30 هەمین دانیشتنی دادگا لەسەر سكاڵای چاودێری دارایی لە دژی شارەوانی سلێمانی دواخرا

08-01-2020 08:58


پەرەگراف

30 هەمین دانیشتنی دادگا لەسەر دۆسیەی سكاڵای دیوانی چاودێری دارایی سلێمانی لەسەر قادر حەمەجان عەزیز سەرۆكی پێشووتری شارەوانی سلێمانی دواخرا. ئەوە لەكاتێكدایە زیاتر لە 15 ساڵە ئەم دۆسیەیە لە دادگایەو هێشتا بە ئەنجام نە گەیشتووە.

سەرچاوەیەكی ئاگادار لە دۆسیەكە بۆ پەرەگراف ئەوەی خستە ڕوو، بڕیار بوو ئەمڕۆ لە دادگای سلێمانی 30هەمین دانیشتن لەسەر دۆسیەی سكاڵای دیوانی چاودێری دارایی سلێمانی لە دژی شارەوانی سلێمانی بەڕێوەبچێت، "بەڵام بەهۆی ئەوەی دادوەری دۆسیەكە داوای بەخشینی كردبوو لەو كەیسەدا، دانیشتنەكە ئەنجام نەدرا تا ئەو كاتەی دۆسیەكە دەچێتە لای دادوەرێكی دیكە، بەو هۆیەشەوە دانیشتنی دادگا بۆ كاتێكی نادیار دواخرا".

بەھۆی ئاڵۆزیی دۆسیەكەوە پێشتریش چەندین دادوەری دیكە لەو دۆسیەیە كشاونەتەوەو داوای بەخشینیان كردووە.

هاوكات سەرچاوەیەكی دیكە كە بەوردیی ئاگاداری دۆسیەكەیە بۆ پەرەگراف، وتی "دۆسیەی سكاڵای دیوانی چاودێری دارایی سلێمانی لەسەر قادر حەمەجان عەزیز پەیوەندی بە تۆمەتباركردنیەوە هەیە بە سەرپێچی و گەندەڵی و لادانی ئیداری‌و یاسایی كە لەسەردەمی ناوبراودا لە شارەوانی سلێمانی ئەنجام دراوە".

سكاڵاكەی دیوانی چاودێری دارایی لەسەر قادر حەمەجان ساڵی 2004 تۆماركراوە، كاتێك جەلالی سام ئاغا سەرۆكی دیوانی چاودێری دارایی بووە.

لەسەردەمی سەرۆكایەتی جەلالی سام ئاغادا دیوانی چاودێری دارایی سلێمانی 2 هەزارو 720 ڕاپۆرتی لەسەر گەندەڵی ئامادەكردووە، بەدەر لەو ڕاپۆرتانە، دیوانی چاودێری دارایی هەرلەو سەردەمەدا 86 كەسی لەسەر گەندەڵی‌و سەرپێچی یاسایی‌و ئیداریی داوە بە دادگا كە زۆربەیان بەرپرسانی باڵای حكومەت بوون.

"بەڵام لە دادگا بە هۆكارێك كە نادیارە وەرگرتنی ڕێكار بەرامبەر ئەو كەسانە وەستێندراوە"، سەرچاوەكە وای وت.

كارنەكردن لەسەر ڕاپۆرتەكانی دیوانی چاودێری دارایی‌و دادگایی نەكردنی ئەو كەسانەی سكاڵایان لە دژ تۆمار كراوە، لەكاتێكدایە بەرپرسانی باڵای هەرێم لە چەندین بۆنەدا دانیان بە بوونی گەندەڵیدا ناوە لە ئاستی فراواندا‌و بەڵێنی ڕوبەڕوبوونەوەیان داوە، بەڵام بەكردار ڕێكاری پێویستیان لەوبارەیەوە نەگرتووەتەبەر.

ئەنجامدانی چاكسازی‌و ڕوبەڕوبوونەوەی گەندەڵی، لەدوای ڕوخانی ڕژێمی بەعسەوە‌و بەتایبەتتر لەسەرهەڵدانی ئۆپۆزسیۆنەوە بە بەهێزیی لەساڵی 2009، بەردەوام دروشم‌و بنەمای زۆربەی پڕۆژەكانی حزب‌و حكومەت بووە.

لەپاڵ ونبوونی دەرئەنجامی پڕۆژەكانی چاكسازی‌و ڕوبەڕوبونەوەی گەندەڵی لە كوردستان، كەسانی كەمتەرخەم یان تۆمەتبار بەگەندەڵیش دیارنین، خەڵكی هەرێم تائێستا بینەری ئەنجامی دادگاییەك دەربارەی ئەو جۆرە كەسانە نەبوون كە لەئاست قەبارەی گەندەڵییەكەدا بێت، بەتایبەت بۆ بەرپرسانی باڵا‌و دەسەڵاتدار.