ئەردۆغان وادەی پەلاماردانی ڕۆژئاوای كوردستان ڕادەگەیەنێت

18-09-2019 02:17


پەرەگراف

سەرۆككۆماری توركیا دوو هەفتەی دیكەی دیاریكرد وەك وادەی دەستپێكردنی ئۆپەراسیۆنی سەربازیی بۆسەر ڕۆژئاوای كوردستان، ئەگەر دانوستانەكان دەربارەی ناوچەی ئارام تا ئەو كاتە ئەنجامی نەبێت.

"(ناوچەی ئارام) ئەگەر لەماوەی دوو هەفتەدا ئەنجامێكی نەبێت، ئەوا پلانی ئۆپەراسیۆنی خۆمان دەخەینە بواری جێبەجێ كردنەوە" ڕەجەب تەیب ئەردۆغان ئەمڕۆ وای گوت.

ئەردۆغان وتیشی "ئەو پێشهاتانەی لە مانگەكانی داهاتوودا ڕوودەدەن، یەكلاكەرەوە دەبن كە ئایا قەیرانی سووریا بە ئارامی چارەسەر دەكرێت یان قوڵتر دەبێت".

ئەوە لەكاتێكدایە كورد، ئەمریكا و توركیا لەسەر پێكهێنانی ناوچەی ئارام لە باكووری سووریا(ڕۆژئاوای كوردستان) كۆكن، بەڵام مەرجی جیاوازیان هەیە. ئەمریكا چەند جارێك لە ئاستی باڵادا لەگەڵ توركیا گفتوگۆی كردووە، بەڵام نەگەیشتوونەتە ڕێككەوتن‌و خاڵی كۆتایی، واشنتۆن هۆشداریی بە ئەنقەرە داوە كە ڕێگە بە ئۆپەراسیۆنی سەربازی لە ناوچەكە نادات.

باكووری سووریا ناوچەكانی ڕۆژئاوای كوردستان دەگرێتەوە كە هێزەكانی سووریای دیموكرات بە سەركردایەتیی یەكینەكانی پاراستنی گەل(یەپەگە) تێیدا باڵادەستە. توركیا بوونی ئەو هێزە كوردییانە لە نزیكی سنوورەكەی بە مەترسی بۆ سەر ئاسایشی وڵاتەكەی ناو دەبات‌و بە درێژكراوەی پەكەكە لەقەڵەمیان دەدات.

لە ئەگەری ڕێكنەكەوتن لەسەر پێكهێنانی ناوچەی ئارام و هێرشی توركیا بۆ سەر ڕۆژئاوای كوردستان، هێزەكانی سووریای دیموكرات بڕیاری ڕووبەڕووبوونەوەی داوە، ئەوەش دەبێتە سەرەتای شەڕێكی نوێ‌ كە پێناچێت بە زویی كۆتایی بێت. ئەمە جگە لەوەی دەبێتە هۆی سەرهەڵدانەوەی گرووپە توندڕەوەكان لە ناوچەكە و مەترسیی دووبارەبوونەوەی سیناریۆكانی چەند ساڵی ڕابردوو.

*ئەمەریكا و توركیا لە پێنج خاڵدا لەبارەی ناوچەی ئارامەوە ناكۆكن