وردەكاریی "پلانێكی قاسم سلێمانی" بۆ هێرش كردنەسەر ئەمریكا لە عێراق ئاشكرا دەبێت

04-01-2020 06:59
ئەندامانی كەتیبەكانی حیزبوڵڵای عێراق وێنەی قاسم سلێمانی بەرزدەكەنەوە لە مەراسیمی بەڕێكردنی تەرمەكەیدا 4-1-2020/ وێنە؛ ڕۆیتەرز


پەرەگراف

پلانی هێرشێكی فراوان بە سەرپەرشتی‌و نەخشەدانانی قاسم سلێمانی بۆسەر هێزەكانی ئەمریكا لە عێراق ئاشكرا دەبێت، بۆئەو مەبەستەش ناوەڕاستی مانگی 10ی ڕابردوو قاسم سلێمانی لە ڤێللایەكی سەر ڕوباری فورات لە بەغداد لەگەڵ سەركردەی گروپە چەكدارە شیعەكانی نزیك لە وڵاتەكەی كۆبووەتەوە، ئەمەش بەپێی چەند سەرچاوەیەك بۆ ئاژانسی ڕۆیتەرز كردووە.

دوو فەرماندەی میلیشیا شیعەكان‌و دوو سەرچاوەی ئەمنیی عێراق كە بۆ ڕۆیتەرز قسەیان كردووە، وردەكاریی پلانەكەیان ئاشكرا كردووەو ئەوە دەخەنە ڕوو، پلانەكە فراوان بووەو بۆ هێرش كردنەسەر باڵیۆزخانەی ئەمریكا بووە لە بەغداد.

سەرچاوەكان دەڵێن، قاسم سلێمانی‌و ئەبومەهدی موهەندیس(پێكەوە كوژران لە بەغداد) لەگەڵ چەند سەركردەیەكی دیكەی میلیشیا شیعەكان بەشداربوون لە داڕشتنی پلانی هێرشەكە، "پلانیان داڕشتووە لە ڕێگەی چەكی پێشكەوتوو كە ئێران پێیداون هێرشی فراوان بكەنەسەر باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە بەغداد. ڕێكار و بەرنامەی هێرشەكەیان دیاریكردووە".

داڕشتنی ئەو پلانە لە كاتێكدا بووە كە لە بەغدای پایتەخت‌و پارێزگاكانی دیكەی خوارووی عێراق خۆپیشاندانی فراوان بەڕێوەدەچوو، خۆپیشاندەران دروشمان دژی ئێران دەگوتەوەو لەچەند ناوچەیەك هەڵیانكوتایەسەر كونسوڵخانەی ئەو وڵاتەو بارەگای حیزبەكانی نزیك لە ئێران‌و سووتاندنیان.

بەگوتەی سەرچاوەكان، پلانی هێرشكردنەسەر باڵیۆزخانەی ئەمریكا بە جۆرێك بووە، لەو ڕێگایەوە وا لە ئەمریكا بكرێت بە ڕێگای سەربازیی وەڵامی هێرشەكە بداتەوە، لەو ڕێگایەشەوە توڕەیی خەڵكی عێراق ڕووەو ئەمریكا بگۆڕێت.

لە چوارچێوەی پلانەكەیدا قاسم سلێمانی دوو هەفتە بەرلە كۆبوونەوەكەی مانگی 10 لەگەڵ سەركردەی میلیشیاكان، فەرمانی بە سوپای پاسدارانی وڵاتەكەی كردووە چەكی پێشكەوتوو وەك كاتیۆشا و ئەو جۆرە موشەكانەی كە بەشان هەڵدەگیرێن لە دوو دەروازەی سنوورییەوە بگەیەننە عێراق.

بۆ جێبەجێ كردنی پلانەكەش بڕیاریانداوە گروپێكی دیكەی میلیشیایی نوێ دروست بكەن كە لای ئەمەریكییەكان ناسراو نەبن‌و دۆزینەوەو ئاشكرا كردنی ناسنامەیان ئاسان نەبێت، ڕۆیتەرز ئاماژەی بەوە كردووە، كەتیبەكانی حیزبوڵڵای عێراق ڕاستەوخۆ لە جێبەجێ كردنی پلانی هێرشەكەدا بوون.

قاسم سلێمانی پێی گوتوون پێكهێنانی میلیشیایەكی لەو جۆرە "قورس دەبێت بۆ ئەمریكییەكان چاودێریی بكەن"، یەكێك لە سەركردەی میلیشیا چەكدارەكان وای بە ڕۆیتەرز گوتووە.

بەرپرسانی ئەمریكا دەڵێن، بەرلە هێرشەكان و جێبەجێكردنی پلانەكانی سلێمانی، دەزگا هەواڵگرییەكانی ئەمریكا چەندین ئەگەریان لە بەرچاو گرتووە كە سلێمانی بەنیازە ئەنجامیان بدات و لە چەندین وڵات هێرش بكاتەسەریان، لەوانە لە عێراق و سووریا و لوبنان.

"سلێمانی چەكی پێشكەوتووی داوە بە حیزبوڵڵای عێراق" بەرپرسێكی ئەمریكی وا دەڵێت. شەوی ڕابردووش دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا ڕایگەیاند، قاسم سلێمانی پلانی دانابوو بۆ "هێرشێكی زۆر گەورە".

ترەمپ وتی، ئەمریكا ئاشتیی دەوێت‌و هیچ كاتێكیش دوودڵ نییە لە پاراستنی ئاشتیی‌و سەقامگیریی هاوڵاتییانی وڵاتەكەی، "پەیامم بۆ تیرۆریستان ئەوەیە ئەگەر ژیانی خۆتان خۆش بوێت هەڕەشە لە ژیانی هاووڵاتییانی ئێمە ناكەن".

بەرلەوەی پلانی هێرشەكەی جێبەجێ بكات، كاتێك بەرەبەیانی ڕۆژی هەینی قاسم سلێمانی گەیشتە بەغداو لەگەڵ دەرچوونی لە فڕۆكەخانە كاروانی ئۆتۆمبێلەكانی لەلایەن ئەمریكاوە بۆردومان كرا، قاسم سلێمانی‌و ئەبومەهدی موهەندیس‌و چەندین بەرپرسی دیكەی حەشدی شەعبی‌و سوپای ئێران كوژران، ئەمڕۆش مەراسیمی بەڕێكردنی تەرمەكانیان لە بەغداوە بۆ كەربەلا ئەنجام درا، تەرمی قاسم سلێمانی دەبرێتەوە بۆ ئێران‌و بڕیارە سبەینێ لەشاری كرمان بەخاك بسپێردرێت.

ڕۆبێرت ئۆبراین، ڕاوێژكاری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریكا، لەبارەی سەردانەكەی سلێمانی بۆ بەغداد دەڵێت، سلێمانی لە دیمەشق دەگەڕایەوە و پلانی بۆ هێرش كردنەسەر هێزەكانی مارێنز و سەربازە ئەمریكییەكان و فڕۆكەوانەكان و دەریاوانەكان و دیپلۆماتكارە ئەمریكییەكان دادەنا.

كوشتنی قاسم سلێمانی كاردانەوەی فراوانی لێكەوەتەوە، بەوپێیەی كەسی یەكەم‌و بەهێزی ئێران بوو لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست‌و زۆر شرۆڤەكاریش بە كەسی دووەمی ئێران لە ناوخۆی ئەو وڵاتەش لەقەڵەمی دەدەن لە دوای عەلی خامنەیی ڕابەری باڵا.

ئێران سێ ڕۆژ ماتەمینی گشتیی ڕاگەیاندووەو هەڕەشەی تۆڵەكردنەوەی تووند دەكات لە "كات‌و شوێنی گونجاودا".

بە ڤیدیۆ؛ کچەکەی قاسم سلێمانی بە گریانەوە لە حەسەن ڕۆحانی دەپرسێت کێ تۆڵەی خوێنی باوکم دەسێنێت؟ لە وەڵامدا ڕۆحانی دەڵێت: مەگریی ھەموومان، ھەموومان تۆڵەی دەسێنین.

ئەو گفتوگۆیە لە کاتی سەردانی ئەمڕۆی حەسەن ڕۆحانی سەرۆک کۆماری ئێران بووە بۆ ماڵی قاسم سلێمانی بە مەبەستی سەرەخۆشیی لە خێزانەکەی.