خۆپیشاندەرانی بەغدا گەنجێكی 17 ساڵیان كوشت و بە ستوونی ترافیكلایتەوە هەڵیانواسی

12-12-2019 03:30

پەرەگراف

خۆپیشاندەرانی گۆڕەپانی وەسبە لە بەغدا، گەنجێكی تەمەن "17"ساڵی تۆمەتبار بە "كوشتنی خۆپیشاندەران"یان لە ماڵێكدا دەستگیر كرد و پاش كوشتنی بە ستوونێكی ترافیكلایتەوە هەڵیان واسی.

ڕووداوەكە كاردانەوەی توند و خێرای بەدوادا هات و موقتەدا سەدر ئەو كەسانەی ئەو كارەیان ئەنجام داوە بە "تیرۆریست" ناو دەبات و داوا دەكات "لە ماوەی 48 كاتژمێردا" ڕادەست بكرێن.

بەپێی میدیا عێراقییەكان و ئەو گرتە ڤیدیۆییانەی بڵاوكراونەتەوە، بەیانی ئەمڕۆ خۆپیشاندەرانی گۆڕەپانی خەلانی لە ماڵێكدا كەسێكیان دەستگیر كردووە كە تۆمەتبار كراوە بە "كوشتنی خۆپیشاندەران".

پاش ئەوەی گەنجەكە لەو خانووە دەهێننە دەرەوە كە تێدا دەستگیر كراوە، لەلایەن ژمارەیەكی زۆر لە خۆپیشاندەرانەوە هێرش دەكرێتە سەری و دەیخنكێنن. دواتریش تەرمەكەی بە ستوونێكی ترافیكلایتەوە هەڵدەواسن.

تێلەگرامی سیاسە نیووز لە زاری سەرچاوەیەكی ئەمنییەوە ناسنامەی كەسە كوژراوەكەی ئاسكرا كردووە و دەڵێت "ناوی هەیسەم عەلی ئیسماعیلە و تەمەنی 17 ساڵە، دانیشتووی كۆڵانی ژمارە 111ی ناوچەی سەدرە".

هەژمارەكانی نزیك لە خۆپیشاندەران و هەندێك میدیا، بڵاویان كردووەتەوە كە ئەو گەنجە یەكێك بووە لەو "قەناسبەدەست"انەی كە لەو خانووەی تێیدا دەستگیر كراوە، تەقەی لە خۆپیشاندەرانی گۆڕەپانی وەسبە كردووە و "11" خۆپیساندەری كوشتووە.

پەیجی ساڵح محەمەد عێراقی كە نزیكە لە موقتەدا سەدر، ڕێبەری ڕەوتی سەدر، كاردانەوەی بەرانبەر ئەو مامەڵەیەی خۆپیشاندەران نیشان داوە و دەڵێت ''ئەگەر لە ماوەی 48 كاژێردا ئەنجامدەرانی ئەو كارە تیرۆریستییە ڕادەست نەدرێن، لەسەر كڵاوشینەكان پێویستە لە گۆڕەپانەكانی خۆپیشاندان بكشێنەوە".

كڵاوشینەكان ئەو هێزانەن كە بە جلی مەدەنییەوە لەلایەن ڕەوتی سەدرەوە بۆ پاراستنی خۆپیشاندەران لە گۆڕەپانەكانی خۆپیشاندان لە بەغدا بڵاوەیان پێ‌ كراوە.

لای خۆیشیانەوە خۆپیشاندەرانی گۆڕەپانی تەحریر، جەختیان لە خۆپیشاندانی ئاشتییانە كردووەتەوە وخۆیان لەو جۆرە هەڵسوكەوتەی خۆپیشاندەرانی گۆڕەپانی وەسبە بێبەری كردووە و دەڵێن "ئەوەی لە گۆڕەپانی وەسبە ڕووی داوە، تاوانێكە لەلایەن خۆپیشاندەران و مرۆڤایەتییەوە ئیدانە دەكرێت".

هاوكات قەیس خەزعەلی، ئەمینداری گشتیی عەسائیبی ئەهلولحەق، ڕایگەیاندووە كە خۆپیشاندەران یەكێك لەو كەسانەیان دەستگیر كردووە كە دزەی كردووەتە ناو خۆپیشاندەران و بە ستوونێكی شاری بەغداوە هەڵیان واسیوە.

خەزعەلی دەشپرسێت "هەتاكەی پشێوی و نەبوونی یاسا و لاوازیی دەزگا ئەمنییەكان و بڵابوونەوەی چەك و میلیشیاكان بەردەوام دەبێت؟".