بەڕێوەبەری كارەبای سلێمانی هۆشداری لەبارەی مەترسییەكانی سەر كارەبای نیشتمانی دەدات

08-12-2019 03:13

پەرەگراف

بەڕێوەبەری گشتیی كارەبای سلێمانی كێشەكانی كارەبای نیشتمانی دەخاتە ڕوو و هۆشداری دەدات كە لەگەڵ كەمكردنەوەی پێدانی كارەبا بۆ حەوت كاتژمێر، مەترسی هەیە پێدانی كارەبا بە تەواوی ڕابگیرێت. ڕاگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی كارەبای سلێمانیش تێپەڕاندنی ئەو مەترسییە ڕادەگەیەنێت.

سالار حیسامەدین، بەڕێوەبەری گشتیی كارەبای سلێمانی، لە لێدوانێكدا بۆ میدیاكان، سەبارەت بەوەی كە مەترسی هەیە نەتوانن تەنانەت یەك كاتژمێر كارەباش بدەن؟ وتی "بە تەئكید. ئەگەر ئێمە بگەین بەوەی كەمتر لە حەوت كاتژمێر كارەبا بدەین، ئەوا ناتوانین هەر كارەبا بە فیدەرەكانمان بدەین. بەپێی ئەو ڕێكخستنەی كە ئێمە لە كۆنترۆڵدا كردوومانە، ئەو كاتە كارەبا تەنیا بەشی شوێنە خزمەتگوزارییە بەردەوامەكان دەكات".

سالار حیسامەدین هیوای خواست ئەوە ڕوو نەدات، بەڵام جەختی لەوە كردەوە دەبێت حكوومەت و وەزارەتی سامانە سروشتییەكان بەدیل بۆ بەكارهێنانی كارەبا بۆ خۆگەرمكردنەوە بدۆزنەوە، "هەم سووتەمەنی بە هاووڵاتیان بدرێت، هەم بەرهەمهێنانی كارەبا زیاد بكرێت". ئەگەر ئەوە نەكرێت "ئەوا ناتوانێرێت كارەبا بەم شێوازەی ئێستایش بەردەوام بێت".

وەكو بەڕێوەبەری گشتیی كارەبای سلێمانی خستیە ڕوو "كۆمەڵێك كێشە لە وێستگەكانی بەرهەمهێنانی كارەبا دروست بووە و بەو هۆیەوە لە ماوەی ڕابردوودا بەرهەمهێنانی كارەبا 700 بۆ 800 مێگاوات كەمی كردووە، بەڵام لە ڕۆژانی ڕابردوودا توانرا كەمێك بڕی بەرهەمهێنانی كارەبا زیاد بكرێتەوە".

"ئەمساڵ سووتەمەنی دابەش نەكراوە، یان بە بڕێكی زۆر كەم گەیشتووە بە هاووڵاتیان. بۆیە خەڵك ڕاستەوخۆ بۆ گەرمكردنەوە كارەبا بەكار دەهێنن، ئەمە بووەتە هۆی بارگرانییەكی زۆر لەسەر تۆڕەكانی كارەبا".

لە ڕۆژانی ڕابردوودا فشاری زۆر لەسەر محاویلە و فیدەرەكان دروست بووە و سالار حیسامەدین دەڵێت "ڕەنگە سەدان محاویلە لە سنووری پارێزگای سلێمانیدا سووتابن".

پاش لێدوانەكەی بەڕێوەبەری گشتیی كارەبای سلێمانی، ڕاگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی كارەبای سلێمانی ڕوونكردنەوەیەكی بڵاو كردەوە كە تێیدا دەڵێت "خۆشبەشخانە لە ڕۆژانی ڕابردوو ئاستی بەرهەمهێنانی كارەبا بەرەوپێشچوونی باشی بەخۆیەوە بینی و 300 بۆ 400 مێگاوات بۆ ناو تۆڕی كارەبا زیاد بوو، ئەوەش وای كرد دوێنی هەشت بۆ نۆ كاتژمێر كارەبا بە هاووڵاتیان بدەین".

ڕاگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی كارەبای سلێمانی جەخت دەكاتەوە توانیویانە ئەو مەترسییە تێپەڕێن كە بەڕێوەبەری گشتیی كارەبا "لە سەرەتای وەرزی زستاندا" لەبارەیەوە هۆشداریی داوە.