كاردانەوەی فراوانی لێكەوتەوەو هەریەكە لە لیژنەی ئافرەتان لە پەرلەمانی كوردستان و گرووپی خانمانی پەرلەمانتار، ئیدانەی توندی هەڕەشەكردن لە ژنەپەرلەمانتارەكەی نەوەی نوێ-یان كردو بەپێویستیان زانی، ئەو كەسانەی ئەو كارەیان كردووە سزای یاسایی تاوانەكانیان وەربگرن.