بەرهەم ساڵح: حكومەتی نوێ ئەركی قۆناغی ڕاگوزەر دەگرێتە ئەستۆ تا هەڵبژاردن

15-12-2019 08:40


پەرەگراف

سەرۆك كۆماری عێراق ڕایگەیاند، بەردەوامە لە ڕاوێژ لەگەڵ لایەنە جیاوازەكان بۆ دیاریكردنی كەسێك وەك كاندیدی سەرۆك وەزیرانی نوێ كە گەل پەسەندی بكات‌و پێویستە ئەو كاندیدە لەگەڵ پێودانگی داواكارییەكانی گەلی عێراق و داواكارییە ڕەواكانیان بێتەوە.

بەرهەم ساڵح لە بەیاننامەیەكدا تەئكید لە پابەندبوون دەكاتەوە بە وادە دەستورییەكان بۆ پێكهێنانی حكومەتی نوێ كە تەنها 4 ڕۆژی ماوە، دەشڵێت: بۆ ئەوەی زامنی ئەوە بكرێت كە سەرۆكایەتی حكومەتی نوێ ئەركی قۆناغی ڕاگوزەر بگرێتە ئەستۆ تا ئەوكاتەی هەڵبژاردن بەگوێرەی یاسایەكی هەڵبژاردنی دادپەروەر و سازكردنی لەلایەن كۆمسیۆنی هەڵبژاردنی سەربەخۆوە بە ئاكام بگەیەنرێت.

بەیاننامەكەی سەرۆكایەتی كۆمار لە كاتێكدایە، هەر ئەمڕۆ بەرهەم ساڵح نووسراوێكی فەرمی ئاڕاستەی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران كردووەو‌ داوای دیاریكردنی گەورەترین فراكسیۆن دەكات بە مەبەستی ڕاسپاردنی كەسێك بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت.

بەپێی ‌نووسراوەكە، سەرۆك كۆمار داوای كردووە كە بگەڕێنەوە سەر ماددەی (76/ بڕگەی یەكەمی) دەستووری عێراق بۆ ئەو مەبەستەش دەبێت گەورەترین فراكسیۆنی ناو ئەنجومەنی نوێنەران لە یەكەم كۆبوونەوەی ئەم خولەی ئەنجومەنەك دیاریی بكرێت.

بە گوێرەی بڕگەی یەكەمی ماددەی 76، پێویستە سەرۆك كۆمار لە ماوەی 15 ڕۆژدا سەرۆك وەزیرانی نوێ بۆ پێكهێنانی كابینەی حكومەت ڕاسپێرێت.

نامەی دەست لەكاركێشانەوەی عادل عەبدولمەهدی، دوای پەسەندكردنی لە ئەنجومەنی نوێنەران، رۆژی 4/12/2019 گەیشتووەتە سەرۆكایەتی كۆمار، دوا وادەی ڕاسپاردنی سەرۆك وەزیرانی نوێ ١٩ی ئەم مانگەیەو پێویستە ‌بەرهەم ساڵح كاندیدی سەرۆك وەزیران ئاڕاستەی پەرلەمان بكات.

دەقی بەیاننامەكەی سەرۆكایەتی كۆمار

سەرۆك كۆمار د. بەرهەم ساڵح بەردەوامە لە راوێژ و گفتوگۆ چڕ و پڕەكانی لەگەڵ سەركردەی پێكهاتە سیاسییەكان و چالاكییە میللی و كۆمەڵاتییەكان و بژاردە ئەكادیمی و سەندیكا و یەكێتییە پیشەییەكان و توێژە جیاوازەكانی تری كۆمەڵ بە مەبەستی راسپاردنی كاندیدێك بۆ سەرۆكایەتیكردنی ئەنجومەنی وەزیران كە پشتیوانی گەل بەدەست بهێنێت.

سەرۆك كۆمار لە میانی راوێژ و گفتوگۆ بەردەوامەكانیدا تەئكیدی كردووەتەوە لەسەر پێویستی پشت بەستن بە بڕگەكانی دەستوور و دواین وادە دەستوورییەكان بۆ ئەوەی زامنی ئەوە بكرێت كە سەرۆكایەتی حكومەتی نوێ ئەركی قۆناغی راگوزەر بگرێتە ئەستۆ تا ئەوكاتەی هەڵبژاردن بەگوێرەی یاسایەكی هەڵبژاردنی دادپەروەر و سازكردنی لەلایەن كۆمسیۆنی هەڵبژاردنی سەربەخۆوە بە ئاكام بگەیەنرێت.

بڕگەكانی دەستوور بەگوێرەی مادەی 76ی دەستوور، پێكهاتە سیاسییە پەیوەندیدارەكان لە پەرلەمان پەیوەست دەكات بۆ ئەوەی پاڵێوراوی خۆیان پێشكەش بكەن و سەرۆك كۆماریش رایبسپێرێت.

سەرۆك كۆمار لە میانی دیدار و گفتوگۆكانی تەئكیدی كردووەتەوە لەسەر پێویستی بەردەوامیدانی گفتوگۆ و راوێژەكانی نێوان پێكهاتە سیاسییەكان لە پێناو گەیشتن بە رێككەوتنێك تا كەسێكی باوەڕ پێكراوی گونجاو بۆ سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران دیاری بكرێت، پێویستە ئەو كاندیدە لەگەڵ پێودانگی داواكارییەكانی گەلی عێراق و داواكارییە رەواكانیان بێتەوە، هەروەها حكومەتی نوێ‌ پشتیوانی سیاسی و جەماوەری پێویست بە دەست بهێنێت بۆ ئەوەی چاكسازییە پێویستەكان بخاتە بەرنامەی پێشینەی خۆی وەك دەست پێشخەرییەك بۆ سازكردنی هەڵبژاردنێكی پاك و بێگەرد.

سەرۆك كۆمار روونی كردەوە ئاستی ئاڵەنگارییەكان مەترسیدارن كە وڵات رووبەڕووی دەبێتەوە، پێویستە بەرژەوەندی لایەنێك و حزب لە بەرچاو نەگیرێت و پشت ببەسترێت بە رەزامەندی گەل و پابەندبوون و بەدیهێنانی چاكسازییەكان و پێشكەشكردنی پێشینە نیشتمانییەكان بەسەر بەرژەوەندییە حزبییەكاندا.

نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆك كۆمار
15-12-2019