گۆڕانكاری لە پۆستە ئیدارییەكان "لە چوارچێوەی كارنامەی مەسروور بارزانی" بەردەوام دەبێت

17-09-2019 01:32

پەرەگراف

وەزیری ناوخۆی هەرێم لە ڕێوڕەسمی دەستبەكاربوونی پارێزگای نوێی هەولێردا ڕایگەیاند، گۆڕانكاری لە پۆستە ئیدارییەكان "لە چوارچێوەی كارنامەی مەسروور بارزانی بۆ بەرەوپێشبردنی كاروبارە ئیدارییەكان بەردەوام دەبێت".

بە ئامادەیی ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی هەرێمی كوردستان، ڕێوڕەسمی ڕادەستكردنی پۆستی پارێزگاری هەولێر لەلایەن نەوزاد هادییەوە بە فرسەت سۆفی، بەڕێوە چوو.

ڕێبەر ئەحمەد پیرۆزبایی لە فرسەت سۆفی كرد بۆ دەستبەكاربوونی وەكو پارێزگای نوێی هەولێر و وتی "ئەو ئاڵوگۆڕانە لە چوارچێوەی كارنامەی مەسروور بارزانی، بۆ بەرەوپێشبردنی كاروبارە ئیدارییەكان بەردەوام دەبێت".

سەبارەت بە ئاڵوگۆڕ لە پۆستی پارێزگای دهۆك، وەزیری ناوخۆ وتی "هێشتا دیار نییە كەی گۆڕانكاری دەكرێت. هەر كاتێك بەربژێر هەبوو، لە هەموو شوێنێ‌ گۆڕانكاری دەست پێ‌ دەكات".

ڕێبەر ئەحمەد ئاماژەی بەوە كرد "نەك تەنیا لەسەر ئاستی پارێزگاكان، بەڵكو لە بەڕێوەبەرە گشتییەكان و بەڕێوەبەرەكانیشدا ئەگەر گۆڕانكاری پێویست بێت، دەكرێت".

سەبارەت بە سەردانەكەی د. بەرهەم ئەحمەد ساڵحیش بۆ هەرێم، وەزیری ناوخۆ وتی "ئێوارەی ئەمڕۆ سەرۆككۆماری عێراق لەگەڵ شاندێك دەگاتە هەولێر و لە ئاستیكی زۆر بەرزدا پێشوازیی لێ‌ دەكرێت".

"سەرۆككۆماری عێراق، سەردانی سەرۆكی هەرێم، سەرۆكی حكوومەت، سەرۆكی پەرلەمان و سەرۆك بارزانی دەكات"، ڕێبەر ئەحمەد وای وت.

بڕیار بوو شاندێكی هەرێم سەردانی بەغدا بكات، بەڵام سەردانەكە دواخراوە. وەزیری ناوخۆ هۆكاری دواخستنی سەردانەكەی بۆ "هەندێك گەشتی سەرۆكوەزیران و جێگری سەرۆكوەزیران و سەرۆككۆمار" دەگەڕێنێتەوە و دەڵێت "ئەو سەردانە بۆ كاتێكی نزیك دواخراوە".

دەربارەی ئەجێندای سەردانەكە، ڕێبەر ئەحمەد وتی "تیمی تەكنیكیی ئێمە لە ڕووی داراییەوە سەردانی بەغدا دەكەن بۆ ئەوەی لەگەڵ تیمی حكوومەتی عێراق سەبارەت بە ئامادەكردنی پرۆژەیاسای بوودجەی ساڵی 2020 گفتوگۆ بكەن".