"لە هێرشەكەی ئێراندا هیچ ئەمریكییەك بەرنەكەوتووە"

08-01-2020 05:16


پەرەگراف

كۆبوونەوەی ئەمریكا بەسەرۆكایەتی دۆناڵد ترەمپ لەبارەی هێرشەكانی ئێران بۆسەر بنكە سەربازییەكانیان لە عێراق كۆتایی هات، ترەمپ گوتار پێشكەش ناكات‌و كۆشكی سپی هیچ ڕاگەیەندراوێكی نابێت.

میدیاكانی ئەمریكا دەڵێن: لە هێرشەكەی ئێراندا هیچ ئەمریكییەك بەرنەكەوتووەو هێزەكانی ئەمریكا هیچ كوژراو و بریندارێكیان نییە.

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمریكا دوای مووشەكبارانەكەی ئێران، سەرۆكایەتی كۆبوونەوەیەكی لە كۆشكی سپی كردووە كە هەریەكە لە جێگری سەرۆكی ئەمریكا، وەزیری بەرگری، وەزیری دەرەوە و ڕاوێژكاری ئاسایشی نیشتمانی ئەمریكا بەشداربوون.

چاوەڕوان دەكرا، لەدوای كۆبوونەوەكە ترەمپ لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا گوتاری هەبێت، بەڵام كۆشكی سپی ڕایگەیاند، كۆنگرە ڕۆژنامەوانییەكە ئەنجام نادرێت‌و هیچ ڕاگەیەندراوێكیشیان نییە.

چەند كاتژمێرێك لەمەوبەر سوپای پاسدارانی ئێران بە چاودێریی ڕاستەوخۆی عەلی خامنەیی مووشەكبارانی بنكەی عەین ئەسەدو هەولێری سوپای ئەمریكای كرد، ئێران ڤیدیۆی ساتی هێرشەكەی بڵاوكردەوەو بە فەرمیی "سەركەوتن"ی ڕاگەیاند.

هاوكات ئێران هەڕەشەی هێرشكردنەسەر ئەمریكاو دوبەی‌و حەیفای كرد.

كەناڵی سی ئێن ئێنی ئەمریكی دەڵێت: سوپای پاسدارانی ئێران لە كەناڵی تەلەگرامی خۆیەوە هەڕەشەی ئەوە دەكات ئەگەر خاكی وڵاتەكەی بۆمباران بكرێت، ئەوانیش هەردوو شاری دوبەی لە ئیمارات‌و حەیفا لە ئیسرائیل دەكەنە ئامانجی هێرشەكانیان.

بەرلەو هەڕەشەیەش پاسداران هەڕەشەی ئەوەی كردبوو ئەگەر ئەمریكا وەڵامی هێرشەكانی ئەمشەویان بداتەوە، ئەمجارەیان ئێران وەڵامدانەوەی بۆ ناو خودی ئەمریكا دەبێت.

وەزارەتی بەرگریی ئەمریكا لەبارەی هێرشەكەوە ڕایگەیاند: ئێران زیاتر لە ١٢ مووشەكی ناوە بە ئەمریكاو ھاوپەیمانانەوە لە عێراق، ڕوونە كە سەرچاوەی مووشەكەكان لە ئێرانەوە بووەو هەڵسەنگاندن بۆ زیانەكان دەكەن.

لەگەڵ هێرشەكانی ئێراندا، فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران لە تەلەگرامی خۆیەوە ڕایگەیاند: حەشدی شەعبی لە عێراق ئۆپەراسیۆنی دژی ھێزەكانی ئەمریكا لە خاكی عێراق دەستپێكردووە.

هەرلە چوارچێوەی هێرشەكانی ئەمشەودا، فڕۆكەی سەربازیی ئەمریكی بە چڕیی بە ئاسمانی بەغدادەوە بوون، هاوكات ئاژانسی هەواڵی فەرمیی سوریا ڕایگەیاند، فڕۆكەی ئەمریكی لە ئاسمانی نێوان عێراق‌و سوریا بە چڕی دەسوڕێنەوە بە جۆرێك كە پێشتر بەوجۆرە پێشینەی نەبووە.