هۆشداریی نوێ لە ئەمریكاوە بۆ ئێران: وەڵاممان بۆ ئێوە دەبێت نەك هێزە وەكیلەكانتان

06-01-2020 08:10


پەرەگراف

ئەمریكا هۆشداریی بە ئێران داوە كە وەڵامی هەر هێرشێك دەدەنەوەو ئەوەش بۆسەر بەرپرسانی باڵاو بڕیاردەر دەبێت لە ئێران نەك هێزە وەكیلەكانیان لە ناوچەكە، ئەو هۆشدارییە هاوكاتە لەگەڵ هەڕەشە بەردەوامەكانی تاران بۆ تۆڵە سەندنەوەی خوێنی قاسم سلێمانی.

"بە ڕژێمی ئێرانمان وت بەسە. ناتوانن بەوە دەربازتان بێت كە هێزە وەكیلەكانتان بەكاربهێنن و وابزانن نیشتمانەكەی خۆتان سەلامەت دەبێت. ئێمە وەڵاممان دەبێت دژی بڕیار دروستكەرە ڕاستەقینەكان، ئەوانەی دەبنە هۆی ئەم هەڕەشەیە لە كۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە" مایك پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریكا وادەڵێت.

پۆمپیۆ بە "ئەندازیاری كوشتنی قاسم سلێمانی" دادەنرێت، ئەوەش بەپێی ڕاپۆرتێكی ڕۆژنامەی واشنتن پۆستی ئەمریكی، كە تێیدا لە زاری بەرپرسانی ئەمریكاوە باس لەوە دەكات، بڕیاری كوشتنی قاسم سلێمانی بەهۆی جەختكردن و سووربوونی مایك پۆمپیۆ بووەو چەندین جار داوای ئەو كارەی لە ترەمپ كردووە، بەتایبەت لە دوای هێرشكردنەسەر باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە بەغداد.

"یەكەم قسەكردنی پۆمپیۆ لەگەڵ ترەمپ لە بارەی كوشتنی سلێمانی چەند مانگێك لەمەوبەر بووە، بەڵام ئەوكاتە سەرۆك و وەزارەتی بەرگریی ئامادە نەبوون ڕەزامەندی لەسەر پڕۆسەیەكی سەربازیی لەو جۆرە بدەن" ئەمە وتەی بەرپرسێكی دیاری ئەمریكییە بۆ واشنتن پۆست.

لە دوای كوشتنی قاسم سلێمانی‌و ئەبومەهدی موهەندیس‌و یاوەرەكانیان لە سوپای پاسداران‌و حەشد، دۆخی ناوچەكە گۆڕانكاریی خێرا بەخۆیەوە دەبینێت‌و بەردەوام هەڕەشەی كاردانەوەو ئەگەری هەڵگیرسانی جەنگێكی گەورە دێتەبەرباس.

لە نوێترین پەیامی جەنگییدا، ئێران ڤیدیۆی "كوشتنی ترەمپ"ی بڵاوكردەوە وەك ئاماژەیەك بۆ دەستپێكردنی جەنگ.

ئاژانسی فارس نیوزی ئێرانی گرتەیەكی ڤیدیۆیی ئامادەكراوی بڵاوكردەوە كە تێیدا وەك كاردانەوەی كوشتنی قاسم سلێمانی، ئەوان ترەمپ دەكوژن، لەسەرەتای ڤیدیۆكەدا نووسراوە "هێی ئەمەریكا، ئەگەر تۆ دەست بە جەنگەكە بكەیت، ئەوا ئێمە كۆتایی پێ دەهێنین"، لە كۆتاییشدا بە ناوی خوای گەورە كۆتایی بە ڤیدیۆكە دێت، ئەوەش ئاماژەیەكە بۆ سەرەتا دەستپێكردنی جەنگ.

بڵاوكردنەوەی ڤیدیۆكە هاوكاتە لەگەڵ هەڕەشە بەردەوامەكانی دەسەڵاتدارانی ئێران كە تەئكید دەكەنەوە لەوەی، تۆڵەی خوێنی قاسم سلێمانی دەكەنەوەو هێرشی سەربازیی دەكەنەسەر ئەمریكاو بەرژەوەندییەكانی ئەو وڵاتە.

عەلی ئەكبەر ویلایەتی، ڕاوێژكاری ڕێبەری باڵای ئێران ئەمڕۆ ڕایگەیاند "بە پەیڕەوەكانی ڕێگای بەرخۆدان دەڵێم كە بەزوویی تۆڵەی خوێنی شەهید سەردار سلێمانی دەكەینەوە".

ویلایەتی هەڕەشەی ئەوەش دەكات كە ناوچەكە دەكەنە "ڤێتنامێكی دیكە" بۆ ئەمریكا، "دەبێ ئەمریكییەكان، هاوپەیمانەكان و پەیڕەوەكانیان لە ناوچەكە بزانن بەو كارەی دۆناڵد ترەمپ بە دڕندەیی و گەمژەیی كردوویەتی، ئەم هاوسەنگییە هەستیار و لاوازەی ناوچەكە تێكدەچێت و بە شێوەیەكی تر هاوكێشەكانی ناوچەكە دەنووسرێتەوە كە بێگومان لە بەرژەوەندی ئەمریكا و هاوپەیمانەكانی نییە".

هێشتا تەرمی قاسم سلێمانی‌و ئەبومەهدی موهەندیس بەخاك نەسپێردراوەو ئەمڕۆ لەناو لەناو ئاپۆڕای ملیۆنیی خەڵكی ئێراندا تەرمەكان گەیشتنە تاران‌و بە پێشنوێژیی عەلی خامنەیی ڕابەری باڵا، نوێژی مردوویان لەسەر كراو خامەنەیی‌و بەرپرسانی دیكەی ئێران بە كوڵ بۆیان گریان.

لەگەڵ هەڕەشە بەردەوامەكانی ئێران بۆ تۆڵەكردنەوە لە ئەمریكا، گروپە چەكدارەكانی نزیك لە ئێران لە وڵاتانی دیكەش پەیامی هەڕەشە ئامێزو تۆڵەسێن ئاڕاستەی ئەمریكا دەكەن، لەوانەش گروپە چەكدارە شیعەكان لە عێراق‌و یەمەن‌و حیزبوڵڵای لوبنان.

لە كاردانەوەی ئەو هەڕەشانەشدا، دۆناڵد ترەمپ ڕایگەیاند، ئەگەر ئێران هێرش بكاتەسەر هەركەسێكی ئەمریكی یان پێگەیەكیان، زۆر خێراو بەتووندی وەڵامی دەدەنەوە. هاوكات ترەمپ ئەوەی خستووەتە ڕوو كە ئەمریكا 52 شوێنی گرنگی ئێرانی دەستنیشان كردووە بۆ لێدان.

هێشتا كات‌و چۆنیەتیی وەڵامدانەوەی ئێران بۆ كوشتنی قاسم سلێمانی دیار نییەو بەرپرسانی ئێران پێشتر گوتوویانە لە "كات‌و شوێنی گونجاو" وەڵامیان دەبێت، بەڵام بەرپرسە سەربازییەكانی ئێران دەڵێن، وەڵامەكەیان سەربازیی‌و لە ئاست كوشتنی كەسێكی وەك قاسم سلێمانیدا دەبێت.