قوباد تاڵەبانی: دەمانەوێت هەیكەلیەتی یەكێتی نوێ بكەینەوە نەوەك تەنها دەموچاوەكان بگۆڕین

15-12-2019 05:29
قوباد تاڵەبانی


پەرەگراف

قوباد تاڵەبانی دەڵێت، دەیانەوێت هەیكەلیەتی یەكێتی نوێ بكەنەوە نەك تەنها دەموچاوەكان بگۆڕن، تاوەكو بتوانن بیگونجێنن لەگەڵ سەردەمی نوێدا.

ئەو وتانەی تاڵەبانی دوای ئەوە هات لیژنەی ڕەشنوسی پەیڕەوی ناوخۆی یەكێتی ئەمڕۆ پەیڕەوەكەیان واژۆ كرد‌و كۆتایی بە ئامادەكارییەكانی هات بۆ كۆنگرە.

قوباد تاڵەبانی كە ئەندامی لیژنەی ئامادەكردنی پەیڕەوی ناوخۆی یەكێتییە، بە ڕۆژنامەنووسانی وت، توانیویانە بەشێكی زۆری داواكاریەكانی هەموو لایەنەكانی ناو یەكێتی كۆبكەنەوەو لە ڕەشنوسی ئەم پەیڕەوە نوێیەدا ڕەنگ بداتەوە كە ئامادەیان كردووەو دەبێت لە كۆنگرەدا پەسەند بكرێت، " ئەم ڕەشنووسە قابیلی دەستكاریكردنە، بەڵام ئەركی ئێمە ئەوەبوو رەشنووسێك ئامادەبكەین و بینێرین بۆ كۆمیسیۆنی باڵا".

بنەمای پڕۆژەی ڕەشنووسی پەیڕەوی ناوخۆ بۆ كۆنگرەی یەكێتی، لەلایەن ئەنجوومەنی ناوەندی ئەو حیزبەوە ئامادە كراوە.

كۆنگرەكەی یەكێتی، بڕیارە لە 21ی ئەم مانگەدا بەڕێوەبچێت، ئەوەش دوای مێژویەكی دورودرێژ لە دواخستن بەهۆی ناكۆكیی كوتلە جیاوازەكانەوە، كە نەك هێشتا وەك خۆی ماوەتەوە، بەڵكو ململانێیەكە چڕتریش بووەتەوە.

قوباد تاڵەبانی لەبارەی دەنگۆی جارێكی دیكە دواخستنی وادەی بەستنی كۆنگرەی حیزبەكەی، وتی"گوێ نادەینە نەیار، ئەمە داواكاری دڵسۆزان و كادیرانی یەكێتییە بۆ بەڕێوەبردنی كۆنگرە، هەر ئەو فشارانەیە وای كردووە لە ئێمە بیر لەوە بكەینەوە كە یەكێتی نوێ بكەینەوە و بەرەو كۆنگرە بچین، بەسەلامەتی لێی دەربازبین و پارتەكەمان نوێ بكەینەوە و بە فۆرمێكی نوێوە بگەڕێینەوە ناو خەڵك، من بۆخۆم كەسێكی گەشبینم لە هەموو شتێكدا، بۆیە پێشبینی دەكەم كۆنگرەیەكی سەركەوتوو بێت، بەڵام ئایا دەكرێت هەموو كێشەكانی یەكێتی چارەسەر بكرێت؟ من لەو بڕوایەدا نیم، بەڵام ئەوەی گرنگە ئەوەیە كە هەیكەلێكی نوی بۆ یەكێتی دابڕێژرێت".

یەكێتی لە 1975وە دامەزراوە، تائێستا سێ كۆنگرەی ئەنجامداوە، كۆنگرەی چوار بەپێی پەیڕەوی ناوخۆ دەبو لە 2013دا بوایە، بەڵام هێشتا نەكراوە و بەچەند هۆكارێك دواخراوە؛ سەرەتا بەهۆی نەخۆشكەوتنی مام جەلال و دواتر تەقینەوەی ناكۆكییەكان لەگەڵ كۆچی دوایی ئەودا وەك سكرتێری گشتی.

كۆنگرە گرنگترین كۆبوونەوەی ڕێكخراوەیی یەكێتی-یە بۆ خۆنوێكردنەوەو گۆڕانكاریی لە شێوازی بەڕێوەبردن‌و لوتكەی دەسەڵاتی حیزب، ئەوەش وایكردووە لەسەر ئاستی ئۆرگانەكانی ئەو حیزبە بازاڕی تەكەتول‌و گروپ دروستكردن گەرم ببێت‌و هاوكێشە ناوخۆییەكانی یەكێتی بەردەوام لە گۆڕاندان.

ناكۆكییەكانی ناو یەكێتی بەجۆرێكن هەر گروپەو دەیەوێت لە بەرژەوەندیی خۆی گۆڕانكاریی بكرێت‌و جومگە سەرەكییەكانی دەسەڵاتی حیزبیی لای خۆی بێت وەك؛ پۆستی یەكەمی حیزب، پارەو هێز‌و میدیا.

لە كۆنگرەی چوارەمی یەكێتیی، پڕكردنەوەی شوێنی تاڵەبانی ‌و دانیشتنی كەسێكی دیكە لەسەر كورسیی سكرتێری گشتی، خاڵی جەوهەریی ناكۆكییەكانی نێوان باڵە جیاوازەكانە، هەرچەندە بەپێی پێشنیارە دزەپێكراوەكان بۆ كۆنگرە، پێناچێت چیتر كەسی یەكەمی حیزب لە ژێر هەمان ناونیشان "سكرتێری گشتیی"‌و بەهەمان دەسەڵاتەكانی مام جەلال پۆستەكە وەربگرێت.