بانگەشەی خۆپیشاندانی فراوان لە بەغداد دەكرێ‌و خەزعەلی هۆشداریی "خوێن ڕشتنی زۆر" دەدات

09-12-2019 10:10


پەرەگراف

لە كاتێكدا چالاكانی خۆپیشاندانەكان بانگەشەی خۆپیشاندانی 5 ملیۆنیی دەكەن كە سبەینێ بەڕێوەبچێت لە بەغداد، قەیس خەزعەلی ئەمینداری گشتیی بزووتنەوەی عەسائیبی ئەهللحەق هۆشداریی دەدات لە "خوێنڕشتنی زۆر"‌و خوێناوی بوونی خۆپیشاندانەكان.

خەزعەلی كە بزووتنەوەكەی پەنجەی تۆمەتی بۆ درێژ دەكرێت لە خوێنڕشتن و تەقەكردن لە خۆپیشاندەران بەهۆی نزیكیی لە ئێران، لە وتارێكدا كە بۆ ئەندام‌و لایەنگرانی پێشكەشی كرد، ئاماژە بەوە كرد "پلانێكی هەواڵگریی"‌و دەست هەیە لەناو خۆپیشاندانەكاندا، بەبێ ئەوەی ئەو لایەنە ئاشكرا بكات كە پلانەكەیان داناوەو دەستیان هەیە.

"دەیانەوێت زۆر خوێناویی ببێت و كوژراو و برینداری زۆری لێبكەوێتەوە.. بۆیە بەغداد هەڵبژێردراوە تا كاریگەریی دروستبكات، چونكە تا پایتەخت بە پێوەبێت و بەهێزبێت ئەگەر لە پارێزگاكانی دیكەش ڕووبدات كاریگەرییەكی ئەوتۆی نابێت" خەزعەلی وادەڵێت.

هاوكات لەگەڵ بانگەشەی خۆپیشاندانی فراوان لە بەغداد، باڵیۆزخانەی ئەمریكا ڕایگەیاند: پێشبینی دەكرێت خۆپیشاندانەكان لە عێراق زیاد ببن.

باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە بەغداد هۆشداریی دا بە هاووڵاتیانی ئەمریكی سەردانی عێراق نەكەن و دەڵێت: بەپێی ڕاپۆرتەكان پێشبینی دەكرێت لە ١٠ی ئەم مانگەوە(سبەینێ) خۆپیشاندانەكان زیاد ببن.

سبەینێ لە عێراق كراوەتە پشوو بەهۆی ساڵیادی تێكشكاندنی داعش، باڵیۆزخانەی ئەمریكا پێشبینی دروستبوونی قەرەباڵغیی زۆر دەكات لەگەڵ داخستنی بازگەكان لە ناوچە نێودەوڵەتییەكان.

داواش لە هاووڵاتییانی ئەمریكی كراوە لە ناوچەكانی خۆپیشاندان دووربكەونەوەو ڕێنمایی لایەنە پەیوەندیدارەكان جێبەجێ بكەن، هەروەها چاودێریی ڕاگەیاندنە ناوخۆییەكان بكەن بۆ ئاگاداربوون لە دواین هەواڵەكان.

باڵیۆزخانەكە ئەوەش دەخاتە ڕوو، هۆشدارییەكەی بۆ هاووڵاتییانی ئەمریكی لە عێراق، هەرێمی كوردستان ناگرێتەوە.