قاسم سلێمانی‌و ئەبومەهدی موهەندیس لە بەغداد كوژران

03-01-2020 07:42
ئەبومەهدی موهەندیس لەگەڵ قاسم سلێمانی


پەرەگرف

قاسم سلێمانی فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران‌و ئەبومەهدی موهەندیس جێگری سەرۆكی دەستەی حەشدی شەعبی، بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە بەغداد كوژران، ئەمریكا بە فەرمی بەرپرسیارێتی كوشتنیانی لە ئەستۆ گرت‌و دەڵێت، بە فەرمانی ترەمپ ئەو كارە كراوە. ئێران هەڕەشەی "تۆڵەیەكی كوشندەو سەخت" دەكات‌و دەڵێت، مەترسییەكی زۆر گەورەیە.

چەند موشەكێك ئەو ئۆتۆمبێلانەی كردووەتە ئامانج كە قاسم سلێمانی‌و ئەبومەهدی موهەندیسی تێدا بووەە لە نزیك فڕۆكەخانەی نێدەوڵەتی بەغداد.

وەزارەتی بەرگریی ئەمریكا ڕایگەیاند "بەفەرمانی سەرۆكی ئەمریكا، سوپای ئەمریكا هێرشێكی یەكلاكەرەوەی ئەنجامدا بەمەبەستی پاراستنی ئەمریكییەكان لەدەرەوەی وڵات لە ڕێگەی كوشتنی قاسم سلێمانی سەرۆكی سوپای قودس كە كەسێكە پێشتر بە تیرۆریست لەقەڵەم دراوە".

پێنتاگۆن دەشڵێت "ئەو بەرپرس بووە لە هێرشەكانی سەر بنكەكانی هاوپەیمانان لە عێراق لە چەند مانگی ڕابردوو و لەنێویاندا هێرشەكەی 27-12-2019. هەروەها گڵۆپی سەوزی هەڵكردووە بۆ هێرشەكەی سەر باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە بەغداد".

وەزارەتی بەرگریی ئەمریكا، هێرشەكە بە ڕێگریكردن لە هێرشەكانی ئێران لە داهاتوودا ناودەبات و دەڵێت "ئەمریكا ئامادەیە هەموو ڕێگەكان بگرێتەبەر بۆ پاراستنی خەڵك و بەرژەوەندییەكانی لە هەموو شوێنێكی جیهان".

لە دوای ئەو ڕووداوە دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا وێنەیەكی ئاڵای وڵاتەكەی لە تویتەرەكەی بڵاو كردووەتەوە بەبێ ئەوەی هیچ نووسینێكی لەگەڵدا بێت، هاوكات مایك پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریكا ڕایگەیاند "عێراقییەكان دڵخۆشن بە كوشتنی قاسم سلێمانی".
لە ڕووداوەكەدا جگە لە كوژرانی قاسم سلێمانی‌و ئەبومەهدی موهەندیس، چەند كەسێكی دیكەش كوژراون‌و هێشتا ناسنامەكانیان ئاشكرا نەكراوە.

ئێران هەڕەشەی "تۆڵەیەكی كوشندەو سەخت" دەكات

لە دواین كاردانەوەدا، عەلی خامنەیی ڕێبەری باڵای ئێران، بەبۆنەی كوژرانی قاسم سلێمانی، سێ ڕۆژ ماتەمینی گشتیی لە ئێران ڕاگەیاندو هەڕەشەی ئەوە دەكات كە "تۆڵەیەكی كوشندەو سەخت" دەكەنەوە.

خامنەیی لە ڕاگەیەندراوێكدا دەڵێت "شەهادەت خەڵاتی هەوڵی بێوچانی ئەو لەم هەموو ساڵە بوو، بە شەهید بوونی ئەو پشت بە خوا كارەكانی و ڕێگاكەی ناوەستێت، بەڵام تۆڵەیەكی كوشندە و سەخت چاوەڕوانی جەنایەتكارەكان دەكات".

لەبارەی ئەبومەهدی موهەندیس كە لەگەڵ قاسم سلێمانی لەلایەن ئەمریكاوە كوژرا، خامنەیی دەڵێت، گەلی ئێران یاد و ناوی شەهیدی گەورە سەردار قاسم سلێمانی و شەهیدانی هاوڕێی ئەو بە تایبەت "موجاهیدی گەورەی ئیسلام ئەبو موهەندیس" بە بەرزیی ڕادەگرێت.

گرتەیەکەی ڤیدیۆیی ئاسەواری ئەو ئۆتۆمبێلانەی ئەمریکا کردنییە ئامانج و قاسم سلێمانی و ئەبومەھدی موھەندیسی تێدا کوژران

هەروەها ئەنجوومەنی باڵای پاراستنی ئاسایشی نیشتمانی ئێران كۆبوونەوەی بەپەلە ئەنجام دەدات بۆ چۆنیەتیی مامەڵە كردن لەگەڵ ئەو ڕووداوە.

كەیوان خوسرەوی وتەبێژی ئەنجومەنی باڵای پاراستنی ئاسایشی نیشتمانی ئێران ڕایگەیاند، لە چەند كاژێری داهاتوو كۆبوونەوەیەكی بەپەلە لەبارەی "كردەوە سامناكەكەی" هێرشكردنە سەر ئۆتۆمبێلی قاسم سلێمانی فەرماندەی سوپای قودس لە ئەنجومەنی باڵای پاراستنی ئاسایشی نیشتمانی ئێران بەڕێوەدەچێت.

هاوكات محەمەد جەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ئێران لە تویتێكیدا دەڵێت"هەنگاوە تیرۆرۆستانە نێودەوڵەتییەكەی ئەمریكا، بە ئامانجگرتن‌و تیرۆركردنی ژەنەڕاڵ سلێمانی، كاریگەرترین هێز لە شەڕی دژ بە داعش، بەرەی نووسرە، ئەلقاعیدە و هێزە هاوشێوەكانیان، مەترسییەكی زۆر گەورەیەو پەرەسەندنێكی گەمژانەیە".

زەریف دەشڵێت"ئەمریكا بەرپرسیارییەتی هەموو دەرئەنجامێكی پیلانگێرییە خراپەكەی هەڵدەگرێت".