پۆمپیۆ لەگەڵ بەرهەم ساڵح‌و مەسرور بارزانی هێرشەكەی ئەمریكای تاوتوێ كرد

03-01-2020 11:37
مەسرور بارزانی - بەرهەم ساڵح - پۆمپیۆ


پەرەگراف

مایك پۆمپیۆ لەگەڵ بەرهەم ساڵح‌و مەسرور بارزانی پەیوەندیی تەلەفۆنیی ئەنجامدا، پۆمپیۆ دەڵێت، باسی ئەو "هێرشە بەرگرییەیان" كردووە كە ئەمریكا ئەنجامی دا، مەبەستی هێرشی كوشتنی قاسم سلێمانی‌و ئەبومەهدی موهەندیسە.

مەسرور بارزانی لە توێتێكدا دەڵێت، ئێوارەی ئەمڕۆ لەگەڵ مایك پۆمپیۆ قسەی كردووەو گفتوگۆ دەربارەی دوایین پێشهاتەكانی ناوچەكە كردووەو هاوڕا بوون لەسەر هێوركردنەوەی گرژییەكانی عێراق لە ڕێی دانبەخۆداگرتن و بەردەوامبوونی گفتوگۆ.

هاوكات مایك پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریكا تویتێكی لەبارەی پەیوەندییەكەی لەگەڵ مەسرور بارزانی بڵاو كردەوەو تێیدا دەڵێت، لە گفتوگۆكانی ئەمڕۆیدا لەگەڵ مەسرور بارزانی باسی ئەو هێرشە بەرگرییەیان كرد‌ووە كە ئەمریكا ئەنجامی داوە، لەگەڵ كەمكردنەوەی گرژییەكان.

پۆمپیۆ دەڵێت "زۆر سوپاسی ئەوم كرد بۆ ئەو هاوپەیمانییە بەهێزەی كە هەمانە. ئێمە هاوڕابووین لەسەر پێویستیی بەردەوامیی‌و نزیكیی پەیوەندی‌و هاوكارییەكانمان".

پۆمپیۆ لە تویتێكی دیكەدا ئاماژەی بەوە كردووە، لە پەیوەندییەكی دیكەی تەلەفۆنیدا هەمان پرسی لەگەڵ بەرهەم ساڵح تاوتوێ كردووەو ئەوەی خستووەتە ڕوو، بڕیارەكەی ترەمپ بۆ بەرگریی لەخۆكردن بووە لە پێناو پاراستنی ئەمریكییەكان.

وەزیری دەرەوەی ئەمریكا لەگەڵ بەرهەم ساڵح باسی لە خاوكردنەوەی گرژییەكان كردووەو ئامادەیی وڵاتەكەی پیشانداوە لەو ڕووەوە.

ئەو پەیوەندییانە دوای ئەوەدێت، بەرەبەیانی ئەمڕۆ بە فەرمانی دۆناڵد ترەمپ هەریەكە لە قاسم سلێمانی‌و ئەبومەهدی موهەندیس‌و چەند كەسێكی دیكە لەشاری بەغداد كوژران.

قاسم سلێمانی چۆن كوژراو كێی لەگەڵدا بوو؟