پەرلەمانتارانی ئێران بۆ خامنەیی: تۆڵەی بە زەبرو سەربازیی بە زووترین كات

07-01-2020 04:55
خامنەیی‌و بەرپرسانی باڵای ئێران لەسەر تەرمی قاسم سلێمانی


 پەرەگراف

پەرلەمانتارانی ئێران لە نامەیەكدا بۆ عەلی خامنەیی ڕابەری باڵای وڵاتەكەیان داوا دەكەن، تۆڵەی بە زەبرو گەورە لە ئەمریكا بە شێوەی ڕاستەوخۆ و سەربازیی بێت و بە زووترین كات جێبەجێ بكرێت.

نامەكە دوای كۆبوونەوەی ئەمڕۆی پەرلەمان ئاڕاستەی خامنەیی كراوە، پەرلەمانی ئێران لە كۆبوونەوەكەیدا بڕیاری تۆڵەسەندنەوەی خوێنی قاسم سلێمانیی پەسەند كرد، ھەروەھا سوپای ئەمریكای بە تیرۆریست ناساند، بڕیارەكان بە دروشمی "مەرگ بۆ ئەمریكا" و "نە سازش نە تەسلیم بوون" پەسەند كران.

عەلی لاریجانی سەرۆكی پەرلەمانی ئێران ڕایگەیاند، شەوی ڕابردوو مۆڵەتیان لە خامنەیی وەرگرتووە كە بڕی ٢٠٠ ملیۆن یۆرۆ لە سەرچاوەكانی سندوقی گەشەی نەتەوەیی بۆ سوپای قودس تەرخان بكرێت.

پەرلەمانتارانی ئێران لە نامەكەیاندا بۆ خامنەیی، كوشتنی قاسم سلێمانی بە خاڵی وەرچەرخان ناو دەبەن لە بەرەنگاربوونەوەی ئەمریكا، لە نامەكەدا دەڵێن "ئەوان بە شەهیدكردنی یەكێك لە باڵاترین بەرپرسانی ئێران و قبوڵكردنی بەرپرسیارێتیەكەی بە فەرمیی، لە دوای ئەوەوە بوون كە كۆماری ئیسلامی ئێران سووك بكەن و گومان لەوەدا نییە كە ئاستی كاردانەوەی ئێران بەم كارە تیرۆریستیە لە ئاستی ناوچەكەو جیهان دەبێت".

پەرلەمانتاران ئەم دوو داواكارییەیان ئاڕاستەی خامنەیی كردووە:

یەكەم؛ تۆڵەی بە زەبر زەروورییە كە هەر وەك خۆتان وتتان دەبێ ئەم تۆڵە كردنەوە ئەوەندە گەورە بێت كە تاڵییەكەی لە زەینی هەموو دژبەران بە تایبەتی ئەمریكا بمێنێتەوە تاوەكو ببێتە ڕێگر لە بەردەم تەشهیری دووبارەی ئەوان بە نیشتمان و سەربازانی وڵاتەكەمان.

دووەم؛ ئەم تۆڵە بەزەبرە لە كاتی پێویست بە شێوەی ڕاستەوخۆ و سەربازی بێت و بە زووترین كات جێبەجێ بكرێت كە بێگومان هەژمونی لاستیكی ئەمریكا تێكدەشكێنێت و بەرپرسانی دەوڵەتی ئەمریكا تا سەرئێسقان هەستی پێدەكەن و دەفامن كاتی لێدەو بڕۆ تەواو بووە.

سوپای پاسداران: تۆڵەیەكی سەخت لە ئەمریكا دەكەینەوە

تەرمی قاسم سلێمانی ئەمڕۆ گەیشتەوە شاری كرمان كە زێدی لە دایكبوونی خۆیەتی بە مەبەستی ناشتنی، لە مەراسیمی بەڕێكردنی تەرمەكەیدا بەهۆی قەرەباڵغی‌و پاڵە پەستۆوە زیاتر لە 30 كەس گیانیان لەدەستداو نزیكەی 200 كەسی دیكە بریندار بوون، بەوهۆیەشەوە ناشتنی تەرمی قاسم سلێمانی دواخرا.

گواستنەوەی قوربانییانی ڕووداوەکەی مەراسیمی ناشتنی قاسم سلێمانی

لە مەراسیمی بەڕێكردنی تەرمەكەدا لە كرمان، حسێن سەلامی فەرماندەی گشتیی سوپای پاسداران، ڕایگەیاند: تۆڵەیەكی سەخت، پتەو، پەشیمان كەرەوە و تەواوكەر لە ئەمریكا دەكەینەوە.

سەلامی، قاسم سلێمانی بە سیمبۆلی بەرخۆدان و پشتیوانیی لە ستەملێكراوان و چەوساوەكان لە قەڵەم دا، وتی "ئەو جوگرافیای یەكپارچەی جیهانی ئیسلامی پاراست و ڕێگەی نەدا دوژمنە زایۆنییەكان و ئەمریكای جەنایەتكار كە دەسەڵاتی خۆیان لە دابەشكردنی وڵاتانی مسوڵمان و بچووك كردنەوە و لاواز كردنی ئەوان دەبینن، خەونی بەتاڵیان بێتە دی. ئەو ڕێگەی نەدا ئەمریكییەكان بە سەر عێراقدا زاڵ بن".

فەرماندەی گشتی سوپای پاسداران وتیشی "دووبارە دەیڵێمەوە، ورەی ئێمە پتەوە. بە دوژمنەكانیشمان دەڵێین، تۆڵە دەكەینەوە، بەڵام ئەگەر جووڵەیەكی دیكە بكەن، ئەو شوێنەی زۆر خۆشتان دەوێت، ئاگربارانی دەكەین و خۆتان دەزانن ئەو شوێنە كوێیە".