قوباد تاڵەبانی: پڕۆژە یاسای چاكسازیی دەسكەوتی هیچ كەس‌و لایەنێكی دیاریكراو نییە

12-12-2019 05:29
قوباد تاڵەبانی


پەرەگراف

قوباد تاڵەبانی ڕایگەیاند، پڕۆژە یاسای چاكسازیی دەسكەوتی هیچ كەس‌و لایەنێكی دیاریكراو نییەو بابەتێك نییە بۆ موزایەدەكردن.

جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم لە پەیامێكدا لەبارەی پەسەند كردنی پڕۆژەكە لەلایەن حكومەت‌و ناردنی بۆ پەرلەمان، دەڵێت "بنەڕەتی ئەم پرۆژەیە هی كابینەی هەشتەمی حكومەتی هەرێمی كوردستانەو لەم كابینەیەشدا وەك چۆن لە كارنامەكەیدا بەڵێن درابوو، بەگیانێكی بەرپرسانەو پڕ لەتەبایی و لە سایەی كاری پێكەوەیی ناو ئەنجومەنی وەزیران دەوڵەمەند كرا و دەنگی لەسەر درا".

"سەرۆكی حكومەت و بەندە و هەموو وەزیرە بەڕێزەكانی سەر بە هەموو پارت و لایەنە سیاسییەكانی بەشداری حكومەت و سكرتێر و سەرۆكی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران گفتوگۆی تێروتەسەلیان كرد تا پڕۆژەكەمان لە كۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزیران تێپەڕاند. بۆیە ناكرێت بكرێتە دەسكەوت بۆ هیچ كەس و لایەنێكی دیاریكراو بەتەنها و بابەتێك نییە بۆ موزایەدەكردن" قوباد تاڵەبانی وادەڵێت.

تاڵەبانی هیوادەخوازێت "هەمان گیانی تەبایی" ناو ئەنجومەنی وەزیران لەبارەی پڕۆژەكەوە لە پەرلەمانیشدا ڕەنگبداتەوە بۆ ئەوەی لەنزیكترین دەرفەتی گونجاودا لەپێناو بەرژەوەندیی گشتی دەربچوێنرێت.

ئەو پەیامەی قوباد تاڵەبانی دوای ئەوەدێت لە دوای ئەوەی دوێنێ حكومەت پڕۆژەكەی پەسەند كردو ناردی بۆ پەرلەمان، هەندێك لە بەرپرسانی لایەنە جیاوازەكان هەریەكەیان پڕۆژەكە بە دەستكەوتی خۆیان لەقەڵەم دەدەن‌و لە میدیاو تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بەوجۆرە قسەی لەسەر دەكەن كە ئەوان خاوەنی پڕۆژەكەن.

پڕۆژەیاساكە ئێستا لە پەرلەمانی كوردستانەو بڕیارە ڕۆژی دوو شەممە لە كۆبوونەوەیەكدا خوێندنەوەی یەكەمی بۆ بكرێت.

ڕێواز فایەق، سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان، لە هەژماری تایبەتی خۆی لە توویتەر، ڕایگەیاند "پڕۆژەیاسای چاكسازی گەیشتە پەرلەمان، ئێمەش لە پەرلەمان پابەندی ئەركە یاساییەكانمان دەبین بۆ پەسەندكردنی بە باشترین شێوە و لە بەرژەوەندیی خەڵك".

هەر ئەمڕۆیش سەرۆكایەتیی پەرلەمانی كوردستان بانگهێشتنامەی ئاڕاستەی پەرلەمانتاران كرد بۆ كۆبوونەوە سەبارەت بە پڕۆژەیاساكە و دەڵێت "بڕیارمان دا بانگهێشتی گشت ئەندامە بـەڕێزەكانی پـەرلەمان بكەین بۆ دانیشتنی ژمارە (10)ی ئاسایی ساڵی یەكەم لە خولی هەڵبژاردنی پێنـجەمی پـەرلەمانی كوردستان ـ عێراق، لە كاتژمێر (11)ی پێشنیوەڕۆی ڕۆژی دووشەمە ڕێكەوتی 2019/12/16، تكایە لەكاتی دیاریكراودا ئامادە بن".

بەرنامەی كاری كۆبوونەوەكەی پەرلەمانی كوردستان:

یەكەم: خوێندنەوەی یەكەمی پڕۆژەیاسای (چاكسازی لە خانەنشینی و مووچە و دەرماڵە و بەخشین و ئیمتیازاتەكانی تر) بەپێی حوكمی بڕگەی (چوارەم)ی مادەی (80)و مادەی (81)و بڕگەی (یەكەم)ی مادەی (83) لە پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی كوردستان.

دووەم: دەنگدان لەسەر پێشنیازەیاسای (رێكلامی بازرگانی لە هەرێمی كوردستان-عێراق) بەپێی حوكمی مادەكانی (90 و 91 و 93 و 96 و 97) لە پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی كوردستان.

سێیەم: خوێندنەوەی دووەمی پڕۆژەیاسای (مادەهۆشبەرەكان و كارتێكارە عەقڵییەكان لە هەرێمی كوردستان-عێراق) بەپێی حوكمی مادەكانی (87 و 88 و 89) لە پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی كوردستان.