وادەی پێشكەش كردن بۆ خوێندنی باڵا ڕاگەیەندرا

17-12-2019 09:27


پەرەگراف

وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی، ماوەی پڕۆسەی پێشەشكردنی خوێندنی دبلۆمی باڵا و ماستەر و دكتۆرای لە زانكۆ حكومیەكانی هەرێمی كوردستان ڕاگەیاند بۆ ساڵی نوێی خوێندن كە ڕێكەوتی 5-1-2020 دەبێت.

سەرتیپ خالس، بەڕێوەبەری خوێندنی باڵا لە فەرمانگەی توێژینەوە و پەرەپێدان لە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، بە ماڵپەڕی وەزارەتی ڕاگەیاندووە: لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی وەزارەتی خوێندنی باڵا، پرسی پڕۆسەی پێشكەشكردن و پلانی خوێندنی باڵا/دبلۆمی باڵاو ماستەرو دكتۆرا لە زانكۆ حكومیەكانی هەرێمی كوردستان بۆ ساڵی خوێندنی (2019-2020) گفتوگۆی لەبارەیەوە كراوە.

بەڕێوەبەری خوێندنی باڵا لە فەرمانگەی توێژینەوە و پەرەپێدان ئاماژە بەوەش دەكات، بڕیاردراوە لە ڕێكەوتی 26-12-2019 پڕۆسەی پێشكەشكردن لە زانكۆكان دەستپێبكات، بەڵام بەهۆی ڕاگەیەنراوی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەبارەی پشوەكانی سەری ساڵ، بۆیە ڕێكەوتی ماوەی پێشكەشكردن گۆڕانكاری بەسەر دا دێت و بەم شێوەیەی خوارەوە دەبێت:

- ماوەی پێشكەشكردن بۆ خوێندنی باڵا/دبلۆمی باڵا و ماستەر و دكتۆرا: لە (5-1-2020 تا 19-1-2020) بەردەوام دەبێت.

- تاقیكردنەوەی توانستی زانستی: ڕێكەوتی (26-1-2020)

- دەستپێكی دەوامی خوێندنی دبلۆمی باڵا و ماستەر و دكتۆرا: ڕێكەوتی (16-2-2020).

كۆی گشتی پلانی خوێندنی باڵا/دبلۆمی باڵا و ماستەر و دكتۆرا لە زانكۆ حكومییەكانی هەرێمی كوردستان بۆ ساڵی خوێندنی (2019-2020) بریتییە لە (5375) كورسی خوێندن كە بەم شێوەیەیە:

2615 كورسی خوێندن بە خۆرایی بۆ زانكۆكان و زانكۆ نوێییەكان و زانكۆ پۆلیتەكنیكیەكان تەرخان دەكرێت.

417 كورسی خوێندن كە كورسی گشتیین بە خۆڕایی بۆ فەرمانبەرانی میلاكی هەمیشەیی گشت وەزارەت و دامودەزگاكانی حكومەتی هەرێم تەرخان دەكرێت و كە بە شێوەی سەرتاسەری لە نێوان خۆیان پێشبڕكێ دەكەن لەسەر كورسیەكان.

2343 كورسی خوێندن بە شێوەی پارالێل دەبێت و گشت خوازیارانی دامەزراو و دانەمەزراو بۆیان هەیە لەسەر كورسی پارالێل پێشكەشی بكەن كە خەرجی دارایی لەسەر ئەستۆی خوازیار دەبێت.

هەر لە لێدوانەكەیدا سەرتیپ خالس، ئەوەش دەخاتە ڕوو، لە ماوەیەكی نزیكدا پلان و ژمارەی كورسی خوێندن لە گشت بەش و پسپۆڕییەكان و كرێی خوێندنی دبلۆم و ماستەر و دكتۆرا لە لایەن زانكۆكانەوە ڕادەگەیەنرێت.