میتی توركیا لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجەلان‌و كوردانی ڕۆژاڤا كۆدەبێتەوە

07-05-2019 11:22
وێنەی ئاڵایەکی نەخشێنراو بە ڕووخساری عەبدوڵا ئۆجەلان لە ناوەندی شاری ڕەققە، دوای ئازادكردنی لە دەست داعش.


پەرەگراف- ڕێنوار نەجم

دەزگای هەواڵگریی توركیا لەگەڵ مەزڵوم كۆبانێ فەرماندەی گشتیی هەسەدە‌و عەبدوڵا ئۆجەلان ڕێبەری زیندانیكراوی پەكەكە كۆبووەتەوە دەربارەی دۆخی سوریا، ڕێگەدان بە سەردانیكردنی ئۆجەلان لەلایەن پارێزەرەكانییەوە پەیوەندیی بەهەمان پرسەوە هەیە‌و ئەمەریكا نێوەندگیریی لە نێوان كوردانی ڕۆژاڤاو توركیا دەكات.

بە وتەی سەرچاوە ئاگادارەكانی نزیك لە دۆسیەی كوردەوە لە حكومەتی توركیا، ڕێگەدان بە سەردانیكردنی ئۆجەلان لەلایەن پارێزەرەكانیەوە پەیوەندی بەو هەوڵانەوە هەیە كە توركیا دەیدات بۆ گەیشتن بە ڕێككەوتن لەگەڵ پەكەكە لەبارەی باكوری سوریاوە.

یەكێك لەو سەرچاوانە كە نەیویستووە ناوی ئاشكرا بكرێت بە ماڵپەڕی ئەلمۆنیتۆری ئەمەریكی ڕاگەیاندووە، بەرپرسانی دەزگای هەواڵگریی توركیا(میت) بەم دواییە لەگەڵ مەزڵوم كۆبانێ فەرماندەی گشتیی هێزەكانی سوریای دیموكرات كۆبوونەتەوە.

"كۆبوونەوەی یەكەم دە ڕۆژ پێش ئێستا بوو، هەفتەی ڕابردووش كۆبوونەوەیەكی دیكە هەبوو، دوای كۆبوونەوە لەگەڵ شاهین، (بەرپرسەكانی میت) لە ئیمراڵی لەگەڵ ئۆجەلان كۆبوونەوە، دواتر جارێكی تر چوونەوە بۆ لای شاهین"، ئەوەش بەوتەی سەرچاوەكە كە لەبری ناوی مەزڵوم كۆبانێ، ناوەكەی دیكەی بەكارهێناوە، فەرهاد عەبدی شاهین، كە لە ساڵانی ڕابردوودا كاتێك لە ڕێزەكانی پەكەكەدا بووە، بەو ناوە ناسرابوو.

هەروەها سەرچاوەكە ئاماژەی بۆ ئەوەكردووە كە كۆبوونەوەكان مانگێك پێش ئێستا لەڕێگەی نێوەندگیریی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكاوە دەستیپێكردووە. جەختیشیكردوەتەوە كە سەردانەكەی ئیمراڵی پەیوەندی بە دووبارەكردنەوەی هەڵبژاردنی شارەوانیی ئیستنەبووڵەوە نییە، "كوردەكان هەر پاڵپشتی ئۆپۆزسیۆن دەكەن لە هەموو هەڵبژاردنێكی ئیستەنبووڵدا".

هەرچەندە هیچ بەرپرسێك لە كوردەكانی سوریا ئەو زانیاریانەی پشتڕاستنەكردووەتەوە تا ئێستا، بەڵام ئەمە جاری یەكەم نییە كە مەزڵوم كۆبانێ و بەرپرسانی میت كۆبوونەوە بكەن، لە چاوپێكەوتنێكیدا لە مانگی ئاداری ئەمساڵ، كۆبانێ ئاشكرایكرد لەگەڵ بەرپرسانی میت لە سوریا كۆبووەتەوە ئەوكاتەی هێشتا گفتوگۆكانی ئاشتی لەنێوان ئۆجەلان و حكومەتی توركیا لەئارادابوو.

هەروەها لە هەفتەی ڕابردوودا مەزڵوم كۆبانێ لە وتارێكیدا ڕایگەیاند كە گفتوگۆی ناڕەستەوخۆ لەنێوان توركیا و هەسەدە هەیە لەڕێی نێوەندگیرەكانەوە.

جیمس جێفری، نێردەی ئەمەریكا بۆ سوریا، ماوەیەكە لەهەوڵدایە ئەنقەرەو كوردەكانی سوریا بگەیەنێتە ڕێككەوتنێك لەبارەی دروستكردنی ناوچەیەكی ئارام لەسەر سنووری توركیا و سوریا. ڕۆژی دووی ئەم مانگە كە پارێزەرەكان سەردانی ئۆجەلانیان كردووە لە ئیمراڵی، جیمس جێفری لە توركیا بووە بۆ تاوتوێكردنی كێشەكانی نێوان توركیا و ڕۆژاڤای كوردستان.

ئەوە یەكەم سەردانی پارێزەرانی ئۆجەلان بوو بۆ زیندانی ئیمراڵی لە 27ی تەمووزی 2011ـەوە كە بە بیانووی لاوەكیی ڕێگە بە دیداری ئۆجەلان لەگەڵ پارێزەرانی نەدەدراو لەو ماوەیەدا زیاتر لە 800 جار داواكاریی پارێزەران بۆ سەردانی ئیمڕاڵی ڕەتكراوەتەوە.

دوای دیدارەكەش دوێنێ پارێزەرەكانی پەیامێكی ئۆجەلانیان بڵاوكردەوە كە بەشێكی پەیوەندیی بە دۆخی سوریاوە هەیەو ئۆجەلان داوای یەكپارچەیی خاكی سوریاو چارەسەری ئاشتییانە دەكات‌و دەڵێت"ئێمە لەو باوەڕەداین، لە چێوەی هێزەكانی سووریای دیموكراتیدا كێشەكانی سووریا دوور لە كولتووری شەڕ، لەم دۆخەی كە تیایدان لە چێوەی یەكپارچەیی سووریا و بە ڕوانگەی دیموكراتیی خۆجێیی كە بە دەستووری بنەڕەتی مسۆگەر كراوە، پێویستە چارەسەر بكرێن. لەم چێوەیەدا پێویستە هەستیارییەكانی توركیاش ببینرێن".

كوردانی سوریا هاوپەیمانی ئەمەریكا بوون لەشەڕی دژی داعش، مەزڵوم كۆبانێ، ئەو جەنەراڵە كوردەی داواكراوترین كەسی توركیایە، بووبە یەكێك لە گرنگترین هاوپەیمانەكانی ئەمەریكا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست‌و بە هاوبەشی لەگەڵ هێزەكانی هاوپەیمانان گەورەترین سەركەوتنی بەسەر داعشدا نووسییەوەو بە سەركردایەتیی ئەو كۆتایی بە داعش هێنرا لەسەر خاكی سوریا.

مەزڵوم كۆبانێ ناوی ڕاستەقینەی فەرهاد عەبدی شاهین-ە، خەڵكی شاری كۆبانێی ڕۆژاڤای كوردستانە، وەك خۆی دەڵێت، ماوەیەك لە ڕیزەكانی پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە)ـدا بووە. مەزڵوم یەكێك بووە لەو كەسانەی هاوڕێیەتی لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجەلانی ڕێبەری پەكەكەدا هەبووە ئەو كاتەی ئۆجەلان باكووری كوردستانی بەرەو ڕۆژاڤا جێهێشتووە‌و ماوەیەكی زۆر لەوێ ماوەتەوە.