سەرۆكی پێشووی لیژنەی دەستپاكی پارێزبەندیی لەسەر هەڵگیرا و تۆمەتبارە بە گەندەڵی

20-08-2019 11:46

پەرەگراف

سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق پارێزبەندیی لەسەر پەرلەمانتارێك هەڵگرت بە مەبەستی دادگاییكردنی لە چوارچێوەی ئەو سكاڵایانەی بە تۆمەتی گەندەڵی ڕووبەڕووی كراوەتەوە لەو كاتەی كە سەرۆكی لیژنەی دەستپاكی بووە.

محەمەد حەلبووسی، سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، بە نووسراوێكی فەرمی وەڵامی نووسراوی سەرۆكی داواكاریی گشتیی عێراقی داوەتەوە كە 28ی مانگی ڕابردوو بە مەبەستی هەڵگرتنی پارێزبەندی لەسەر پەرلەمانتار (تەڵاڵ زەوبەعی) ئاراستەی كردبوو.

لە نووسراوەكەی سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقدا هاتووە، ئاماژە بە نووسراتان (ژمارە 120)، لە چوارچێوەی داواكاریی هەڵگرتنی پارێزبەندی لەسەر پەرلەمانتار (تەڵاڵ خزەیر عەباس زەوبەعی) بەهۆی زۆریی ئەو سكاڵایانەی لەسەری تۆمار كراوە بە تۆمەتی گەندەڵی لەو كاتەی كە سەرۆكی لیژنەی دەستپاكی بووە، هەروەها بەپێی ئەو دەسەڵاتەی پێمان دراوە لە ماددەی 63ی دەستوور، بڕیارمان دا پارێزبەندیی لەسەر هەڵبگرین.

سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق داوای كردووە لەسەر بنەمای ئەو سكاڵایانە ڕێكاری یاسایی بەرانبەر ئەو پەرلەمانتارە بگرێتە بەر.

تەڵاڵ خزەیر كەعید زەوبەعی، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و كەسایەتییەكی سوننەیە. لە دایکبووی ساڵی 1969ی بەغدایە و خاوەنی بڕوانامەی بەكالۆریۆسە لە ڕاگەیاندندا. سێ خولە لەسەر یەك ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقە لەسەر بازنەی بەغدا.