عادل عەبدولمەهدی: هێرشەكەی ئێران هیچ زیانێكی گیانیی نەبووە

08-01-2020 01:48
ساتی مووشەكبارانەكەی ئێران


پەرەگراف

سەرۆكوەزیرانی عێراق ڕایگەیاند، ئێران بەرلەوەی هێرشە مووشەكییەكەی ئەنجام بدات ئاگاداریان كردووەتەوەو هێرشەكەش هیچ زیانێكی گیانیی بۆ لایەنی عێراقی‌و هاوپەیمانانیش نەبووە.

عادل عەبدولمەهدی لە بەیاننامەیەكدا ئەوەی خستە ڕوو، كەمێك بەر لە ناوەڕاستی شەوی چوارشەممە، نامەیەكی زارەكیی لەلایەن كۆماری ئیسلامی ئێرانەوە پێگەیشتووە لەبارەی ئەوەی وەڵامدانەوەی ئێران سەبارەت بە كوژرانی قاسم سلێمانی پاش كەمێكی تر دەست پێدەكات.

"پێیان وتم گورزەكە تەنیا شوێنی جێگیربوونی هێزە ئەمریكییەكان دەگرێتەوە، بەبێ ئەوەی شوێنەكان دیاری بكەن. لە هەمان كاتدا بەدیاریكراوی لایەنی ئەمریكی پەیوەندییان پێوەكردین و موشەكەكان لە بنكەی عەین ئەسەد لە ئەنبارو حەریر لە هەولێرو لە شوێنەكانی تر كەوتنە خوارەوە" عادل عەبدولمەهدی وادەڵێت.

سەرۆكوەزیرانی عێراق دەشڵێت، لەگەڵ گەیشتنی هەواڵەكەدا فەرماندە سەربازییەكانی عێراقیان ئاگاداركردووە كە ڕێوشوێنی پێویست بگرنەبەر، "تائێستا هیچ زیانێكی گیانی لە لایەنی عێراق و لە لایەنی هێزكانی هاوپەیمانانیش نەبووە. حكومەت بەردەوامە لە هەوڵەكانی بۆ ڕێگریكردن لە ئاڵۆزبوونی بارودۆخەكەو پێشێلكردنی سەروەری عێراق".

چی ڕوویدا؟

شەوی ڕابردوو سوپای پاسدارانی ئێران بە چاودێریی ڕاستەوخۆی عەلی خامنەیی مووشەكبارانی بنكەی عەین ئەسەدو هەولێری سوپای ئەمریكای كرد، ئێران ڤیدیۆی ساتی هێرشەكەی بڵاوكردەوەو بە فەرمیی "سەركەوتن"ی ڕاگەیاند.

لەگەڵ ئەنجامدانی هێرشەكەدا كۆشكی سپی ئەمریكا ڕایگەیاند ئاگاداری هێرشەكەن‌و دۆناڵد ترەمپ لە نزیكەوە چاودێریی دۆخەكە دەكات، ڕاستەوخۆش كۆبوونەوەی باڵای ئەمریكا ئەنجام درا، دوای كۆبوونەوەكە ترەمپ گوتاری پێشكەش نەكرد‌و كۆشكی سپی هیچ ڕاگەیەندراوێكی نەبوو.

هەرزوو، میدیاكانی ئەمریكا ڕایانگەیاند، لە هێرشەكەی ئێراندا هیچ ئەمریكییەك بەرنەكەوتووەو هێزەكانی ئەمریكا هیچ كوژراو و بریندارێكیان نییە. دوای چەند كاتژمێرێكش ترەمپ لە توویتێكدا وتی: هەمووشتێك سەلامەتە.

ئێران لەگەڵ هێرشەكەدا هەڵمەتی ڕاگەیاندن‌و هەڕەشەی چڕی دەستپێكرد، هاوكات ئێران هەڕەشەی هێرشكردنەسەر ئەمریكاو دوبەی‌و حەیفای كرد.

كەناڵی سی ئێن ئێنی ئەمریكی بڵاویكردەوە، سوپای پاسدارانی ئێران لە كەناڵی تەلەگرامی خۆیەوە هەڕەشەی ئەوە دەكات ئەگەر خاكی وڵاتەكەی بۆمباران بكرێت، ئەوانیش هەردوو شاری دوبەی لە ئیمارات‌و حەیفا لە ئیسرائیل دەكەنە ئامانجی هێرشەكانیان.
بەرلەو هەڕەشەیەش، پاسداران هەڕەشەی ئەوەی كردبوو ئەگەر ئەمریكا وەڵامی هێرشەكانی ئەمشەویان بداتەوە، ئەمجارەیان ئێران وەڵامدانەوەی بۆ ناو خودی ئەمریكا دەبێت.

وەزارەتی بەرگریی ئەمریكا لەبارەی هێرشەكەوە ڕایگەیاند: ئێران زیاتر لە 15 مووشەكی ناوە بە ئەمریكاو ھاوپەیمانانەوە لە عێراق، ڕوونە كە سەرچاوەی مووشەكەكان لە ئێرانەوە بووەو 10یان نراون بە بنكەی عەین ئەسەد‌و یەك دانەیان بە بنكەی هەولێرو چواری دیكەشیان ئامانجیان نەپێكاوە.