ئەنجوومەنی ناوەندی یەكێتی: دەبێت كۆنگرە لەم مانگەدا ببەسترێت

04-12-2019 06:34


پەرەگراف


ئەنجومەنی ناوەندی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان لە ڕاگەیەندراوێكدا داوای ئەنجامدانی كۆنگرەی حیزبەكەی دەكات و دەڵێت، دەبێ كۆنگرە لەم مانگەدا ببەسترێت و نابێت بەهیچ شێوەیەك كۆنگرە بۆ ساڵی داهاتوو دوابخرێت.


دەقی ڕاگەیەندراوەكە

كــــــەس و كــــــــاری ســـــــەربەرزی شـــــەهـــیدان 

پێشــــمەرگــــە‌و فەرماندە قارەمانەكان
 
هەڤاڵان و جەماوەری (ی.ن.ك)
 
دوای بڕیاری ئەنجومەنی سەركردایەتی بۆ ئەنجامدانی كۆنگرەی چوارەم و ئامادەكاری لایەنە پەیوەندیدارەكان و ئەنجامدانی كۆنفرانسی كۆمیتەكان و مەكتەبەكانی یەكێتی بۆ خۆ ئامادەكردن بۆ كەرنەڤاڵی ئەنجامدانی كۆنگرە ، بۆیە هیچ پاساوێك نی یە بۆ دواخستنی كۆنفرانسی مەڵبەندەكان و سەرجەم كارە تەكنیكی و هونەری و لۆجستیەكان تەواوبووە و ئەنجومەنی ناوەندی لەسەر كۆی هەنگاوەكانی ئەنجامدانی كۆنگرەش بەم شێوەی خوارەوە هەڵوێستی نەگۆڕی خۆی دووپات دەكاتەوە:-
 
1. دەبێ لەسەرەتای هەفتەی ئایندەدا كۆنفرانسی مەڵبەندەكان بكرێت كە هەموو ئامادەكارییەكانی بۆكراوە.
 
2. دەبێ كۆنگرە لەم مانگەدا ببەسترێت و نابێت بەهیچ شێوەیەك كۆنگرە بۆ ساڵی داهاتوو دوابخرێت .
 
3. ئەگەر لەبەر بەرژەوەندی بەرتەسكی شەخسی یان هەرهۆكارێكی دیكەی نامەشروع كۆنگرە بۆساڵی داهاتوو دوابخرێت ئەوا ئێمە وەك ئەنجومەنی ناوەندی بە هیچ شێوەیەك ناچینە ژێر باری ئەو بەرپرسیاریەتیە مێژووییە و رێز لە ئیرادەی یەكێتیەكان دەگرین .
 
4. دەستخۆشی لە مەكتەبی هەڵبژاردن‌و لیژنەی باڵای هەڵبژاردنەكان دەكەین كە بە شێوەیەكی دڵسۆزانەو سەركەوتوانە ئەركەكانی خۆیان جێبەجێ كردووە ، داوایان لێدەكەین بەردەوام بن لەسەر كارەكانی خۆیان.
 
5. ئەنجومەنی ناوەندی بەهەموو شێوەیەك گشت جۆرە لیستێكی داخراو رەت دەكاتەوە‌ و لەگەڵ پرۆسەیەكی شەفاف‌و دێموكراسی داین .
 
6. ئەنجومەنی ناوەندی سوپاسی دڵسۆزی‌و پشودرێژی سەرجەم هەڤاڵان‌و ئۆرگانەكانی یەكێتی دەكات كە ڕوو لە ئەنجومەنی ناوەندی دەكەن‌و داوای هەڵوێست ‌و پشتگیریمان لێدەكەن .
 
7. بە ووردی چاودێری بەڕێوەچوونی كۆبونەوەی سەركردایەتی (ی.ن.ك) دەكەین‌و هیوادارین بڕێارێكی بەرپرسیارانە بدەن لەم ساتە هەستیار‌و مێژووییەدا و روحیانەتی سەرۆك (مام جەلال ) ‌و سەرجەم شەهیدانی گەلەكەمان شاد بكەن
 
 
لەگەڵ رێزدا ......
 
ئــــــەنـــــجومـــەنی نــــــاوەنــــدی
 
(ی.ن.ك)
 
4/12/2019