قوباد تاڵەبانی "نیگەرانە" لە مەسرور بارزانی‌و داوای "گۆڕینی پۆستەكەی" دەكات

20-08-2019 06:36
قوباد تاڵەبانی - مەسرور بارزانی


پەرەگراف- سوركێو محەمەد

قوباد تاڵەبانی داوای لە حیزبەكەی كردووە ئاڵوگۆڕ بە پۆستەكەی بكرێت‌و جێگری سەرۆكی هەرێمی پێبدرێت، ئەوەش بەهۆی "نیگەرانیی لە مەسرور بارزانی"، بەڵام داواكارییەكەی ڕەتكراوەتەوە.

"قوباد تاڵەبانی سەردانی كاك كۆسرەتی كردووەو داوای كردووە كەسێكی دیكە بۆ جێگری سەرۆكی حكومەت دیاریی بكرێت‌و پۆستی جێگری سەرۆكی هەرێم بە ئەو بدرێت، بەڵام كاك كۆسرەت ڕەزامەند نەبووە" سەرچاوەیەكی باڵا كە بە وردی ئاگاداری داواكارییەكەی قوباد تاڵەبانی‌و گفتوگۆكانیەتی لەگەڵ كۆسرەت ڕەسوڵ بۆ پەرەگراف وای وت.

لەبارەی هۆكاری ئەو داواكارییەی قوباد تاڵەبانی، سەرچاوەكە وتی "نیگەرانە لە مامەڵەی مەسرور بارزانی، بەتایبەت لەوەدا كە هەمان ئەو دەسەڵاتانەی نییە كە لە كابینەی پێشوو نێچیرڤان بارزانی پێیدابوو، بەدیاریكراویش لە دەسەڵاتی خەرجكردنی پارەدا".

قوباد تاڵەبانی بە دەنگدان لە ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی بۆ جێگری سەرۆكی حكومەت كاندید كراو پۆستەكەی پێدرا، لە سەرەتای پێكهێنانی كابینەكەدا پێداگریی لەوەدەكرد سەرۆكی حكومەتی هەرێم تەنها یەك جێگری هەبێت‌و ئەو پۆستەش بە ئەو بدرێت، كابینەی نوێ زیاتر لە 40 ڕۆژە لە پەرلەمان سوێندی یاسایی خواردووەو دەستبەكارە.

"كاك كۆسرەت پێی گوتووە سەرەتا پێشنیاری جێگری سەرۆكی هەرێم‌و سەرۆكی پەرلەمانت بۆ كراو قبوڵت نەكرد، ئێستا گۆڕانكاریی ناكرێت" سەرچاوەكە وای وت.

ئەو سەرچاوە باڵایە ئاماژەی بەوەش كرد، یەكێتی چاودێریی ئەدای نوێنەرو بەرپرسە باڵاكانی دەكات لە كابینەی نوێ، "بڕیارە 6 مانگی دیكە لیژنەیەك هەڵسەنگاندن بۆ كارەكانیان بكات‌و ڕەنگە ئەوكات بەپێی پێویستیی گۆڕانكاریی بكرێت".

قوباد كە یەكێتییەكان بە "مامی بچوك" ناوی دەبەن، وەك نەرمترین كەسایەتیی ماڵی تاڵەبانی دەردەكەوێت بەرامبەر پارتی، ئەوەش پەیڕەوكردنی سیاسەتی تاڵەبانی باوكە لە دەیەی كۆتایی تەمەنیدا بەرامبەر بارزانییەكان، بەڵام وادەردەكەوێت كابینەی نۆیەم بە سەرۆكایەتی مەسرور بارزانی جیاوازە لە كابینەی هەشتەم بە سەرۆكایەتی نێچیرڤان بارزانی ئەوەش بە دڵی قوباد تاڵەبانی نییە.

"لە كابینەی پێشوو نێچیرڤان بارزانی دەسەڵاتی تەواوی دابوو بە قوباد تاڵەبانی بەتایبەت لە خەرجكردنی پارەدا، ئەو كاتانەشی سەرۆكی حكومەت لە دەرەوەی هەرێم بوایە قوباد تاڵەبانی دەسەڵاتەكانی ئەوی هەبوو، بەڵام ئێستا وانییە، هەر لەسەرەتاشەوە پارتی ئەو پەیامەی بە یەكێتی دابوو كە ئەمجارە لە كابینەی نۆهەم جێگری سەرۆكوەزیران دانانێن بە تامی سەرۆكوەزیران لەو ناوچانەی پێیدەوترێت زۆنی سەوزو نیلی" سەرچاوەكە وادەڵێت.

قوباد تاڵەبانی كاتێك سەرۆكایەتی لیستی یەكێتی دەكرد لە هەڵبژاردندا، شار بە شار دەگەڕاو پڕ بە گەروی هاواری بۆ "ئارامی، خزمەت‌و هەلی كار" دەكرد، جێبەجێكردنی ئەو دروشمانە بە بوونی دەسەڵاتێكی فراوان‌و بەهێز دەكرێت لە ناو حكومەتدا، هەربۆیە پێویستی بەوەیە دەسەڵاتی هەبێت بەتایبەت لە خەرجكردنی پارە بۆ پڕۆژە خزمەتگوزارییەكان.

پەرەگراف بۆ وەرگرتنی زانیاریی زیاترو لێدوانی فەرمیی پەیوەندیكرد بە سەمیر هەورامی سكرتێری ڕۆژنامەوانیی قوباد تاڵەبانی، بەڵام وەڵامی پەیوەندییەكەی نەدایەوە.