لایەنگرانی حەشد هەڵیانكوتایەسەر باڵیۆزخانەی ئەمریكاو ترەمپ پەنجە بۆ ئێران ڕادەكێشێت

31-12-2019 06:32
ترەمپ - هادی عامری لە خۆپیشاندانەكەی بەردەم باڵیۆزخانەی ئەمریكا


پەرەگراف

لایەنگرانی حەشدی شەعبی هەڵیانكوتایەسەر باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە بەغداو داوای داخستنی دەكەن، گرژیی‌و ئاڵۆزیی لە چواردەوری باڵیۆزخانەكە دروست بوو و ئاگریان لە چەند خاڵێكی پاسەوانیی بەردا كە كەسیان تێدا نەبوو، ترەمپ پەنجەی تۆمەت بۆ ئێران ڕادەكێشێت.

سەركردە باڵاكانی حەشدی شەعبی‌و نزیك لە ئێران لەناو خۆپیشاندانەكەدا بوون، خۆپیشاندانەكە لە كاردانەوەی بۆردومانەكەی ئەمریكا بوو بۆسەر بارەگاكانی حیزبوڵڵا لە عێراق و سوریا كە بەهۆیەوە زیاتر لە 25 چەكداری حەشد كوژران‌و نزیەكی 50ی دیكە برینداربوون، ئەمریكا دەڵێت، ئەو بۆردومانە كاردانەوەی ئەو هێرشە موشەكییە بووە كە هەینی ڕابردوو كرایەسەر سەربازگەی كەی وەن لە كەركوك‌و بەهۆیەوە بەڵێندەرێكی ئەمریكی كوژرا.

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمریكا لە تویتێكدا خۆپیشاندانی بەردەم باڵیۆزخانە وڵاتەكەی لە بەغداد بە هێرشی ئێران ناو برد، ترەمپ وتی "ئێران بەڵێندەرێكی ئەمریكی كوشتووە و چەندین ئەمریكی دیكەی برینداركردووە" ئەوەش وەك ئاماژەیەك بۆ هێرشەكەی سەر كەی وەن.

"ئێمە بە تووندی وەڵامی ئێرانمان دایەوەو هەمیشەیش بەو شێوەیە وەڵاممان دەبێت" ترەمپ وا دەڵێت، دەشڵێت "ئێستا ئێران هێرشێكی بۆسەر باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە عێراق ڕێكخستووە و بەرپرسیاری تەواو دەبن لەو كارە. پێشبینی دەكەین عێراق هێزەكانی بۆ پاراستنی باڵیۆزخانەی ئەمریكا بەكاربهێنێت. بەتەواوی ئاگادارین!"

لایەنگرانی حەشدی شەعبی، باڵیۆزخانەكەیان بەردباران كردو ئاگریان لە نزیك دەروازەكانی كردەوە، هەروەها دروشمی "مەرگ بۆ ئەمریكاو مەرگ بۆ ئیسرائیلیان دەوتەوە".

باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە بەغداد، ڕاگەیەندراوێكی كورت‌و بەپەلەی بڵاوكردەوەو تێیدا هۆشداریدا بە ئەمریكییەكانی ناو عێراق بەوەی كە ڕوو لە باڵیۆزخانەكە نەكەن و لێشی نزیك نەبنەوە‌و ئاگاداری خۆیان بن.

باڵیۆزخانەكە داوا لە ئەمریكییەكانی ناو عێراق دەكات بۆ باری لەناكاو ئامادەبن‌و لە ڕێی پەیجی باڵیۆزخانەكە لە فەیسبوك لەكاتی پێویستدا زانیاریی دیكە بڵاو دەكەنەوە.

لەگەڵ دەستپێكردنی خۆپیشاندانەكەدا عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی دەستلەكار كێشاوەی عێراق، داوای كرد، "دەستبەجێ بەردەم باڵیۆزخانەی ئەمریكا چۆڵ بكەن".

عادل عەبدولمەهدی، تەئكیدی كردەوە كە ڕێگەنادەن و نابێت دەستدرێژیی بكرێتەسەر باڵیۆزخانەكان، پەلاماردانی باڵیۆزخانەكانی بە "تاوان" ناوبردو هەڕەشەی سزای توندی كرد بۆ ئەنجامدەرانی.

لە خۆپیشاندانەكەدا هەریەكە ئەبو مەهدی موهەندیس، جێگری سەرۆكی دەستەی حەشدی شەعبی، هادی عامری، سەرۆكی هاوپەیمانیی بینا، فالح فەیاز، سەرۆكی دەستەی حەشدی شەعبی و قەیس خەزعەلی، ئەمینداری گشتیی بزووتنەوەی عەسائیبی ئەهلی حەق بەشداربوون، هاوكات فەرماندە سەربازییەكانی كەتیبەكانی حیزبوڵڵا و سەرایای خوراسان لەناو خۆپیشاندەراندابوون.

خۆپیشاندانی لایەنگرانی حەشدی لە بەردەم باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغداد