هۆشداریی نوێ لە ئەمریكاوە؛ جوڵەی دەستپێشخەر دەكەین بۆ بەرگریكردن

02-01-2020 09:57
بەشێك لەو هێزە ئەمریكییەی بەرەو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست جوڵەی پێ كرا


پەرەگراف

ئەمریكا هۆشداریی دەدات لە پلانی هێرشی نوێ بۆسەر هێزو دامەزراوەكانی وڵاتەكەی لەلایەن ئەو گروپانەی ئێران پشتیوانییان دەكات، وەزیری بەرگری ئەمریكا دەڵێت، هەرجۆرە ئاماژەیەكی هێرش كردن ببینن، وڵاتەكەی جوڵەی دەستپێشخەر دەكات بۆ بەرگریكردن لە خۆی.

لەگەڵئەوەی ئەمڕۆ دەوروبەری باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە بەغداد ئارامیی بەخۆیەوە بینی كە دوو ڕۆژی ڕابردوو گرژیی‌و ئاڵۆزیی تێكەوت بوو، بەڵام هەر ئەمڕۆ مارك ئیسپەر، وەزیری بەرگری ئەمریكا ئاماژەی بەوە كرد، هەندێك ئاماژە هەن كە ئێران یاخود ئەو هێزانەی ئێران پشتیوانییان دەكات، پلانی هێرشی نوێیان هەبێت دژی ئەمریكا.

وەزیری بەرگری ئەمریكا دەشڵێت، ئەوە شتێكی نوێ نییەو دوو بۆ سێ مانگ لەمەوبەر ئەوان ئەوەیان زانیوە، "ئەگەر شتێكی وا ڕووبدات ئێمەش دەجوڵێین، ئەگەر شتێكمان دەربارەی هێرشكردن یاخود هەر جۆرە ئاماژەیەكی لەو جۆرەمان بینی، ئەوا جوڵەی دەستپێشخەر دەكەین بۆ بەرگریكردن لە هێزەكانی ئەمریكاو گیانی ئەمریكییەكان".

لە دوای هێرش‌و پەلاماری ئەندام‌و لایەنگرانی حەشدی شەعبی بۆسەر باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە بەغداد، باڵیۆزخانەكەی تەواوی كارەكانی ڕاگرت‌و لە كونسوڵخانەكەیان لە هەولێرەوە كارەكانیان دەكەن، ئەو پشێوییانە وایكرد ئەمریكا لە كوەیتەوە هێزێكی شەڕكەری نارد بۆ بەغداد بۆ پاراستنی باڵیۆزخانەكەی، هەروەها لە ئەمریكاوە 750 سەربازی بەرەو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست جووڵە پێ كرد.

لایەنگرانی حەشد دوو ڕۆژ لەسەر یەك لە دەوروبەری باڵیۆزخانەی ئەمریكا كۆبوونەوە بۆ دەربڕینی ناڕەزایی، باڵیۆزخانەكەیان دایە بەر بەردو ئاگریان لە دەوروپشتی كردەوەو داوایان كرد دابخرێت، لە ڕۆژی دووەمدا حەشد داوای لە لایەنگرانی كرد لە دەوروبەری باڵیۆزخانەكە بكشێنەوە، دواتر كشانەوەو ئەمڕۆ دۆخەكە ئارامیی بەخۆیەوە بینی.

ئەمریكا ڕاستەوخۆ ئێران تۆمەتبار دەكات بە هێرشكردنەسەر باڵیۆزخانەی وڵاتەكەی، بەڵام ئێران ئەوە ڕەت دەكاتەوە.

لەگەڵ گەیشتنی هێزەكەی ئەمریكا لە كوەیتەوە بۆ بەغداد، دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا لە تویتێكدا ڕایگەیاند: ئێستا باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە عێراق پارێزراوەو ژمارەیەكی زۆر لە باشترین شەڕكەرەكانمان لەگەڵ كوشندەترین چەكە سەربازییەكان لە دونیادا، گەیشتوونەتە باڵیۆزخانەكە.

هەمان كات ترەمپ پەیامێكی بۆ عێراقییەكان ناردو لە تویتێكدا گوتی: بۆ ئەو ملیۆنان كەسەی لە گەلی عێراق كە ئازادییان دەوێت و ئەوانەی كە دەیانەوێت لە داگیركاریی و كۆنتڕۆڵی ئێران ڕزگاریان ببێت، ئێستا كاتییەتی.

سەركردە باڵاكانی حەشدی شەعبی‌و نزیك لە ئێران لە ناو خۆپیشاندان‌و هێرشی سەر باڵیۆزخانەكەی ئەمریكا بوون، خۆپیشاندانەكە لە كاردانەوەی بۆردومانەكەی ئەمریكا بوو بۆسەر بارەگاكانی حیزبوڵڵا لە عێراق و سوریا كە بەهۆیەوە زیاتر لە 25 چەكداری حەشد كوژران‌و نزیەكی 50ی دیكە برینداربوون، ئەمریكا دەڵێت، ئەو بۆردومانە كاردانەوەی ئەو هێرشە موشەكییە بووە كە هەینی ڕابردوو كرایەسەر سەربازگەی كەی وەن لە كەركوك‌و بەهۆیەوە بەڵێندەرێكی ئەمریكی كوژرا.