لەبەر دەرگای ماڵی باوكی شاخەوان عەبدوڵا چی ڕوویدا؟ كێ تەقەی كرد‌و بۆچی؟

30-12-2019 07:37
شاخەوان عەبدوڵا


پەرەگراف

بەرپرسێكی پارتی لە گەڕەكێكی ناو شاری هەولێر دەستڕێژی گوللە لە ئۆتۆمبێلێك دەكات كە لەبەر دەرگای ئەوان ڕاگیراوە، ئەو ئۆتۆمبێلەی گوللەكانی پێوە نراوە هی برازایەكی بەرپرسی یەكەی هەشتای هێزەكانی پێشمەرگەیە(پارتی)، ڕووداوەكە بە دەستێوەردانی حیزبیی لە ئاستی باڵادا كپ كراوەتەوە، ئەمە بە وتەی دوو سەرچاوەی ئاگادار بۆ پەرەگراف، بەڵام ئەو بەرپرسە ڕەتیدەكاتەوە ڕووداوەكە ئەوی تێدا بووبێت‌و تەقەی تێدا كرابێت.

پێنج شەممەی ڕابردووتر(19-12-2019) گەڕەكی زەیتونە لە نێوان بنەسڵاوەو دارەتوو لە شاری هەولێر ڕووداوێكی نامۆی بەخۆیەوە بینی، لە بەردەرگای ماڵی باوكی شاخەوان عەبدوڵا پەرلەمانتاری پێشووی پارتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەنگی تەقە بەر گوێی دانیشتووانی گەڕەكەكە كەوت.

"بۆنەیەكی ژن مارەكردن هەبوو لە ماڵێكی نزیك ماڵی باوكی شاخەوان عەبدوڵا، برازایەكی نەجات عەلی فاتم(كچی فازڵی برای نەجات) بە مەبەستی بەشداریكردن لەو بۆنەیە ئۆتۆمبێلەكەی لە بەردەرگای ماڵی باوكی شاخەوان عەبدوڵا ڕاگرتووە، شاخەوانیش لەوێ بووەو هاتووەتە دەرەوەو چەند فیشەكێكی ناوە بە جام‌و داشبڵی ئۆتۆمبێلەكەوە" سەرچاوەیەكی نزیك لە خێزانی نەجات عەلی فاتم كە داوای كرد ناوی نەهێنرێت بۆ پەرەگراف وای وت.

ئەو سەرچاوەیە ئەوەشی خستە ڕوو، برای زاوا ئەو بۆنەی ژنهێنانە بە شاخەوان عەبدوڵای وتووە، "ئەوە ئۆتۆمبێلی كەسێكی خزمی ئەوانەو لای دەبات، بەڵام شاخەوان گوێی بەو قسەیە نەداوەو بە دەمانچەكەی چەند فیشەكێكی ناوە بە ئۆتۆمبێلەكەوە كە لە جۆری كیای سپۆرتاجە".

دوای تەقەكردنەكان، شەڕ لە نێوان شاخەوان عەبدوڵاو برای زاوا دروست بووە، "شاخەوان بە كلكە دەمانچە لێیداوە" سەرچاوەكەی پەرەگراف وای وت.

شاخەوان عەبدوڵا پەرلەمانتاری عێراق بوو لەسەر پارێزگای كەركوك‌و یەكێكە لەو بەرپرسانەی پارتی كە زۆرترین دەركەوتن‌و قسەی هەیە لەبارەی دۆخی كەركوك‌و هەڵوێستەكانی حیزبەی سەبارەت بەو شارە، لە دوای ڕوداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەری 2017 كە پارتییەكانی كەركوك ئەو شارەیان جێهێت، زۆربەیان لە گەڕەكی زەیتونەی هەولێر نیشتەجێ بوون، لەناویاندا ماڵی باوكی شاخەوان.

شاخەوان عەبدوڵا، بۆ پەرەگراف ئەوەی خستە ڕوو، ڕووداوێك لە نزیك ماڵی باوكی ڕوویداوە، بەڵام ڕەتی كردەوە ئەو بووبێت، وتی"ئەوەی هەیە لە نزیك ماڵی باوكم كە باوكم ئەندامی ئەنجومەنی سەركردایەتیە سەیارەیەك وەستابوو، ئەوانیش بە كۆڵانەكەیان وتبوو ئەم ئۆتۆمبێلە هی كێیە هەموو وتبوویان هی ئێمە نیە، بۆیە جامەكەیان شكاندبوو بۆ ئەوەی سەیارەكە لاببەن".

شاخەوان وتیشی "دواتر دەركەوتبوو ئەو ئۆتۆمبێلە هی ئافرەتێكەو كە ناسرایەوە دواتر جامەكەشیان بۆ چاككردەوەو ماڵەكەش ناسراو دەرچوون و ئێستا هاتوچۆ دەكەن، ڕووداوەكەش بەهیچ شێوەیەك منی تێدا نەبووم و براكانم و حیمایەكان بوون‌و ڕووداوەكەش بەو شێوەیە نەبوو شایەنی باسكردن بێت".

سەرباری وتەكانی شاخەوان عەبدوڵا، بەڵام سەرچاوەیەكی دیكەش كە ئاگاداری ڕووداوەكەیە، بۆ پەرەگراف تەئكیدی كردەوە كە "شاخەوان عەبدوڵا خۆی بووەو فیشەكی ناوە بەو ئۆتۆمبێلەوە"، تەقەكردنەكان زیانی گیانییان بەدواوە نەبووەو كەس بریندار نەبووە.

سەرچاوەكان باسلەوە دەكەن، ڕوون نییەو نازانن هۆكاری ڕووداوەكە چی بووە، سەرچاوەكەی نزیك لە خێزانی نەجات عەلی فاتم، وتی "كاتێك دواتر بە شاخەوانیان وتووە بۆ وادەكەیت؟ شاخەوان وتویەتی من دوژمندارم. لە كاتێكدا تەقەی لە ئۆتۆمبێلەكە كردووە نەك لە خەڵك. خۆ دوژمنایەتیی لەگەڵ ئۆتۆمبێلدا نییە".

پەرەگراف زانیویەتی، ڕووداوەكە كاردانەوەی نەجات عەلی فاتمی لێكەوتووەتەوە كە بەرپرسی هێزەكانی پێشمەرگەی پارتییە(هێزەكانی 80)، "هەڕەشەكردنی تێكەوتووەو خەریك بووە گەورەتر ببێت، دژە تیرۆری پارتی چووەتە ناوچەكەو دۆخەكەیان كۆنتڕۆڵ كردووەو تەنانەت ڕێگەیان بە پۆلیس‌و ئاسایش نەداوە پەڕاوی لێكۆڵینەوە بكەنەوەو گوتویانە خۆمان چارەسەری دەكەین، دواتر لە ئاستی باڵای پارتیدا دەستێوەردان كراوەو دۆخەكە ئارام كراوەتەوە".

پەرەگراف هەوڵیدا لێدوانی نەجات عەلی فاتم لەسەر ئەم ڕووداوە وەربگرێت، بەڵام مۆبایلەكەی داخراوەو بەپێی زانیارییەكان لەگەڵ شاندێكی وەزارەتی پێشمەرگە لە ئەوروپایە.

كابینەی نۆیەمی حكومەت بە سەرۆكایەتی مەسرور بارزانی دروشمی كوردستانێكی بەهێزو سەقامگیری بەرز كردووەتەوەو سەرۆكی حكومەت بەردەوام تەئكید لە سەروەریی یاسا دەكاتەوە، یاساو دادگاكانی كوردستان بەردەوام ڕوبەڕوی ئەو ڕەخنەیە كراونەتەوە لەو دۆسیەیانەی بەرپرسانی باڵای حیزبییان تێدایە ناتوانن سەربەخۆبن‌و یاسا سەروەر بكەن.

مەسرور بارزانی سەرۆكوەزرانی هەرێمی كوردستان لە وتارەكەیدا بە بۆنەی 100 ڕۆژ كاركردنی كابینەكەی، تەئكیدی لەوە كردەوە كە هەنگاوی باشیان ناوەو ڕەوتی كارەكانیان كەوتووەتەسەر ڕاستە ڕێ‌و حكومەتەكەیی بە "چالاكتر و ئەكتیڤتر" ناو بردو وتی"دەتوانم بە دڵنیاییەوە بڵێم، كە ئێستا كوردستان بەهێزتر و سەقامگیرترە و حكومەتیش شەفافترە".

لەم ڕووداوی تەقەكردنەدا، كابینەكەی مەسرور بارزانی لەبەردەم تاقیكردنەوەدایە كە ئایا یاسا سەروەر دەبێت‌و ڕۆڵی خۆی دەبینێت لە دەستڕێژی گوللەیەك كە لەناو هەولێری پایتەخت كراوە، یاخود ئەمەش بە دەردی ڕووداوەكانی دیكە دەبرێت كە حیزب ڕۆڵی تێیاندا هەیەو ڕێگە نادرێت یاسا ڕێوشوێنی خۆی بگرێتەبەر.

پەرەگراف بۆ وەرگرتنی زانیاریی زیاتر‌و ڕێكارەكانی حكومەت بۆ سەروەریی یاسا، لەڕێی نامەوە بە وەتس ئەپ داوای لێدوانی كرد لە هەریەكە لە جوتیار عادل وتەبێژی فەرمیی حكومەتی هەرێم‌و نورەدین وەیسی بەرپرسی نوسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆكی حكومەت، بەڵام دوای زیاتر لە 24 كاتژمێر لە بینینی نامەكە، وەڵامیان نەدایەوە.