هەڕەشەكەی بەرهەم ساڵح بۆ دەست لەكار كێشانەوە ڕووی لە ئێرانە

23-12-2019 07:25
بەرهەم ساڵح نایەوێت پێچەوانەی خواستی شەقامی ناڕازیی هەنگاو بنێت


پەرەگراف

هەڕەشەكەی بەرهەم ساڵح بۆ دەست لەكار كێشانەوە لە پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق، ڕووی لە ئێرانەو كاردانەوەی ئەو فشارانەیە كە لەلایەن هێزەكانی نزیك لەو وڵاتەوە بەردەوامییان هەیە بۆ ڕاسپاردنی كەسێكی دڵخوازی ئەوان بۆ پێكهێنانی حكومەتی نوێی عێراق، بەرهەم ساڵح هۆشداریی ئەوەی داوە ناچێتە ژێرباری فشارەكان‌و كەسێك ڕاناسپێرێت كە پەسەندكراوی شەقام‌و مەرجەعییەتی ئاینیی نەجەف نەبێت.

بەو هەڵوێستەی، بەرهەم ساڵح خۆی لە بەرەی شەقام‌و مەرجەعییەتی ئاینیی داناوەو بەرامبەر بەرەی ئێران‌و لایەنەكانی نزیك لەو وڵاتە وەستاوەتەوە.

سەرچاوەیەكی نزیك لە بەرهەم ساڵح، ئەوەی بۆ پەرەگراف پشتڕاست كردەوە كە سەرۆك كۆمار هەڕەشەی دەست لەكار كێشانەوەی ئاڕاستەی لایەنە عێراقییەكان كردووە، "بەتایبەت ئەوانەی نزیكن لە ئێران".

ئەوە لە كاتێكدایە وادەی دەستوریی بۆ دیاریكردنی كەسێك بۆ پێكهێنانی حكومەتی نوێ كۆتایی هاتووە، بەهۆی ناكۆكیی‌و فشارەكان‌و ڕوون نەبوونی وەڵامی ئەو پرسیارەی كێ گەورەترن فراكسیۆنی پەرلەمانە؟ هێشتا كەس ڕانەسپێردراوە بۆ پێكهێنانی حكومەتی نوێ.
هەریەكە لە هاوپەیمانی بونیاتنان‌و هاوپەیمانی سائیروون خۆیان بە فراكسیۆنی گەورەی پەرلەمان دەزانن‌و داوادەكەن كاندیدی سەرۆك وەزیران لەوان بێت.

سەركردەكانی هاوپەیمانی بونیاتنان كە پێكدێن لە؛ هادی عامری، نوری مالیكی، فالح فەیاز، محەمەد حەلبوسی و خەمیس خەنجەر نووسراوێكیان ئاڕاستەی بەرهەم ساڵح كردووە بەمەبەستی كاندیدكردنی (قوسەی سوهەیل - وەزیری خوێندنی باڵا) بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران.

قوسەی سوهەیل سەربە هاوپەیمانیی فەتحە بە سەرۆكایەتی هادی عامری‌و بە نزیك لە ئێران لە قەڵەم دەدرێت، هەریەكە لە هاوپەیمانی سائیروون(موقتەدا سەدر)، ڕەوتی حیكمە(عەممار حەكیم)، هاوپەیمانی نەسر(حەیدەر عەبادی) ناڕازین بە كاندید كردنی قوسەی سوهەیل.

شەقامی ناڕازیی عێراق دژی كاندیدكردنی قوسەی سوهێل وەستاونەتەوەو لە چەندین ناوچە خۆپیشاندانی ناڕەزایی ئەنجام دراوە، نادیدەگرتنی داواكاریی‌و مەرجی خۆپیشاندەران بۆ دیاركردنی كاندیدی سەرۆك وەزیران پێدەچێت ئاڵۆزییەكان زیاتر بكات، لە كاتێكدا گۆڕانكارییەكانی عێراق‌و دەست لەكار كێشانەوەی كابینەكەی عادل عەبدولمەهدیش بە فشاری خۆپیشاندەران بووە، هەربۆیە بەرهەم ساڵح نایەوێت پێچەوانەی خواستی شەقام هەنگاو بنێت، مەرجەعییەتی ئاینییش تەئكیدی لەوە كردووەتەوە خواستی خەڵكی ناڕازیی لەبەرچاو بگیرێت.

"بەرهەم ساڵح نایەوێت قوسەی سوهەیل كاندید بكات بۆ پێكهێنانی حكومەتی نوێ، چونكە شەقامی ناڕازیی ڕەتی دەكەنەوەو دژ وەستانەوە بەرامبەر خواستی شەقام ناڕەزایی‌و توندوتیژییەكان زیاتر دەكات" سەرچاوەكەی پەرەگراف وای وت.

بەرھەم ساڵح دوێنێ بۆ جاری دووەم نووسراوێكی دیكەی ئاڕاستەی پەرلەمان كرد بۆ دیاریكردنی فراكسیۆنی گەورەی پەرلەمان بە مەبەستی ڕاسپاردنی كەسێكی ئەو فراكسیۆنە بۆ پێكھێنانی حكومەتی نوێ، ئێستا سەرۆك كۆمار چاوەڕوانی وەڵامی ڕوونی پەرلەمانە لەسەر ئەو پرسە.

فشارەكانی ئێران بۆسەر بەرهەم ساڵح

دژ وەستانەوەی بەرهەم ساڵح بۆ بەرەی ئێران لە كاتێكدایە ئەو وڵاتە ڕۆڵ‌و كاریگەری فراوانی هەیە لەسەر دۆخی عێراق‌و گۆڕانكارییەكان، تاران هەروەها كاریگەریی لەسەر ناوخۆی یەكێتی نیشتیمانی كوردستانیش هەیە كە چوارەم كۆنگرەی ئەو حیزبە بەڕێوەدەچێت‌و بەرهەم ساڵح دەیەوێت پۆستی سەرۆكی حیزبەكە مسۆگەر بكات.

ئێرانییەكان كە دۆستی نزیكی یەكێتین‌و ناوچەی ژێر دەسەڵاتی ئەو حیزبەیان بەلاوە گرنگە، بە شاندێكی باڵاوە چەند ڕۆژێكە لە سلێمانین ‌و تا دوای تەواوبوونی كۆنگرە دەمێننەوە.

ئێران بە ڕادەیەك لە یەكێتی نزیكە، زۆركەس وەك فریادڕەسی ئەو حیزبە ناوی دەبەن بۆ دەربازكردن لە تەنگژەو قەیرانەكان، بەهۆی نزیكیی‌و هاوسنوریی پارێزگا سلێمانی‌و هەڵەبجەو گەرمیان‌و ڕاپەڕین لە ئێران‌و باڵادەستیی‌و هەژموونی یەكێتی لەو ناوچانە، هەردوولایەن بەرژەوەندیی هاوبەشیان پێكەوە هەیە.

ئەوانەو پرسی یەكلاییكردنەوەی كاندید بۆ سەرۆك وەزیرانی نوێی عێراق كە ئێستا لە دەست بەرهەم ساڵح دایە، وایان كردووە شاندێكی باڵای ئێران بە سەرۆكایەتی حەسەن دانایی فەڕ باڵۆزی پێشووی ئێران لە عێراق(ئێستا كەسی یەكەمی دۆسیەی هەرێمی كوردستانە لە ئێران) ماوە چەند ڕۆژێكە لە سلێمانین‌و تا دوا تەواوبوونی كۆنگرەی یەكێتی دەمێننەوە.

هەرچەندە بەرهەم ساڵح لە یەكەم ڕۆژی كۆنگرەی یەكێتیدا بووە ئەندامی سەركردایەتی نوێی ئەو حیزبە‌و كاندیدی بەهێزو تەوافوق لەسەر كراوی تائێستایە بۆ سەرۆكی حیزبەكە، بەڵام هێشتا كورسیی كەسی یەكەمی یەكێتی مسۆگەر نەكردووەو بەربەستی ئێرانییەكان ماوە.

سەرچاوەیەكی ئاگادار لە فشارەكانی ئێران بۆ سەر بەرهەم ساڵح، بۆ پەرەگراف ئەوەی خستە ڕوو، ئێرانییەكان ڕۆڵی گرنگیان هەبوو لەوەی بەرهەم ساڵح ببێتە سەرۆك كۆماری عێراق، ئێستا فشاری تووندی دەخەنەسەر تا كەسێكی دڵخوازی ئەوان كاندید بكات بۆ سەرۆك وەزیرانی نوێی عێراق.

"بە پێچەوانەوە بەربەستی بۆ دروست دەكەن بۆ گەیشتن بە كورسیی كەسی یەكەمی یەكێتی‌و لە بەغدادیش دژایەتی تووندی دەكەن" سەرچاوە ئاگادارەكە وای وت.

سەرۆكی یەكێتی لەناو 121 كەسەكەی ئەنجومەنی سەركردایەتی گشتیی ئەو حیزبە هەڵدەبژێردرێت، ئەگەر بەرهەم ساڵح دڵی ئێرانییەكان ڕانەگرێت، پێدەچێت ئەو وڵاتە فشار بكات بۆ هەبوونی كاندیدێك لە بەرامبەر بەرهەم ساڵح لەناو سەركردایەتی نوێی یەكێتی بۆ پۆستی سەرۆكی حیزبەكە، ئەوەش ئەگەر باڵەكانی ناو یەكێتی بەتایبەت ماڵی مام جەلال بچنە ژێر باری فشارێكی لەوجۆرەی ئێرانییەكان.