مەلا بەختیار پێشنیاری دروستكردنی ناوەندێك دەكات بۆ بەڕێوەبردنی یەكێتی

30-11-2019 01:33
مەلا بەختیار، لێپرسراوی دەستەی كارگێڕی مەكتەبی سیاسی یەكێتی. وێنە؛ پەرەگراف

پەرەگراف

مەلا بەختیار دەڵێت، ئاسان نییە لەناو یەكێتیدا كەسی یەكەم هەبێت‌و دروستكردنی ناوەندێكی 3 بۆ 7 كەسیی بۆ بەڕێوەبردنی یەكێتی بە باشترین ڕێگەچارە دادەنێت‌و ئەو پێشنیارە دەباتە كۆنگرەی حیزبەكەی.

لێپرسراوی دەستەی كارگێڕی مەكتەبی سیاسی یەكێتی كە ماوەیەكە لە كۆبوونەوە فەرمییەكانی حیزبەكەی دووركەوتووەتەوە، لە چاوپێكەوتنێكیدا لەگەڵ كەناڵی ڕووداو بۆچون و تێڕوانینەكانی خۆی لەبارەی ئایندەی یەكێتی و ئەنجامدانی كۆنگرەی حیزبەكەی خستە ڕوو.

هەرچەندە بڕیارە 7-12 یەكێتی كۆنگرە ببەستێت، بەڵام هەندێك بەرپرسانی ئەو حیزبە لە ناویاندا مەلا بەختیار دەڵێن، هێشتا دڵنیانین كۆنگرە لە كاتی خۆیدا دەبەسترێت یاخود نا، بۆئەو مەبەستەش دوێنێ مەكتەبی سیاسی یەكێتی كۆبووەوەو مەلا بەختیار وتی "بەشێك لە هەڤاڵانی مەكتەبی سیاسی پێیانوابووە دۆخی ئێستا گونجاو نییە بۆ بەستنی كۆنگرە".

لەبارەی هەیكەل و پێكهاتەی یەكێتی لە دوای ئەو كۆنگرە چاوەڕوانكراوە، مەلا بەختیار وتی: ئاسان نییە لەناو یەكێتیدا كەسی یەكەم هەبێت، بۆیە باشترین ڕێگەچارە ئەوەیە، ناوەندێكی ڕابەڕایەتی كە لە سێ كەس بۆ 7 كەس بێت، یەكێتی بەڕێوەبەرێت، ئەمەش پێشنیازی منەو دەیبەمە كۆنگرە، دواجاریش ئەندامانی كۆنگرە هەر بڕیارێك بدەن، من قبوڵی دەكەم.

مەلا بەخیتار ئەوەشی خستە ڕوو، لەگەڵ لێكتێگەیشتنە بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی ناو یەكێتی و بردنی پێشنیازەكان بۆ ناو كۆنگرە، "بەڵام بەهیچ شێوەیەك لەگەڵ ئەوەدانیم تەوافوق لەسەر سەپاندنی كەس و لیست بكرێت و بهێنرێـتە ناو كۆنگرە لەوێش بسەپێنرێت"، ئەوەشی خستە ڕوو، پارە بەخشینەوە دەستی پێكردووە بۆ "كڕینی ویژدان"ی كادیرانی یەكێتی‌و ئەندامانی كۆنگرە.

گفتوگۆی پشتی پەردەی باڵەكانی یەكێتی بەردەوامە بۆ ئەنجامدانی تەوافوقی پێشوەختە لەبارەی كۆنگرەی حیزبەكەیان، بەڵام هێشتا نەگەیشتوونەتە ڕێككەوتنی كۆتایی، ئەوەش چارەنووسی بەستنی كۆنگرەكەی بە نادیاریی هێشتووەتەوە.

كۆنگرە گرنگترین كۆبوونەوەی ڕێكخراوەیی یەكێتی-یە بۆ خۆنوێكردنەوەو گۆڕانكاریی لە شێوازی بەڕێوەبردن‌و لوتكەی دەسەڵاتی حیزب، ئەوەش وایكردووە لەسەر ئاستی ئۆرگانەكانی ئەو حیزبە بازاڕی تەكەتول‌و گروپ دروستكردن گەرم ببێت.

هەرچەندە كەس بە ئاشكرا باسی ڕێككەوتنی پێشوەختەی نێوان باڵەكان ناكات، بەڵام لەپشتی پەردەوە "هەمووان لەسەر تەوافوق كۆكن"‌و جیاوازییان لە شێوازو چۆنیەتی‌و پشك‌و بەركەوتەی ڕێككەوتنەكەدایە.

بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی یەكێتی، پێویستبوو كۆنگرەی چوارەمی ئەو حیزبە لە مانگی 10ی 2013دا ببەسترایە، ئێستا 6 ساڵ بەسەر ئەو وادەیەدا تێپەڕبووەو هۆكاری سەرەكییش نەخۆشكەوتنی مام جەلال‌و دووركەوتنەوەی بوو لە گۆڕەپانی سیاسی لە كۆتایی ساڵی 2012‌و تا كۆچی دواییكردنی لە 2017 دا، تاڵەبانی بۆشاییەكی گەورەی لەناو یەكێتی دروست كردو لە نەبوونی ئەودا ناكۆكییەكان قووڵ بوونەوەو كێشەكان زیادیان كرد.

ناكۆكییەكانی ناو یەكێتی بەجۆرێكن هەر گروپەو دەیەوێت لە بەرژەوەندیی خۆی گۆڕانكاریی بكرێت‌و جومگە سەرەكییەكانی دەسەڵاتی حزبیی لای خۆی بێت وەك؛ پۆستی یەكەمی حزب، پارەو هێز‌و میدیا.

ئێستا پڕكردنەوەی شوێنی تاڵەبانی‌و دانیشتنی كەسێكی دیكە لەسەر كورسییەكەی‌و وەرگرتنی دەسەڵاتەكانی، بووەتە خاڵی جەوهەریی ناكۆكییەكانی نێوان باڵە جیاوازەكانی یەكێتی بۆ كۆنگرەی نوێیان، بەڵام پێناچێت كەسی یەكەم لە ژێر هەمان ناونیشان "سكرتێری گشتیی"‌و بەهەمان دەسەڵاتەكانی مام جەلال پۆستەكە وەربگرێت.