عادل عەبدولمەهدی: ئەو ڕۆژەی قاسم سلێمانی كوژرا بڕیاربوو لەگەڵیدا كۆببمەوە

05-01-2020 08:14
قاسم سلێمانی - عادل عەبدولمەهدی


پەرەگراف

پەرلەمانی عێراق پڕۆژە بڕیاری دەركردنی هێزەبیانییەكانی لە عێراق پەسندكرد كە ئامانج لێی هێزەكانی ئەمریكایە. عادل عەبدولمەهدی لە كۆبوونەوەكەی پەرلەمان ئامادەبوو و زانیاریی لەبارەی سەردانەكەی قاسم سلێمانی بۆ بەغداد خستە ڕوو، وتی، بۆلا ئەو هاتووەتە عێراق‌و بڕیاربووە كاتژمێر 8:30 خولەكی ئەو بەیانییەی كە كوژرا كۆبوونەوەی لەگەڵ ئەنجام بدایە.

كۆبوونەوەكەی پەرلەمانی عێراق لە ژێر فشاری تووندی لایەنە شیعەكان ئەنجام دراو كوردو سوننەكان بەشدارییان تێدا نەكرد، نزیكەی 170 پەرلەمانتار دەنگیانداو پڕۆژە بڕیارەكەیان پەسەند كرد كە تیایدا هاتووە:

- هەڵوەشانەوەی ئەو داواكارییەی كە پێشتر عێراق ناردبووی بۆ هاوپەیمانی دژی داعش.

- پێویستە لەسەر حكومەتی عێراق كە رێگەنەدات هیچ هێزێكی بیانی بە هەر هۆكارێك بێت خاك و ئاو و ئاسمانی عێراق بەكاربهێنێت.

- سنوورداركردنی چەك لەدەستی دەوڵەتدا.

- وەزیری دەرەوەی عێراق دەبێت لە نەتەوەیەكگرتووەكان سكاڵا لە دژی ئەمریكا تۆماربكات بەهۆی پێشێلكارییە مەترسیدارەكانی ئەو وڵاتە لە دژی عێراق.

- حكومەتی عێراق خێرا لێكۆڵینەوە بكات لە هێرشەكانی ئەمریكا و ئەنجامەكەی بە پەرلەمان ڕابگەیەنێت.

موقتەدا سەدر، ڕێبەری ڕەوتی سەدر كە زۆرترین پەرلەمانتاری لە عێراق هەیە، نامەیەكی ئاڕاستەی پەرلەمان كردو لە كۆبوونەوەكەدا خوێندرایەوە، سەدر پێداگری دەكات لەسەر دەستبەجێ كۆتاییهێنان بە ڕێككەوتنی ئەمنی و داخستنی باڵیۆزخانەی ئەمریكا و بنكە سەربازییەكانی لە عێراق دەكات.

سەدر چەند داواكارییەكی خستەڕوو:

یەكەم: هەڵوەشانەوەی ڕێككەوتننامەی نێوان عێراق و ئەمریكا

دووەم: داخستنی باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە عێراق

سێیەم: داخستنی بنكە سەربازییەكانی ئەمریكا لە عێراق

چوارەم: بەتاوانكردنی هەر جۆرە پەیوەندییەكی عێراق لەگەڵ ئەمریكا

پێنجەم: پێكهێنانی بەرەیەكی بەرگریی بۆ پاراستنی سەربەخۆیی عێراق

شەشەم: پاراستنی باڵیۆزخانەكانی دیكە لە عێراق

حەوتەم: بایكۆتكردنی بەرهەم ئەمریكییەكان لە عێراق

هەشتەم: پێكهێنانی گرووپی بەرگریی لەناوخۆ و دەرەوەی عێراق

سەدر دەڵێت، ئەگەر هاتوو پەرلەمان ئەوانەی پەسەندنەكرد، ئەوان سەربەخۆیی خۆیان ڕادەگەیەنن.

قاسم سلێمانی بۆلای عادل عەبدولمەهدی هاتووەتە بەغداد

عادل عەبدولمەهدی، سەرۆكوەزیرانی عێراق لە كۆبوونەوەكەی پەرلەماندا وتارێكی پێشكەش كردو تێیدا ئەوەی خستە ڕوو، ئەو ڕۆژەی قاسم سلێمانی كوژرا بڕیاربووە بۆ بەیانییەكەی كاتژمێر 08:30 خولەك كۆبوونەوەی لەگەڵ ئەنجامبدات.

عادل عەبدولمەهدی ئاماژەی بەوە كرد، پێشتر عێراق نامەیەكی سعودیەی ناردبوو بۆ كاربەدەستانی ئێران و بڕیاربووە ڕۆژی هەینی قاسم سلێمانی، فەرماندەی فەیلەقی قودسی ئێران وەڵامی ئەو نامەیەی سعودییە بگەیەنێتەوە دەستی سەرۆكوەزیرانی عێراق.

نامەكە پەیوەندیداربووە بە نێوەندگیریی عێراق لەنێوان سعودیە و ئێران سەبارەت بە ئاڵۆزییەكانی ئەم دواییەی ناوچەكە.

بەرەبەیانی ڕۆژی هەینی ڕابردوو، بە فەرمانی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا هەریەكە لە قاسم سلێمانی فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران‌و ئەبومەهدی موهەندیس جێگری سەرۆكی دەستەی حەشدی شەعبی‌و چەند كەسێكی دیكەی ئێرانی‌و حەشد لەشاری بەغداد كوژران. ئەمڕۆ تەرمی قاسم سلێمانی گەیشتەوە ئێران.

ڤیدیۆ؛ لە شاری ئەهواز ئاپۆڕایەكی فراوانی خەڵك لە پێشوازیی تەرمی قاسم سلێمانیدا بوون.