بارزانی پیرۆزبایی لە كۆسرەت ڕەسوڵ ناكات

29-12-2019 06:34


پەرەگراف

مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان پیرۆزبایی لە سەلاحەدین بەهادین دەكات بۆ دووبارە هەڵبژاردنەوەی وەك ئەمینداری یەكگرتوو، بەڵام هێشتا پیرۆزبایی لە كۆسرەت ڕەسوڵ نەكردووە كە 8 ڕۆژە هەڵبژێردراوە بە سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای سیاسی یەكێتی و سێ ڕۆژە کۆنگرەی حیزبەکەی کۆتایی ھاتووە.

بارەگای بارزانی ئەمڕۆ بڵاویكردەوە، مەسعود بارزانی لە پەیوەندییەكی تەلەفۆنیدا پیرۆزبایی لە سەلاحەدین بەهادین كردووە بەبۆنەی هەڵبژاردنی وەك ئەمینداری گشتی و هەڵبژاردنی سەركردایەتیی تازەی یەكگرتوو و هیوای سەركەوتنی بۆ خواستووە.

بارزانی هەروەها پیرۆزبایی سەركەوتنی هەشتەمین كۆنگرەی یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستانی لە ئەمینداری یەكگرتوو كردووەو هیوای پتەوتربوونی برایەتی و یەكڕیزیی نێوان لایەنەكانی خواستووە لەپێناو بەرژەوەندییە باڵاكانی گەلی كوردستاندا.

كۆنگرەی هەشتەمی یەكگرتووی ئیسلامی ئەمڕۆ كۆتایی بە كارەكانی هات‌و دوێنێ لە یەكەم ڕۆژیدا سەلاحەدین بەهادین بە ئەمینداری گشتی هەڵبژێردرایەوە.

پیرۆزباییەكەی بارزانی لە یەكگرتوو لە كاتێكدایە، كۆنگرەی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان كە تێیدا ئەنجومەنی باڵای سیاسی‌و سەركردایەتی نوێی تێدا هەڵبژێردرایەوە 3 ڕۆژە كۆتایی هاتووە، بەڵام هێشتا بارزانی پیرۆزبایی لەو حیزبە نەكردووە.

هەریەكە لە نێچیرڤان بارزانی وەك سەرۆكی هەرێم‌و مەسرور بارزانی وەك سەرۆكی حكومەت‌و زۆربەی حیزبەكانی دیكە پەیامی پیرۆزباییان ئاڕاستەی یەكێتی كردووە، هەروەها پیرۆزباییان ئاڕاستەی یەكگرتووش كردووە. بەڵام هێشتا بارزانی‌و پارتی وەك حیزب پیرۆزباییان لە یەكێتی نەكردووە.

پیرۆزبایی نەكردن لە یەكێتی، ئاماژەیەكە بۆ نیگەرانیی بارزانی لەو حیزبە، لەكاتیكدا یەكێتی پێكهێنەرێكی سەرەكیی حكومەتەو یەكگرتووی ئیسلامی لایەنی ئۆپۆزسیۆن‌و ڕەخنەگری كابینەكەیە كە پارتی‌و مەسرور بارزانی كوڕی مەسعود بارزانی سەرۆكایەتیی دەكات.