گۆڕان: هێشتا هەنگاوەكانی چاكسازی لەئاست خواست و داواكاری خەڵكدا نییە

08-12-2019 03:58

پەرەگراف

بزووتنەوەی گۆڕان لە ڕاگەیەندراوێكدا لەبارەی وتارەكەی مەسرور بارزانی پەیوەست بە چاكسازیی، بۆچوونی خۆی دەخاتە ڕوو، دەڵێت: بڕوامانوایە هێشتا هەنگاوەكانی چاكسازی لەئاست خواست و داواكاری خەڵكی هەرێمی كوردستان نییە.

هەڵوێستەكەی گۆڕان كە لەڕێی ژووری ڕۆژنامەوانیی بزووتنەوەكەوە خراوەتە ڕوو، تێیدا هاتووە كە گۆڕان بەگرنگیەوە دەڕوانێتە ھەمو ھەوڵێك و ھەنگاوی چاكسازیی، بە پێویستیشی دەزانێت، ھەنگاوەكان خێراتر و كاریگەرتر و سەرجەم بوارەكانی ژیانی ھاونیشتیمانیان بگرێتەوە.

ئەوەش دوای ئەوەدێت شەوی ڕابردوو مەسرور بارزانی ئەنجامی كارەكانی كابینەكەی لە 100 ڕۆژی یەكەمی كاركرندا خستە ڕوو، ڕایگەیاند: لە 100 ڕۆژی كاركردندا قۆناغی باشیان بڕیوەو "دەستكەوتی بەرچاو" بە دەست هاتوون، وتی: بە دڵنیاییەو ئێستا كوردستان بە هێزترو سەقامگیرترەو حكومەت شەفافترە.

سەرۆكی حكومەت باسی چاكسازیی‌و ڕوبەڕوبوونەوەی گەندەڵیی كردو ئەوەی خستە ڕوو، تاكۆتایی ئەمساڵ داهاتی ناوخۆ لەسەدا 50 زیاد دەكەن‌و گەندەڵییان بەڕادەیەكی بەرچاو سنوردار كردووە‌و كەشێكیان هێناوەتە ئاراوە كە گەندەڵیی تێیدا گەشە ناكات، وتیشی "ڕێكاری تووندمان بەرامبەر بەرتیل دەرو بەرتیل وەرگر گرتووەتەبەر. لەو ماوەیەدا هەوڵ هەبووە لە بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی ساردم بكەنەوە، بەڵام من دڵنیایی دەدەم بەردەوام دەبم".

مەسرور بارزانی باسی پەیوەندییەكانی نێوان هەولێرو بەغدادی كرد كە پێشكەوتنی باش لە گفتوگۆكانیان بەدی هاتووەو لە گفتوگۆی بەردەوامدان. هەروەها باسی لە چاكسازیی‌و بەرەوپێشچوون كرد لە چەند سێكتەرێكی جیاواز لە هەرێمی كوردستان؛ بەتایبەت كارەباو پەروەردەو كەرتی سەربازیی.

هەر پەیوەست بە پرسی هەڵوێستی گۆڕان دەربارەی چاكسازیی لە كابینەی نوێ، دوو ڕۆژ بەرلە وتارەكەی مەسرور بارزانی، جەلال جەوهەر ئەندامی خانەی ڕاپەڕاندنی بزووتنەوەی گۆڕان ڕایگەیاند، حكومەتی هەرێم دەیەوێت چاكسازیی لە مووچەو خانەنشینیدا كورت بكاتەوە، ئەوەش چاكسازیی نییەو ڕێككەوتنیان لەگەڵ پارتی بەوجۆرە نەبووە.

ئەو ئەندامەی خانەی ڕاپەڕاندنی گۆڕان لە میانی بەشداریكردنی لە پێنجەمین دیداری مێرگەسور، لەبارەی دۆخی عێراق و ئایندەی هەرێمی كوردستان، ئاماژەی بەوەش كرد، لە هەرێمی كوردستان شتێك نییە بەناوی پڕۆسەی دیموكراسی، ئەوەی هەیە جێبەجێكردنی چەند بنەمایەكی دیموكراسییە وەك هەڵبژاردنەكان‌و فرەیی، "ئەو هەڵبژاردنانەش لە ئاستی ئەوە دانییە پێی بوترێت پڕۆسەی دیموكراسیی، چونكە پڕبوە لە ساختەكاریی".

ئەو بەرپرسە باڵایەی گۆڕان ئاماژەی بە سەروەر نەبوونی یاسا‌و ناعەدالەتیی‌و خراپیی ئەدای پەرلەمانی كوردستان كرد كە لە ئاست خواستی ئەواندا نییە، ئەوەشی خستە ڕوو، گەندەڵیی هەمو جومگەكانی هەرێمی كوردستانی گرتوەتەوە، هەمو كاربەدەستانیش لە بچوك بۆ گەورە دانی پێدا دەنێن.

"ئێمە كاتی خۆی ڕێككەوتووین كە یاسایەكی گشتگیر هەبێت بۆ چاكسازیی سیاسی، یاسایی، ئابوری‌و دارایی، كارگێڕی‌و ئەمنیی‌و سەربازیی‌و هەموو دامودەزگاكانی هەرێم، ئێستا زانیارییەكان وەهان كە ئەم حكومەتی هەرێمە دەیەوێت چاكسازیی لە مووچەو خانەنشینیدا كورت بكاتەوە، نە ئێمە وا ڕێككەوتووین‌و نە چاكسازیش وەهایە، چاكسازیی پڕۆسەیەكی كاملەو هەموو جومگەكان دەگرێتەوە" جەلال جەوهەر وای وت.

سەروەختی ڕێككەوتنی گۆڕان لەگەڵ پارتی بۆ بەشداریكردن لە حكومەت، بەرپرسانی گۆڕان ئەوەیان خستە ڕوو، ڕێككەوتنەكەیان فراوانەو كۆی سێكتەرەكانی گرتووەتەوەو دەبێتە بەرنامەی حوكمڕانیی لە 4 ساڵی داهاتوو، لە قسەی بەرپرسانی پارتی‌و گۆڕان ئەوە دەردەكەوت، خاڵێك كە ئەو دوو هێزە دژ بەیەكەی ساڵانی ڕابردووی كۆكردووەتەوە، ئەنجامدانی چاكسازی‌و گۆڕانكارییە لە بەڕێوەبردنی كوردستان لە 4 ساڵی داهاتوودا.

دەقی ڕاگەیەندراوەكەی ئەمڕۆی ژوری ڕۆژنامەوانیی بزووتنەوەی گۆڕان

پەیوەندیدار بە وتاری بەرێز سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران لەبارەی ئەدائی حكومەت لە(100) رۆژی رابردودا.

روانگەی بزوتنەوەی گۆڕان ئاشكرایە كە لەسەرەتای دامەزراندنیەوە تا ئەمڕۆ، بەرنامەیەكی سیاسیی گشتگیری ھەیە و پرسی چاكسازی وەك ئەولەویەت سەیردەكات. هەر لەسەر ئەو بنەمایەش بەشداری كابینەی نۆیەمی حكومەتی حكومەتی كردوە و، بەگرنگیەوە دەڕوانێتە ھەمو ھەوڵێك و ھەنگاوی چاكسازی.

لەم چوارچێوەیەدا، بڕوامانوایە ھێشتا ھەنگاوەكانی چاكسازی لەئاست خواست و داواكاری خەڵكی ھەرێمی كوردستان نیە و، پێویستە ھەنگاوەكان خێراتر و كاریگەرتر و سەرجەم بوارەكانی ژیانی ھاونیشتیمانیان بگرێتەوە.

ژوری رۆژنامەوانی
٨ی ١٢ی ٢٠١٩