سەرۆكی پەرلەمان: پەسەندكردنی پڕۆژەیاسای پاراستنی بەرهەمی خۆماڵی ئامانجمانە

14-12-2019 05:40
ڕێواس فایەق سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان. وێنە؛ ئاژانسی ئەنادۆڵ


پەرەگراف

سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان ڕایگەیاند، پەسەندكردنی پڕۆژەیاسای پاراستنی بەرهەمی خۆماڵی یەكێكە لە ئامانجەكانی ئەم خولەی پەرلەمانی كوردستان‌و پاڵپشتیی هەر هەوڵێك دەكەن بۆ پاراستنی بەرهەمی خۆماڵیی.

ئەو وتانەی ڕێواس فایەق لە میانی بەشداریكردنی بوو لە كۆنفرانسێكی یەكێتی هاوردە و ناردنكارانی هەرێمی كوردستان كە ئەمڕۆ لە سلێمانی بەڕێوەچوو بۆ گفتوگۆكردن لە سەر پڕۆژەی یاسای پاراستنی بەرهەمە خۆماڵییەكان.

سەرۆكی پەرلەمان لە وتەیەكیدا لە كۆنفرانسەكە ئاماژەی بەوەش كرد، هەتا پرسی دەركردنی ئەو یاسایە دوا بكەوێت ئەگەری هەیە دەستوەردانی دەرەكیی تێبكەوێت بەتایبەت لەو لایەنانەی خاوەنی بەرژەوەندیین‌و دەرچواندنی یاساكە لەگەڵ بەرژەوەندییەكانیان یەك ناگرێتەوە، بۆئەوەش داوای بۆچوونی ئامادەبووان‌و خەڵكی شارەزای كرد كە ئایا یاسای فیدڕاڵیی عێراق بەركاربكرێت بۆ پاراستنی بەرهەمی خۆماڵیی یاخود پەرلەمانی كوردستان یاسایەكی نوێ پەسەند بكات.

ڕێواس فایەق ئەوەشی خستە ڕوو، پاراستنی بەرهەمی خۆماڵی پەیوەندی بە ئاسایشی نەتەوەیی و ئابووری و مانەوەی كیانی كوردەوە هەیە، بەپێویستی زانی تەنها پشت بە كەرتی نەوت نەبەسترێت، "بۆ پەرەپێدانی كەرتەكانی تری جگە لە نەوت دەتوانرێت كەرتەكانی دیكەی وەك كشتوكاڵ و پیشەسازی و بازرگانی و گەشتوگوزار پەرەیان پێبدرێت و بەهێزبكرێن".

هەر لە كۆنفرانسەكەدا نوێنەری وەزارەتی پیشەسازی‌و بازرگانی پشتیوانی حكومەتی بۆ پاراستنی بەرهەمی خۆماڵیی دووپات كردەوە، ئەو هەوڵانە لە كاتێكدان كابینەی نوێی حكومەتی هەرێم لە بەرنامەیدا پشتیوانیی گەشەپێدان بە بەرهەمی ناوخۆیی‌و پاراستنی بكات بە جۆرێك ببێتە ژێرخانێكی بەهێزی ئابوریی، بەتایبەت كەرتی كشتوكاڵ‌و پیشەسازیی.