دوایین كاردانەوە و لێكەوتەكانی هێرشەكەی سەر كەرتی نەوتی سعوودیە

16-09-2019 02:07
وێنەی هێرشەكەی سەر كەرتی نەوتی سعوودیە كە مانگە دەستكردەكان تۆماریان كردووە.

پەرەگراف

وەزیری دەرەوەی ئەمریكا سەبارەت بە هێرشەكەی سەر كەرتی نەوتی سعوودیە، پەیوەندیی تەلەفۆنیی لەگەڵ سەرۆكوەزیرانی عێراق ئەنجام داوە. ترەمپیش ئامادەیی وڵاتەكەی بۆ هەنگاوی سەربازی دژی ئەنجامدەرانی هێرشەكە نیشان دا. هەروەها نرخی نەوت بە ڕێژەی لەسەدا 20 بەرز بووەوە.

ئاژانسی هەواڵی ئەسۆشیەیتدپرێس بڵاوی كردەوە كە مایك پۆمپیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریكا، سەبارەت بە گومانی ئەنجامدانی هێرشەكەی ڕۆژی شەممە بۆ سەر كەرتی نەوتی سعوودیە لەناو خاكی عێراقەوە، ئەمڕۆ پەیوەندیی بە عادل عەبدولمەهدی، سەرۆكوەزیرانی عێراقەوە كردووە.

وردەكاریی پەیوەندییە تەلەفۆنییە ئاشكرا نەكراوە، بەڵام دوێنێ‌ نووسینگەی سەرۆكوەزیرانی عێراق ڕەتی كردەوە هێرشەكە لەناو خاكی عێراقەوە ئەنجام درابێت.

ئەمریكا وێنە تۆماركراوەكانی هێرشەكەی لە ڕێگەی مانگی دەستكردەوە، بڵاو كردەوە و بەرپرسێكی باڵای ئەمریكا كە ناوی ئاشكرا نەكراوە، ئەنجامدانی هێرشەكەی خستووەتە ئەستۆی ئێران.

ئەو بەرپرسە بە تۆڕی هەواڵی ئەی بی سیی وتووە "ئێران لە ڕێگەی 20 فڕۆكەی بێفڕۆكەوان و 10 مووشەكی كرووزە، هێرشەكەی لەناو خاكی خۆیەوە بۆ سەر كەرتی نەوتی سعوودیە ئەنجام داوە".

هەرچەندە حوسییەكانی یەمەن بەرپرسیارێتیی ئەنجامدانی هێرشەكەیان لە ئەستۆ گرتووە، بەڵام بەرپرسە باڵاكەی ئەمریكا دەڵێت "كاری ئێرانە. حوسییەكان دەیانەوێت خۆیان بكەن بە خاوەنی هێرشەكە، بەڵام كاری ئەوان نەبووە".

وەزیری وزەی ئەمریكا لە كۆبوونەوەی ساڵانەی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم، ئێرانی بە ئەنجامدانی هێرشەكەی سەر كەرتی نەوتی سعوودیە تۆمەتبار كرد.

ڕیك پێری وتی "بەر لەوەی پەیامی سەرۆكی ئەمریكا بخوێنمەوە، دەمەوێت بڵێم كە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا بە هەموو شێوەیەك هێرشی ئێران بۆ سەر سعوودیە ئیدانە دەكات. داوا لە وڵاتانی دیكەش دەكەین ئیدانەی بكەن".

پێری جەختی لەوە كردەوە "ئەو هەڵسوكەوتە مایەی قبووڵكردن نییە". ڕوو لە نوێنەری وڵاتانی دیكە وتیشی "بە هەڵەدا نەچن، ئەمە هێرشێكی بە ئەنقەستە بۆ سەر ئابووریی جیهانی و بازاڕی جیهانیی وزە".

پێشتر بەرپرسانی سعوودیە ئاماژەیان بەوە كردووە كە هەندێك نیشانە دەری دەخەن كە مووشەكی كرووز لە هێرشەكەدا بەكار هاتووە.

هەر ئەمڕۆ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا، ڕایگەیاند كە لە ئەگەری یەكلابوونەوەی گومانەكان سەبارەت بە ئەنجامدەری هێرشەكەی سەر كەرتی نەوتی سعوودیە، ئەمریكا ئامادەی هەنگاونانی سەربازییە.

ترەمپ دەڵێت، چاوەڕوانی سعوودیەیە كە ئاشكرای بكات هێرشەكە لەلایەن كێوە ئەنجام دراوە. هەروەها ئەوەی كە لە چ بارودۆخێكدا هەنگاوی سەربازی بنێن.

ئەمڕۆ بۆ جاری دووەم عەباس موسەوی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، تۆمەتباركردنی وڵاتەكەی بە ئەنجامدانی هێرشەكە ڕەتكردەوە و بە "تۆمەتی بێ‌ بنەما" وەسفی كرد. موسەوی وتی "سعوودیە تاوانی جەنگی لە یەمەن ئەنجام داوە و ئاساییە كە یەمەنییەكان كاردانەوەیان هەبێت".

پاش دوو ڕۆژ لە هێرشەكان، بەیانیی ئەمڕۆ نرخی نەوتی برێنت بە ڕێژەی تا لەسەدا 20 بەرز بووەوە. هەروەها نرخی نەوتی ڕۆژئاوای تەكساس و جۆرە گرنگەكانی دیكە، بە ڕێژەی لەسەدا 15 بەرز بوونەتەوە.

نەوتی خاو لە بازاڕەكانی جیهاندا بەرزترین نرخی لە ماوەی چوار مانگی ڕابردوودا تۆمار كردووە. ترەمپ بۆ دابەزاندنی نرخی نەوت و پڕكردنەوەی پێویستییەكانی بازاڕ، فەرمانی كرد بە فرۆشتنی بەشێك لە یەدەكی ستراتیژی نەوتی وڵاتەكەی. بەوەش نرخەكان كەمێك دابەزین.

ڕۆژی شەممە حوسییەكانی یەمەن ڕایانگەیاند، لە ڕێگەی 10 فڕۆكەی بێفڕۆكەوانەوە هێرشێكی قورسیان كردووەتە سەر یەكەی نەوتی سعوودیە.

مایك پۆمپیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریكا، بەرپرسیارێتیی هێرشەكەی خستە ئەستۆی ئێران و دەڵێت هیچ بەڵگەیەك نییە بیسەلمێنێت ئەو هیًرشە لە یەمەنەوە ئەنجام دراوە.

پۆمپیۆ دەڵێت "لە كاتێكدا كە ڕووحانی و زەریف بانگەشەی ئەوە دەكەن ڕێگەی دیبلۆماسییان گرتووەتە بەر، ئێران لە پشتی 100 هێرشەوەیە بۆ سەر سعوودیە. ئێستاش لە كاتی هەوڵەكان بۆ كەمكردنەوەی بارگرژییەكان، ژمارەیەك هێرشی بێ پێشینە بووەتە هۆی پەكخستنی سەرچاوەی دابینكردنی وزەی جیهان".

وەزیری نەوتی سعوودیە پشتڕاستی كردەوە كە هێرشەكە بووەتە هۆی ڕاگرتنی بەرهەمهێنانی پێنج ملیۆن و 700 هەزار بەرمیل نەوتی ڕۆژانەی وڵاتەكەی. 

حوسییەكان ڕایانگەیاندووە كە بەرەبەیانی ڕۆژی شەممە هێرشەكەیان بۆ سەر دوو ناوەندی گرنگی نەوتی سعوودیە ئەنجام داوە كە بریتین لە پاڵاوگەی بەقیق و كێڵگەی بەرهەمهێنانی نەوتی خەریس كە گەورەترین كێڵگەی بەرهەمهێنانی نەوتە لە سعوودیە.

كۆمەڵە پاڵاوگەی نەوتی بەقیق و كێڵگەی نەوتی خەریس، دەكەونە ڕۆژهەڵاتی سعوودیەوە. بەقیق دەكەوێتە شەست كیلۆمەتر لە باشووری ڕۆژئاوای زەهران. زەهران گەورەترین كۆمەڵە پاڵاوگەی جیهانە كە زۆرترین بەرهەمهێنانی نەوتی سعوودیە لە كەنداوی عەرەب (كەنداوی فارس) ئەنجام دەدات.

كۆمەڵە پاڵاوگەی نەوتی بەقیق و كێڵگەی نەوتی خەریس سەر بە كۆمپانیای نەوتی ئارامكۆن كە كۆمپانیای میللیی نەوتی سعوودیەیە.